نووسەر: هۆگر
ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییانەی کاسبکاران لە تاران و چەند شارێکی تر لەسەر دۆخی ئابوری لە کاردانەوە بە هاتنەخوارەوەی نرخی ڕیاڵ و بە ئاکام نەگەیشتنی وتووێژەکانی ناوەکی (بەهۆی زیادەخوازییەکانی دەسەڵات لە بەرانبەر زلهێزەکانی جیهان ) ئەتوانێ ببێتە خاڵی وەرچەرخانی عەمەلی و کاریگەر بۆ پەیوەندیدانی ناڕەزایەتیە پەرتەوازەکانی چین و توێژ و پۆلە پیشەییەکانی خەڵکانی ئێران لە پێناو یەکگرتن بۆ شۆرشێکی چارەنوس ساز دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندی.
لە سەرەتای شۆڕشی گەلان لە ساڵی µ· و لە زۆربەی قۆناغەکاندا بە تایبەت پشتیوانی لە مانگرتنی فەرمانبەرانی کەرتی نەوت و پێترۆشیمی ، پڕوپاگاندای بەربڵاو بە سوودی خومەینی، حەوت ساڵ شەڕی خەسارەهێنەر لە گەڵ عێراق و تەنانەت سەرکووت کردنی نەتەوەکانی پەراوێز و چین و توێژە ناڕازیەکان، (بەشی دەسەڵاتداری پێبەندی رژیم لە ناو بازاڕدا) بە هەموو هێزیەوە پشتیوانی مادی ئاخوندەکان و میللی مەزهەبیەکان بوون و بوونەتە هۆی هرۆژمی ئاخوندان بۆ بە دەست هێنان و قۆرغەکردنی تەواوی دەسەڵاتی وڵات. پۆلی دەسەڵاتدار و نزیک لە ناوەرۆکی دەسەڵاتی رژیم لە بازاڕدا وەک لایەنی مەزهەبی و بناژووخواز کە بریتین لە ئەندامانی حیزبی موئتەلەفە و ژوورەکانی بازرگانی و تیمەکانی ئابووری سوپای پاسداران پەیوەندییەکی مێژوویی و بەردەوامیان پیکەوە بووە و لەو ماوەدا بەریان بە درووست بوونی دەسەڵات و کرێدیتی لە نێوان پیشەنگکاران و بازرگانانی دەروەوەی دەسەڵات گرتووە.
لەم ڕۆژانەی دواییدا بەشیوەیکی دەگمەن کاسبکاران و بازرگانانی ورد لە تاران, ئیسفەهان, ئەراک و ... لە شەقامەکاندا ناڕەزایەتیان دەربڕی و بە شیوەی پەرتەوازە دەستیان دایە مانگرتنی و بوونە هۆی پەشێوی و ترسی دەسەڵات. وێرای ئەوەی کە هاوکات بەیاننامەی هۆشداری و ناڕەزایی کۆمەڵگای پزیشکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاو کرایەوە کە لە جۆری خۆیدا بێ وێنەو شایانی تێڕوانین بوو.
پێکهاتەی سوننەتی کۆمەڵگای ناوەندی ئێران واتە پارێزگاکانی ناوەند کە کۆی گشتی سەروەت و سامان و هێزی وڵات لەوێ کۆ بوەتەوە, لەو توێژ و پۆلە پیشەییانە پێک هاتووە کە زۆربەیان بە یەکتر و هەروەها بە ناوەندی دەسەڵاتەوە پێوەند بوون. بازاڕ وەکوو دامەزراوەێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری بە تایبەت لە تاران, مەشهەد و ئیسفەهان و شارە ناوەندییەکانی دیکە، دامەزراوەێکی سەرەکی لە پێوەندی نێوان ئابوری ناوخۆیی و دەرەکی لەگەڵ لوتکەی دەسەڵاتدان.
ئیستە بازاڕ لە سەر هەڵاوسانی ئابووری و دۆخی گرانی و نەبوونی کڕیار بەبۆنەی گەمارۆە ئابورییەکان و هاتنەخوارەوەی بایەخی پووڵی میللی, ناڕازییە. توانای کڕینی خەڵک کەمتر بۆتەوە سەرەڕای بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخەکان بەبۆنەی گرێدراوی ئابووری ئێران بە نرخی دۆلار و بچوکتر بوونی کۆگاکانی کالا و لەدەست دانی کڕیاران بەبۆنەی فەقری گشتگیر, بەرچاوڕوونیەک و هیواداریەک لەسەر بابەتی دانووستانەکان و ڕیکەوتنەکان بوونی نییە و هەناردەکرنی کەلوپەل کە زۆربەی لە ناوەندە بۆ دەرەوەی وڵاتە بووە گەیشتۆتە کەمترین ئاستی خۆی. ئاڵۆزی و قەیران لە بازار و بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بە گشتی لەکاتێکەوە گەیشتۆتە لووتکەی خۆی کە دەرکەوت دراوی فرۆشی بەرهەمەکان ناگەڕێتەوە بۆ ناوخۆی وڵات و هەواڵێکیش لە بەربوونی پارە بلۆکە کراوەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات نییه. بەو پێیە لەم دۆخەدا تیمی ئابوری ڕەئیسی جگە لە چاپ کردنی پووڵی بێ پشتیوان و دروست کردنی ڕەقەم و سفری خەیاڵی لە تۆڕی بانکی و فشاری ماڵیاتی لە سەر خەڵک و مووچەخۆر و بەرهەم هینەران, بازەرگانەکان, جوتیاران و توێژی زوڵم لێ کراوی دیکە, هیچ ڕێگایەکی بۆ مانەوەی خۆی نییە و هەر ئەوەش بوەتە هۆی پاشەکشەی مێژوویی ئابووری لە بازاڕەکانی ئێران . هەر وەها بە پەرەسەندنی گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و کەم بوونی فرۆشی کاسبکاران و ماڵیاتی بێ وێنە بۆتە هۆی بەرز بوونەوەی دەنگی ناڕەزایەتی بازاڕیەکانی لە سەر شەقامەکان. هەر ئەم ناڕەزایەتیانە لە ئیستەدا پۆل و پیشەکانی دیکە و توێژەکان و دامەزراوە ئابوریی و کۆمەڵایەتیەکانی نزیک بە ئێلیگارشی دەسەڵاتی گرتۆتەوە کە بۆ نمونە کۆمەڵگای پزیشکیشی بۆ یەکەم جار پاش ئەم هەموو ساڵە زۆڵم بە چین و تۆێژە چەوساوەکان هێناوەتە دەنگ کە ئیستە دیدگایەکی ڕووناکتری لەدرێژەی دۆخی ئێستا و داهاتوو لە پێش چاوی خۆی وێنا کردووە و سەرەڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی لە لوتکەی دەسەڵات (دەستەو تاقمەکانی ئاخوندی و سپاهی) لەسەر زەروورەتی گۆڕانکاری گشتی و سیاسی وریایی ئەدات.
لێرەیە کە بازاڕ وەکوو ناوندی پێوەندی ئابووری لە نێوان خەڵک و دەسەڵات و کۆمەڵگای پزیشکی وەکوو توێژێکی پسپۆڕ و کاریگەر لە تەندروستی کۆمەڵگادا، دەتوانێ لە قوناغی ئاگادار کرنەوە بۆ قۆناغی مانگرتن و بەشداری کردن لە ناڕەزایەتیەکاندا بچن و بەشداری لە ناڕەزایەتیەکانی سەر شەقام بکەن و پەیوەست بن بە توێژەکانی دیکە وەک مامۆستایان, کرێکاران، خانەنشێنان و ماڵدزراوەکان و هتد... و پریشکی شۆرشێکی جەماوەری دژ بە دەسەڵات لە قۆناغی وێناکردن و ئاگادار کردنەوە ببەنە قۆناغی کردەوە و پراکتیک.