یه‌ک شه‌مه‌ 

4 سه‌رماوه‌ز2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان (26ی خەرمانانی 1395)

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان (26ی خەرمانانی 1395)

__ میداڵی زێڕی پارائۆلەمپیک لە ملی ورزشوانێکی کورد کرا
__ سێ هەواڵی ناخۆش سەبارەت بە کرێکارانی کوردستان
__ هەنگی سنووری بە کوشتنی هاووڵاتییەکی کورد تاوانبار کرا
__ 22 رێکخراوی نێودەوڵەتی داوا لە ئێران دەکەن سزای لەسێدارەدان رابگرێت
__ نادیە موراد وەک باڵوێزی نەتەوە یەکگرتوەکان دەستنیشان دەکرێت
__ گەڕانەوەی تەرمی پاسدارانی بەکرێگیراوی سپای فودس لە سوریا
__ پەسەند کردنی رێکەوتنامەی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ تەحریمی لێپرسراوانی رژیم بە هوی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ
__ پاکستان: لەپەلامارێکی خۆکوژیدا لەنوێژی هەینی 25 کەس کوژران
__ ئەمەریکا: بەهۆی هەستیارییەوە رێکەوتنەکەی سوریا بڵاوناکەینەوە
__ ئەمریکا ٣٨ ملیار دۆلار بە ئیسرائیل دەدات و نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنەی لێدەگرێت

 

 

 

میداڵی زێڕی پارائۆلەمپیک لە ملی ورزشوانێکی کورد کرا

 

وەرزشوانێکی کورد بە مسۆگەر کردنی میداڵی زێڕ بۆخۆی، وەکوو بەهێزترین وەرزشوانی پارائۆلەمپیک ناسێندرا.سیامەند ڕەحمان، وەرزشوانی قورسایی هەڵگر، لە جووڵەی چوارەم، بە هەڵگرتنی کێشی ٣١٠  کیلۆ، میداڵی زێڕی دەستەی ١٠ ٧ی بەدەست هێنا.ناوبراو لە حەوتەمین ڕۆژی یارییەکانی پارائۆلەمپیکی ٢٠ ١٦ی شاری ڕیو، بە بەبەرزکردنەوەی قورسایی ٢٧٠  کیلۆ، لە یەکەم جووڵەدا، ڕێکۆردی پارائۆلەمپیکی بە ناوی خۆی تۆمار کرد و میداڵی زێڕی بردەوە.سیامەند ڕەحمان لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، لە شاری شنۆ سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لەدایک بووە.لە دەستەی هەڵگرتنی باڵاترین قورسایی، ٧ وەرزشوانی دیکە بەشدار بوون، کە وەرزشوانانی میسر و ئۆردۆن پلەکانی دووهەم و سێهەمیان بەدەست هێنا.کاروانی وەرزشیی ئێران لە پازدەهەمین یارییەکانی پارائۆلەمپیکی ٢٠ ١٦، (٦ زێڕ، ٦ زیو و ٤ بڕۆنز)یان بەدەست هێناوە.کاروانی ١١١کەسیی ئێران لە پازدەهەمین دەورەی یارییەکانی پارائۆلەمپیکی ٢٠ ١٦، کە شاری ڕیۆی وڵاتی برێزیل بەڕێوەچوو، بەشدار بوون.وڵاتی ئێران لە حاڵی حازردا لە پلەی چوارەمی ئەو یارییانەدایە.سیامەند ڕەحمان پێشتر، لە یارییەکانی پارائۆلەمپیکی شاری لەندن -٢٠ ١٢- بەهەڵگرتنی قورسایی ٢٨٠  کیلۆ، توانیبووی ڕێکۆردی قورسایی پارائۆلەمپیک بەرزکاتەوە.

 

 

 

 

سێ هەواڵی ناخۆش سەبارەت بە کرێکارانی کوردستان

 

کرێکارێک کە لەلایەن خاوەنکارەکەیەوە لە سەر کارەکەی وەدەرنرابوو، بە خواردنی دەرمان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممەی حەوتووی ڕابردوو، یەکێک لە کرێکارەکانی وەدەرنراوی کارگەی نیک ئەلیافی شاری دیواندەرە، بە هۆی دۆخی ناڵەباری ژیان و گوزەرانیەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.شوناسی ئەو کرێکارە تەمەن ٤٥ ساڵە، بە ناوی بەستام قەزایی کوڕی مەڵا ئەحمەد خەڵکی گۆندی نسارە ڕاگەیەندراوە و خاوەنی چوار منداڵە کە دوو لەو منداڵانە کەمئەندامی زکماگن.هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند: بەستام قەزایی ماوەی نزیک بە ٧ مانگ پێش لە کارگەی "گونی بافی" وەدەرنراوە و لەو ماوەیەشدا لەگەڵ کێشەی سەختی ژیان و گوزەران بەرەوڕوو بووەتەوە.ئەو کرێکارە دیواندەرەییە، بە خواردنی حەبی ژەهراوی دەستی داوەتە خۆکوژی.هەواڵی خۆکوژیی ئەو کرێکارە لەکاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە پێشتر خاوەنکاری ئەو کارگەیە باسی لە دامەزراندنی ٤٠  کرێکار و وەگڕخستنەوەی کارگەی کیسەی پلاستیکیی شاری دیواندەرە کردبوو.هەروەها بەپێی هەواڵێک کە بە هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە، ڕووداوی کار لەکارگەی "سیمانی درودی" شاری لوڕستان، گیانی کرێکارێکی ئەستاند و کرێکارێکی دیکەی کردە قوربانی.شوناسی ئەو کرێکارە بە ناوی حەمید ڕەسوول خانی ڕاگەیەنراوە، کە ڕۆژی پێنج‌شەممە بە گوشاری مادەی تواوەی سیمان، لە بەرزایی ٥٠  مێتری کەوتووەتە خوارەوە و گیانی داوە.هەواڵدەریی ئیلنا، بێ‌ئاگایی خۆی لە مەڕ بارودۆخی تەندروستیی محەممەد لەشنی کارێکاری بریندار بووی ڕووداوی کار لە شاری درود دەربڕی و ڕایگەیاند کەØ› ناوبراو بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئیسفەهان گوازراوەتەوە.لەلایەکی دیکەوە، تەقینەوەی قازانێکی کۆن و ناستاندرادی هەڵم لە کارگەی دەرمانی سروشتیی "شفا" لە شاری سنە، بوو بە هۆی سووتانی لە سەدا ٧٠ ی یەکێک لە کرێکارەکانی ئەو کارگەیە.ئەو ڕووداوە لە نێوەڕاستی مانگی خەرمانان ڕوویداوە و بووە هۆی خەواندنی وریا ئیسماعیلی لە نەخۆشخانەی تەوحیدی شارەی سنە.ڕیژەی مردنی کرێکاران بە هۆی ڕووداوی کار لە ئێران ڕۆژانە بە ٦ کەس خەڵمێنراوە وبە وتەی بەرپرسانی وەزارەتی کار، ڕووداوی کار زیاتر لە ٩٠  هەزار میلیارد تەمەن لە ئێران تێچوو هەڵدەگرێت.

 

 

 

 

 

هەنگی سنووری بە کوشتنی هاووڵاتییەکی کورد تاوانبار کرا

 

لاوێکی کورد لە شاری ورمێ لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە کوژرا.بەپێی هەواڵی کوردپا، کەس یان کەسانێکی نەناسراو، ڕۆژی چوار شەممە ٢٤ ی خەرمانان لاوێکی تەمەن ٢٤ ساڵە بەناوی کاوەیس ڕەزبان کوڕی لەتیف، دەکوژن.ئەو هاووڵاتییە کوژراوە خەڵکی گوندی"ڕەزگە"ی سەر بە بەشی سیلوانەی شاری ورمێیە.یەکێک لە نزیکەکانی ئەو هاووڵاتییە کوژراوە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاندØ› کاوەیس ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە نزیک گوندەکە کوژراوە و شوێنی چەند گوللە بە جەستەیەوە دیارە.ناوبراو لە درێژەدا گوتیØ› لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس لەو بارەوە بێ‌ئاکام بووە و کاوەیس لەکاتی لەوەڕاندنی مەڕ وماڵات لە نزیکی گوندەکەی خۆیان کراوتە ئامانج و تەقەی لێکراوە.بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هەتا کاتی بڵاوبوونەوەیی ئەم هەواڵە، هیچ کەسێک لەو پەیوەندییەدا دەستبەسەر نەکراوە، بەڵام نزیکانی ئەو کوژراوە، گومانیان لە هێزە چەکدارەکانی حکوومەت هەیە کە چەند ڕۆژێکە لە ناوچەی مەرگەوەڕ خەریکی جموجۆڵی نیزامی بوون.لەو پەیوەندییەدا، ماوەیەک پێش هێزەکانی هەنگی سنووری، بە دەستبەسەر کردنی کۆڵبەرێکی کورد، دەستیان کردووە بە ئازار و ئەشکنجە دانی ئەو کۆڵبەرە کوردە، کە ئەم ڕووداوە لەگەڵ دژکردەوەی وتەبێژی ناجا و ڕەوانەکردنی تیمێکی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو ناوچەیە ڕووبەڕوو بووە.لە چەند ڕۆژی ڕابڕدوودا، ناوەندەکانی ئەمنیەتی و نیزامی لە پاڕێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کوردستان، لە شاری ورمێ کۆبوونەوە و باسیان لە "پەرەپێدانی سەقامگیریی ناوچەکەیان" کردبوو.لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، پێشمەڕگەکانی کوردستان لەگەڵ سپای پاسداران لە کوردستان تووشی شەڕ و تێکەڵچوون هاتبوون.

 

 

 

 

 

 

22 رێکخراوی نێودەوڵەتی داوا لە ئێران دەکەن سزای لەسێدارەدان رابگرێت

 

22 رێکخراوی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئاستی جیهان داوا لە رژیمی  ئێران دەکەن، سزای لە سێدارەدان رابگرێت و ژمارەی ئەو کوردانەش ئاشکرا دەکەن کە بەهۆی بیروڕای ئایینی و سیاسیی لە ئێران لە زیندانن.ئەو 22 رێکخراوە نێودەوڵەتییە راگەیەندراوێکیان لەبارەی لەسێدارەدان لە ئێران بڵاوکردووەتەوە، لە بەشێکی راگەیەنراوەکەدا ئاشکرای دەکەن ” لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا  24 کورد لەسەر بیر‌وڕای سیاسی، ئایینی ‌و مەزهەبی لە ئێران بەشێوەیەکی ناڕەوا و نادادپەروەر لەسێدارە دراون”.بەپێی راگەیەندراوەکە ” بەشێک لەو بەندکراوانە لەژێر ئەشکەنجە، فشار و لە زیندانی تاکە کەسی بە زۆر گوتەیان لێوەرگیراوە، دواجاریش بەتاوانی دژایەتیکردنی خوا‌ و، بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ رێسایەکی مافەکانی مرۆڤ لە سێدارە دراون”.لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکە جەخت کراوەتەوە لەوەی “بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوەکانی داکۆکیکەر لە مافەکانی مرۆف، ئێستا 915 کەس بە هۆکاری سیاسی، یان بیر‌وڕای ئایینی و مەزهەبی لەئێران گیراون، لەو ژمارەیەشیان 390 کەسیان کوردن”.لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا داوا لە وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان کراوە ” لەپێناو راگرتنی سزای لە سێدارەدان فشار بخەنە سەر  ئێران”.

 

 

 

 

 

 

نادیە موراد وەک باڵوێزی نەتەوە یەکگرتوەکان دەستنیشان دەکرێت

 

بڕیارە سبەینێ هەینی لە بارەگای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان‌و لە مەراسمێکی فەرمیدا، نادیە موراد کچە کوردی ئێزیدی رزگاربووی دەستی داعش وەک باڵوێزی نیازپاکیی دەست نیشان بکرێت. نادیە موراد لەپەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە کە لەو رێوڕەسمەدا کە بە ئامادەبوونی بان کیمۆن، سکرتێری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان‌و نوێنەری وڵاتانی جیهان بەڕێوەدەچێت، نادیە موراد وەک باڵوێزی نیازپاکیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان دەستنیشان دەکرێت. نادیە موراد، تەمەن 23 ساڵ، بۆ یەکەمجار لە رۆژی 16-9-2015 لە دانیشتنێکی تایبەتدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گوتارێکی پێشکەشکرد و چیرۆکی خۆی وەک کچە کوردێکی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش گێڕایەوە. نادیە موراد کاندیدی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە، هەروەها گۆڤاری تایم مورادی بە یەکێک لە 100 کاریگەرترین کەسایەتی ساڵی 2016 دەستنیشانکردووە.

 

 

 

 

 

گەڕانەوەی تەرمی پاسدارانی بەکرێگیراوی سپای فودس لە سوریا

 

هەواڵدەرییەکانی حکوومەتی باس لە کوژرانی 5 کەس لە ئەندامانی سپای ترۆریستی قودس کە بۆ بەشداری لە کوشتاری خەڵکی سوریا لەو وەلاتە بوون دەکات. 2 کەس لە کوژراوان لە ئەندامانی ئەفغانی سپای قودس بوونە و تەرمەکانیان لە یەزد بە خاک سپێردراون و سێ کەسیشیان خەڵکی مەشهەد بوونە. 

 

 

 

پەسەند کردنی رێکەوتنامەی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ تەحریمی لێپرسراوانی رژیم بە هوی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ

 

کومیتەی ناسەرەکی رۆژهەلاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقا لە مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا رۆژی 25ی خەرمانان لە کۆبوونەوەی خۆی بە سەرۆکایەتی ئیلیانا رۆزلێهتینن رێکەوتنامەێکیان پەسەند کرد کە بە پێی ئەو باراک ئۆباما دەیهەوێ‌ ئەو لێپرسراوانەی رژیمی ئێران لە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ دەستیان هەیە بخەنە بەر تەحریم.  لەو رێکەوتنامەیە دا وێرای مەحکووم کردنی پشتیوانی رژیمی ئێران لە فشارەکان بۆسەر کەمینەی بەهایی دا هاتووە : رژیمی ئێران هەروا بەلێننامەکانی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ لەبەرچاو ناگرێ‌.  ئیلیانا پێداگری لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە نابێ چاو لە حاند فشارەکان بۆسەر کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبیەکان ببەستین. 

 

 

 

 

پاکستان: لەپەلامارێکی خۆکوژیدا لەنوێژی هەینی 25 کەس کوژران

 

 

لەئاکامی تەقینەوەیەکی خۆکوژی لەمزگەوتێکی باکوری خۆرئاوای پاکستان 25کەس کوژراون‌و زیاتر له 25 کەسی دیکەش برینداربوون، ئەوەش بەوتەی‌ بەرپرسێکی حکومەتی پاکستان. ناڤید ئەکبەر، بەڕێوەبەری یەکەیەکی کارگێڕی ناوچەکە رایگەیاندووە "هێرشەکە لەڕۆژی هەینی لەگوندی ئەمبار کەناوچەیەکی خێڵەکیە روویداوەو تیمەکانی فریاگوزاری تەرمەکان‌و بریندارەکانیان بۆ نەخۆشخانە گواستووەتەوە". تائێستا هیچ کەس‌و لایەنێک بەرپرسیارێتی لەهێرشەکە رانەگەیاندووە. ناوچەکە بە پێگەیەکی قایم‌و بەهێزی بزوتنەوەی  تاڵیبانی پاکستان دادەنرا، تا ساڵی 2014 کاتێک کە هێزەسەربازییەکانی هەڵمەتێکی بەرفراوانیان لەناوچە خێڵەکییەکانی پاکستان لەنزیک سنورەکانی ئەفغانستان دەستپێکرد کەبەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لەو چەکدارەکانی تاڵیبان کوژران‌و ژمارەیەکی زۆریشیان لەناوچەکە دەرکران.

 

 

 

 

ئەمەریکا: بەهۆی هەستیارییەوە رێکەوتنەکەی سوریا بڵاوناکەینەوە

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند کە ڕێکەوتنەکەیان لەگەڵ روسیا لەبارەی سوریاوە بڵاوناکەنەوە بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەو مەترسی ئەگەری بەهەڵە لێکدانەوەو خراپ سوود لێوەرگرتنی.دوای تێپەڕینی هەفتەیەک بەسەر رێککەوتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاو ڕوسیا لەبارەی ئاڵۆزییەکانی سوریاو راگەیاندنی ئاگربەست، تائێستا بەفەرمی بەندەکانی ئەو رێکەوتنە بڵاونەکراوەتەوە.مارک تۆنەر، یاریدەدەری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دوێنی لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند بەندەکانی ئەو رێکەوتنە بڵاوناکەنەوە."رێکەوتنەکە سەروکاری لەگەڵ هەندێک بابەتی هەستیاردا هەیە، باوەڕمان وایە گەر بۆ ڕای گشتی ئاشکرابکرێت دەکرێت خراپ بەکاربهێنرێت‌و بەهەڵە لێکبدرێتەوە"، وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوە وای وت.تۆنەر ئاماژەی بەوەش کرد کە بەندەکانی رێکەوتنەکە ناو و شوێنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی بەوردی تێدا دیارییکراوە، بەئاشکراکردنی مەترسی دەکەوێتە سەر ئەو هێزانە.لەبارەی پێدانی زانیاریی ناوەڕۆکی رێکەوتننامەکە بەوڵاتە هاوپەیمانەکانیان، مارک تۆنەر رایگەیاند کە تائێستا دەرفەت نەبووە زانیارییان پێ بدەن، بەڵام لەکۆبونەوەی هەفتەی داهاتووی گروپی نێودەوڵەتی پاڵپشتی سوریا (ISSG) کە بڕیارە لەنیویۆرک بەڕێوەبچێت لەو بارەیەوە قسە دەکەن.ئەوەش دوای ئەوە هات دوێنی ژان مارک وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند پاریس دەیەوێت زانیاری پێبدرێت لەسەر ناوەرۆکی ئەو رێکەوتنە بۆ ئەوەی هیچ ناروونیەک و تێنەگەیشتنێک دروست نەبیت لەوەی کێ لەسەر خاکی سوریا دەکرێتە ئامانج.درەنگانێکی شەوی هەینی‌ رابردوو، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە شاری جنێف جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاو سێرگی لاڤرۆڤ-ی هاوتا ڕوسییەکەی، رێکەوتنی واشنتۆن و مۆسکۆ-یان  لەبارەی ئاڵۆزییەکانی سوریاوە راگەیاند‌ کە یەکێک لەبڕگەکانی‌ تایبەت بوو بەئاگربەست و 12ی ئەم مانگە چووە بواری‌ جێبەجێکردنەوە.هەرچەندە تا ئێستا رێکەوتنەکە بەشێوەیەکی فەرمی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام چەند ئاژانسێکی هەواڵ بەندەکانی رێکەوتنەکەیان بڵاوکردەوە.ئەسۆشێتد پرێس، لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ناوەڕۆکی دۆکیومێنتی رێککەوتنەکەی بڵاوکردۆتەوە، کە تێیدا زنجیرەیەک لەداواکاری تەکنیکی بۆ هەردوو رژێمی بەشار ئەسەد‌و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەخۆدەگرێت، بەڵام کەمێکیش باسی ئەوەی کردووە چۆن ئەمریکا‌و روسیا هاوبەشییەکی سەربازی نوێ دادەمەزرێنن کە زۆر گرنگە بۆ بەردەوامی درێژخایەنی رێککەوتنەکە.سوریا لەدوای‌ ساڵی‌ 2011وە کەوتووەتە بارگرژی‌‌و شەڕی‌ ناوخۆیی‌ سەختەوە‌و تائێستاش، چەند جارێک هەوڵەکانی‌ چارەسەری‌ ئاشتی‌ لەنێوان رژێمی‌ ئەو وڵاتە‌و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بەتایبەت لەگفتوگۆکانی‌ جنێفدا ئەنجامی‌ نەبووە، لەسەر ئاستی‌ نێودەوڵەتیش تێڕوانینی‌ جیاواز بۆ چۆنیەتی‌ چارەسەر هەبوو بەتایبەت لەنێوان ئەمریکا‌و روسیا.ئەو بەرپرسە ئەمریکیانەی خاڵەکانی رێککەوتننامەکەیان ئاشکراکردووە، داوایانکردووە ناویان بۆ رایگشتی بڵاونەکرێتەوە چونکە هێشتا رێککەوتنەکە نهێنیە.خاڵەکانی رێککەوتنەکە وەکو لەئەسۆشێتد پرێس-دا هاتووە:

- لەرۆژی دووشەممەوە هێزەکانی حکومەتی سوریا‌و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن پێویستە هەموو هێرشێکیان ڕاگرتبێت بەهەموو چەکێک، لەنێوانیشیاندا بۆردومانی ئاسمانی، موشەک، تۆپباران‌و موشەکی دژی‌ تانک.

 

- لایەنەکان ناتوانن هەوڵبدەن خاکی زیاتر کۆنتڕۆڵبکەن.

- پێویستە لایەنەکان رێگابدەن بە هاوکاری مرۆیی خێرا‌و سەلامەت‌و بەردەوام بۆ هەموو ئەو خەڵکانەی پێویستیان بەیارمەتییە.

- لەو حاڵەتانەی کاتێ بەرگریی لەخۆکردن پێویستە، پێویستە هێزی گونجاو بەکاربهێنرێت.

- دوو خاڵی پشکنین لەسەر رێگای سەرەکی حەلەب (رێگای کاستێلۆ) دروستدەکرێت. سەرەتا مانگی سووری سوریا لەگەڵ کەسانی ئەمنی کە لە 20 کەس زیاتر نەبێت، خاڵەکانی پشکنین بەڕێوەدەبات. ئاسایش بەرێککەوتنی هاوبەشی نێوان حکومەت‌و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بڕیاری لێدەدرێت، نەتەوە یەکگرتووەکان لە نزیک و لەدوورەوە چاودێری کەسانی ئەمنی دەکات.

- پێویستە هێزەکانی حکومەتی سوریا ئەندامانی خۆی‌و چەکە قورسەکان‌و چەکی دیکە بۆ خاڵە دوورەکانی رێگای کاستیلۆ بکشێنێتەوە. لەهەندێک شوێندا، تانک و تۆپ و هاوەن پێویستە لانیکەم بۆ سێ کیلۆمەتر‌و نیو بکشێنرێتەوە، یان تەنها بۆ زیاتر لەدوو میل. لەشوێنەکانی دیکە   سەربازان بەچەکی سووکەوە پێویستە بۆ لانیەکەم 500 یاردە (پێوانەیەکی درێژی ئینگلیزییە‌و بریتیە لەسێ پێ) لەرێگاکەوە بکشێنەوە، هەروەها چەکی ڕەشاش کە بەچەند کەسێک دەتەقێنرێت لەگەڵ شوێنەکانی چاودێریکردن.

- هەروەها هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن پێویستە لە رێگاکە بکشێنەوە، لەژمارەیەکی زۆری شوێنەکاندا بەدووری یەکسان یان هاوشێوەی ئاستی کشانەوەی هێزەکانی حکومەتی سوریا بکشێنەوە. لەرۆژهەڵاتی رێگای کاستیلۆوە، کشانەوەیان پشتدەبەستێت بەکرداری هێزە کوردییەکانەوە.  ئەگەر کوردەکان 500 یاردە کشانەوە ئەوا پێویستە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بەهەمان شێوە بکشێنەوە بە چەکی قورسەوە لەنێوانیشیاندا ئۆتۆمبێلی سەربازی شەڕی پیادە‌و تانک‌و چەکی ڕەشاش کە بەچەند کەسێک بەکاردەهێنرێت.

- پێویستە ئۆپۆزسیۆن هەموو هەوڵێک بدات بۆ نەوەی نەهێڵێت چەکدارانی سەر بەرێکخراوی قاعیدە بەرەو ناوچە لەچەک داماڵێنراوەکان پێشڕەوی بکەن. 

- هەموو سورییەک پێویستە بتوانن لە رێگای کاستیلۆوە حەلەب بەجێبهێڵن، لەنێوانیشیاندا هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بەچەکەکانیانەوە. شەڕکەران پێشوەختە  پێویستە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکاندا بکەن.

- ئەمریکا و ڕوسیا پێشێلکارییەکانی ئاگربڕ چارەسەردەکەن.

- ئەمریکا و ڕوسیا دامەزراندنی سەنتەری هاوبەشی جێبەجێکردنی نێوانیان لانیکەم دوای حەوت رۆژی رێک لەپابەندبوون بەئاگربڕەکەوە ڕادەگەیەنن.

- پێویستە هەتا رۆژی دووشەممە کاری سەرەتایی بۆ دامەزراندنی سەنتەرەکە لەنێوانیشیاندا گۆڕینەوەی زانیاری بۆ ڕونکردنەوەی ئەو خاکانەی لەلایەن چەکدارانی سەر بەرێکخراوی قاعیدەوە کۆنترۆڵکراون‌و ئەو خاکانەی لەلایەن گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە کۆنتڕۆڵکراون. ڕونکردنەوەی زیاتر دوای دامەزراندنی سەنتەرەکە جێبەجێدەکرێت.

- لە دوشەممەوە، ئەمریکا و ڕوسیا پێویستە دەستیان کردبێت بەزیاترکردنی ئامانجەکان لەدژی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی‌و چەکدارانی سەر بەقاعیدە، بۆئەوەی دەستبەجێ دوای دروستکردنی سەنتەرەکە گورزە ئاسمانییەکان دەستپێبکات. هەر کە گورزی یەکەم دەستپێدەکات، پێویستە هەموو چالاکییەکی هێزی ئاسمانی حکومەتی سوریا لەو ناوچانەی رێککەوتنی لەسەر کراوە رابگیرێت.

-ئەمریکا و روسیا هەریەکە دەتوانێت لەرێککەوتنەکە پاشەکشە بکات.

 

 

 

 

 

ئەمریکا ٣٨ ملیار دۆلار بە ئیسرائیل دەدات و نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنەی لێدەگرێت

 

ئەمریکا بڕی ٣٨ ملیار دۆلار دەدات بە ئیسرائیل وەکو هاوکاری سەربازی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕەخنەی زەوتکردنی ئاو و خاک و سەرچاوە سروشتییەکان لە ئیسرائیل دەگرێت. ئەو بڕە پارەیەی کە ئەمریکا بۆ بواری سەربازی دەیدات بە ئیسرائیل گەورەترین ڕێککەوتنە لەنێوان ئەمریکا و یەکێک لە هاوپەیمانەکانیدا کە تا ئێستا ئەنجامدرابێت.بڕیاریشە ٢٦.٣%ی پارەکە لە گەشەدان بە چەکی ئەمریکی و پیشەسازی چەکی ئەمریکیدا خەرج بکرێت.لەلایەکی ترەوە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنە لە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەگرێت و بە "پاکتاوی نەژادی" تۆمەتباری دەکات.بان کی مون سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتوویەتی "نیگەرانم لە ڕاگەیەندراوی ئەم دواییەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کە ئەو کەسانەی دژی نیشتەجێکردنی خەڵکی ناوچەیەکی ترن لە ناوچەیەکی تر، بە هاوکارانی پاکتاوی نەژادی وێناکردووە".بان کی مون لێدوانەکانی ناتانیاهۆی بە "ناقابیلی قبوڵ و قێزەون" ناوبردووە و وتووشیەتی کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی "فراوانکردنی جێگیرکردنی هاوڵاتیانی ناوچەیەک لە ناوچەیەکی تر بە بەربەست لەبەردەم بەرقەراربوونی ئاشتی دەزانێت".هاوکات ناتانیاهۆش ناوەکانی "جودیە و سەماریا" کە دوو ناوی ئیسرائیلین بۆ کەرتی ڕۆژئاوا، بە بەربەست ناودەبات لەبەردەم بەرقەراربوونی ئاشتیدا.


8 ساڵ و 2 مانگ و 7 ڕۆژ و 9 کاتژمێر و 18 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان (26ی خەرمانانی 1395)

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان (26ی خەرمانانی 1395)

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران