خەبات مێدیا: ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ڕژیمی ئاخوندی، لە مانگی گوڵانی ساڵی 1401، یارانەی هەندێک لە خۆراکەکان وەکوو ئاردی لابرد و نرخی گەنم لە کیلۆیەک دوهەزار و 700تمەن گەیشتە 12هەزارتمەن و ئەمەش بووە هۆی گرانبوونی نرخی ماکارۆنی و نرخی ماکارۆنی 56لەسەد بەرز بۆتەوە. بە پێی وتەی ڕاوێژکاری بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفی خاوەنکارەکانی کارگەی ماکارۆنی، نرخی ماکارۆنی له 12هەزار تمەن گەیشتە 34هەزار تمەن و خواردنی ماکارۆنی یەک لەسەر سێ بەش دابەزیوە.
بەپێی ئەم هەواڵانە نرخی ماکارۆنی 178لەسەد بەرزبۆتەوە نەک 56لەسەد.
کارناسان هەمووکاتێک بە گومانەوە دەڕواننە ڕێژەفەرمییەکان کە لەلایەن ڕژیمەوە بڵاو دەکرێتەوە و لە زۆربەی کاتەکان ئەم ئامارانە دوورن لە ڕاستی و بۆ چەواشەکارییە.
ناوەندی ئاماری ڕژیم باس لە بەرزبوونەوەی 27لەسەدی نرخی شیرینی وشک لە مانگی جۆزەردان دەکات، ئەمە لە کاتێدایە کە کارگەی شیرینیەکان باس لە بەرزبوونەوەی سەداسەدی پێکهێنەرە سەرەتاییەکانی شیرینی دەکەن. یەکێک لە پێکهاتەکانی شیرینی، ڕۆنە کە نرخی دەکیلۆیی لە 170هەزار گەیشتۆتە 850هەزار و نرخی ڕۆن 400لەسەد بەرزبۆتەوە.
ئەم داتایانە دەرخەری ئەوەیە بەشێکی هەرەزۆری خۆراکییەکان لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ نێوان 50تا 322لەسەد نرخیان بەرز بۆتەوە.
لەکاتێکدا ناوەندی ئامار هەڵاوسانی بۆ مانگی جۆزەردان بە 52.5لەسەد لەقەڵەم داوە بەڵام لە ڕاستیدا هەڵاوسان بۆ خۆراکەکان زیاتر لە 83لەسەدە .