خەبات مێدیا: کۆمەڵە دەستبەسەر کردنی چەند پێشمەرگەیەکی خۆی لە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم لە ناوچەی ورمێ پشتڕاست کردەوە.
نزیک دووحەفتە دوای ڕاگەیاندنی ناوەندە سەرکوتکەرە بەناو ئەمنییەکانی ڕژیمی ئاخوندی، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پشتڕاستی کردەوە کە تیمێک لە پێشمەرگەکانیان لە پارێزگای ورمێ دەست بەسەرکراون.
جێی ئاماژەیە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ڕۆژی یەکشەممە 2ی خەرمانان بڵاوی کردەوە بێ ئاماژە بە ناوەڕۆک و ژمارەی پێشمەرگە گیراوەکان، ڕایگەیاند کە ئەم تیمە چەند ڕۆژ پێش ئێستا لە بەردەوامی چالاکیە تەشکیلاتییەکانیان لە پارێزگای ورمێ دەستبەسەر کراون.
ئەم حیزبە هەروەها تەئکیدی کردەوە کە هێزەکانیان به چەند هۆیەک کە هەموو ڕەهەندەکانی هەتا ئێستا بۆ ئێمە ڕوون نیە، لەلایەن هێزە سرکوتکەرەکانی ڕژیم ناسراونەتەوە و دەستبەسەر کراون، وتی لە چەند ڕۆژی داهاتوو هەموو زانیارییەک لە سەر چۆنیەتی گیرانی پێشمەرگەکانیان بڵاو دەکەنەوە.
شایەنی باسە کە ناوەندی مافی مرۆڤ بە ئاماژە بە توندوتیژیی دژ بە بەندکراوانی سیاسی بەتایبەت پێشمەرگەی حیزبەکان لە زیندانەکانی ڕژیمی ئێران، نیگەرانی خۆی لە ئەگەری شکەنجە کردن و فشاری دەروونی بۆ سەر گیراوان دەربڕی.