پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان ( 30ی خەرمانانی 1395)

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان ( 30ی خەرمانانی 1395)

__ هێزە سەرکوتگەرەکانی رژێم لە شاری سەقز سێ لاویان دەستبەسەر کرد
__ خوێندکارێکی کورد لە تاقیکردنەوەی دکتۆرا دەبێتە یەکەم لەسەر ئاستی ئێران
__ هێزە ئینتزامییەکان ماشینی هاووڵاتییەکیان دایە بەر دەستڕێژ
__ پێکدادانی دوو ماشین لە جادەی مەهاباد_ورمێ ٨ قوربانی لێ کەوتەوە
__ نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو هاوکارییەکی مرۆیی بۆ سوریا راگرت

هێزە سەرکوتگەرەکانی رژێم لە شاری سەقز سێ لاویان دەستبەسەر کرد

 

حەوتووی رابردوو هێزە سەرکوتگەرەکانی رژێمی ئێران لە شاری سەقز سێ کەس دەستەبەسەر دەکەن و بۆ شوێنێکی نادیاریان رادەگوێزن. بەپێی هەواڵی هەواڵدەری کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی خەرمانان، دوو لاو بە ناوەکانی سەلاحەدین‌ میرزایی تەمەن ٢٢ ساڵە کوڕی عەتا و ئەمین (ئالان) عەلیپوور تەمەن ٢٥ ساڵە کوڕی کەریم، لە گەڕەکی بەهارستانی شاری سەقز لە لایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە. هەروەها ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانان لاوێکی تەمەن ٣١ ساڵە بە ناوی هیوا دەستباز لەکاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە دەستبەسەر کراوە. ماڵی ئەو سێ هاووڵاتییە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە، بە تەواوەتی دەپشکێنرێت و هیندێک لە کەرەستەی شەخسی وەک لەپ تاپ و هێندێک کتێب و کەرەستەی دیکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە. بە پێی هەمان سەرچاوە، هاوکات لەگەڵ دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی شاری سەقز، دەزگای قەزایی رژێم  لە شاری مەهاباد حوکمی زیندانیی بۆ ٥ هاووڵاتیی کورد بڕییەوە. حەوتووی ڕابردوو لقی یەکی دادگای رژێم شاری مەهاباد بۆ هەر یەک لە ئەمیر عەبدوڵڵا زادە، هێمن غەزاڵ، موزەفەر تەلانە، پژمان ئیمانی و محەممەد شوکری بۆ هەر یەک لەو هاووڵاتییانە پێنج هەتا شەش مانگ زیندانی تەعزیری بڕدراوتەوە. ئەو پێنج هاووڵاتییە لەگەڵ دەیان هاووڵاتیی دەیکەی کورد لە چوار مانگی ڕابردوودا، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بە تاوانی پڕوپاگەندە و لایەنگەری لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیون دەستبەسەرکراون.

 

 

 

 

خوێندکارێکی کورد لە تاقیکردنەوەی دکتۆرا دەبێتە یەکەم لەسەر ئاستی ئێران

 

 

هاوڵاتیەکی هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر ئاستی ئێران یەکەمی تاقیکردنەوەکانی خوێندنی دکتۆرا بەدەست دەهێنێت‌و لەباشترین زانکۆی ئێران لەبەشی نەشتەرگەری مێشک‌و دەمار وەردەگیرێت. رەستگار ڕەحمانی خەڵکی شارۆچکەی نۆدشەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەمساڵ لە تاقیکردنەوەی دکتۆرا بەشداریکردووە و توانیویەتی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی ئێران بەدەست بهێنێت و لە زانکۆی تاران کە بە باشترین زانکۆی ئێران دادەنرێت لە بەشی نەشتەرگەری مێشک‌و دەمار وەربگیرێت.  ڕەحمانی شەش ساڵ پێش ئێستا لە تاقیکردنەوەی کنکور کە ساڵانە زیاتر لە 2 ملیۆن کەس بە مەبەستی وەرگیران لە زانکۆ بەشداری تێدادەکات توانی لە بەشی زانستی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی ئێران بەدەست بهێنێت. نمرەی ڕەستگار ڕەحمانی لە کنکوری ساڵی 2009ی ئێران ئەوەندە بەرزبوو کە بەرپرسانی ئەوکاتەی وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێران سەریان سوڕما و گومانیان لەسەر نمرەکەی دروستکرد بۆیە داوایان لێکرد جارێکیتر لە شاری تاران‌و لە بەردەم وەزیری خوێندنی باڵا تاقیکردنەوە ئەنجامبدات. ڕەحمانی دوبارە لەتاران تاقیکردنەوەی ئەنجامداو ئەوجارەش بەرزترین نمرەی بەدەست هێناو پاشان چەندین کەناڵی ئێرانی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجامدا.

 

 

 

 

 

 

هێزە ئینتزامییەکان ماشینی هاووڵاتییەکیان دایە بەر دەستڕێژ

 

خەباتمێدیا: بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەەمە 28ی خەرمانان هێزەکانی جێگیر لە پاسگای گوندی "هەشتیان" سەر بە بەشی سۆمای برادۆست،  تەقەیان لە ماشینێکی جۆری پەیکان کردووە. لەو تەقەکردنەدا، شۆفیڕی ماشینەکە بە ناوی ئەرکان سەعیدی کوڕی شەوقی، دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە. بەپێی هەواڵەکە، ئەو ڕووداوە کاتژمێر ٣٠ /٣ شەوی یەکشەممە ڕوویداوە و هاووڵاتییەکی دیکە کە ئامۆزای ئەرکان بووە، بە سەختی لەو ڕووداوەدا بریندار بووە. ئەو هاووڵاتییانە خەڵکی گوندی"گێچە" لە بەشی سۆمای برادۆست بوون و لە سەفەر گەڕاونەتەوە. بەپێی قسەی شاهیدان، ئەو هاووڵاتییانە پاش ڕاگرتنیان لە خاڵی پشکنین، لەو شوێنیە دەڕۆن و لە ناکاو هێزە ئینتزامییەکان بە گومانی ئەوەیکە ئەو ماشینە شتومەکی قاچاغی پێ بووە، تەقەیان لێ دەکەن و دەبنە هۆی گیان دانی شۆفیڕی ماشینەکە و بریندار بوونی ئامۆزاکەی. دەوترێ، بێجگە لەو دوو هاووڵاتییە، ژنێکی بەتەمەنیش لە نێو ئەو ماشینەدا بووە، کە لە بارودۆخی تەندروستی ئەو ژنە بەتەمەنە هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نیە.

 

 

 

پێکدادانی دوو ماشین لە جادەی مەهاباد_ورمێ ٨ قوربانی لێ کەوتەوە

 

خەباتمێدیا: بەپێی هەواڵی هەواڵدەری کوردپا، رۆژی دووشەممە 29ی خەرمانان، بە هۆی پێکدادانی دوو ماشین لە جادەی نێوان مەهاباد_ ورمێ، شەش هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا و دوو هاووڵاتیی دیکە بریندار بوون. بەپێی ئەو هەواڵە، لەو ڕووداوەی نێوان جادەی مەهاباد _ورمێ، لە کۆی ٨ موسافیر، ٦ کوژراو و ٢ برینداری لێکەوتەوە. ئەو دوو موسافیرە بریندارە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون. زۆربەی ڕێگاکانی هاتوچۆی ئێران و بەتایبەت کوردستان ناستانداردن و هێمای هوشیارکەرەوە بۆ پێش گرتن بە ڕووداوی هاتوچۆ بوونی نیە.  ڕێگاوبانی ناستاندارد، کەمتەرخەمیی شۆفیرەکان و خراپیی و کۆنیی ماشینەکان، لە سەرەکی‌ترین هۆکارەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران و کوردستان بەئەژمار دێن و ڕۆژ بە ڕۆژ ئاماری قوربانیانی ئەو جۆرە ڕووداوانە ڕوو لە زیاد بوون دەکات. ماوەیەک پێش ئێستا، هەواڵدەریی "ئیلنا" بڵاوی کردەوە، قیرتاوی ناستاندارد، چاڵوچۆڵی ڕێگەوبانەکانی ئێران، هۆکاری لەسەدا ٣٠ ی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەو وڵاتەدایە و ئەو قیرەی کە لە ئێران بۆ قیرتاو کردنی جادەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێت، تەنانەت لە وڵاتانی سریلانکا و تانزانیاش قەدەغە کراوە و هیچ کڕیارێکی لە جیهاندا نییە.

 بە پێی ئامارە فەرمییەکان، ڕووداوی هاتوچۆ سەرەکی‌ترین ڕووداوی ناسروشتییە کە لە ئێراندا گیانی هاووڵاتییان دەستێنێت.

 

 

 

 

دیسان ڕووداوی کاردا کرێکارێک گیانی دا

 

خەباتمێدیا: بەپێی بڵاوکراوەی کۆمیتەی هاوئاهەنگی دامەزراوە کرێکاریەکان، رۆژی دوو شەممە 29ی خەرمانان کرێکارێکی تەمەن ٦٠  ساڵەی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری سنە بەهۆی ڕووداوی کار گیانی لە دەست دا. بەپێی هەواڵ، کرێکارێکی کورد بە ناوی مەحیەدین بایەزیدی خەڵکی گوندی تەوریوەر سەر بە شاری سنە کە لە کاتی تەکاندنی دار گوێز دەکەوێتە خوارەوە گیان لە دەست دەدات. کومیتەی هاوئاهەنگی بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان بڵاوی کردەوە، ئەو کرێکارە کوردە بە هۆی سەختی برینەکەی بۆ چارەسەری پزیشکی دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی بێعسەتی شاری سنە و پاش چەند خولەکێک لە گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیان دەدات. ئەو هاووڵاتییە کوردە بە هۆی نەبوونی کار و سەرچاوەیەک بۆ دابین کردنی بژێوی ژیان لە ماوەی تەمەنیدا خەریکی تەکاندنی دارگوێز بووە. هەر لەو پەیوەندییەدا و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە دوو پارێزگای کوردستان سێ هاووڵاتیی کورد بوونە قوربانی ڕووداوی کار. ڕیژەی مردنی کرێکاران بە هۆی ڕووداوی کار لە ئێران ڕۆژانە بە ٦ کەس خەڵمێنراوە و بە وتەی بەرپرسانی وەزارەتی کاری رژێم، ڕووداوی کار زیاتر لە ٩٠  هەزار میلیارد تمەن لە ئێران تێچوو هەڵدەگرێت.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو هاوکارییەکی مرۆیی بۆ سوریا راگرت

 

نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ راگرتنی ناردنی هەموو هاوکارییەکانی بۆ سوریا راگەیاند، ئەوەش دوای ئەوە دێت شەوی رابردوو کاروانێکی ئەو هاوکاریانە کەوتنە بەر هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان. وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کاروانی هاوکارییە مرۆییەکە مۆڵەتی هەموو لایەنە شەڕەکەرەکانی هەبووە بە روسیاو ئەمەریکاشەوەو ئاگادارکرابونەوە. ئەوەش بەپێ بی بی سی. لەو کاروانی هاوکارییەی دوێنی بەر موشەکی فڕۆکە جەنگییەکان کەوت، لە 31 لۆری، هەژدەیان تێکشکاون کە گەنم، جلی زستانەو پێداویستی پزیشکیان پێ بووە. کارمەندێکی باڵای مانگی سوری عەرەبیش لەنێو ئەو کوژراوانەدایە کە لەگەڵ ئەو کاروانە مرۆییانەدا بوون. دوێنی روانگەی‌ سوریا بۆ مافەکانی‌ مرۆڤ رایگەیاند، کە فڕۆکە جەنگییەکانی‌ روسیا یان سوریا بۆردوومانی‌ کاروانی‌ ئەو ئۆتۆمبێلانەیان کردووە کە لە نزیک حەلەب یارمەتی‌ مرۆییان گواستوەتەوە. بۆردوومانکردنی‌ کاروانی‌ ئۆتۆمبێلی‌ هاوکارییە مرۆییەکان دوای‌ ئەوە دێت کەحکومەتی‌ سوریا ئێوارەی‌ دوێنی رایگەیاند پرۆسەی‌ ئاگربەست لە سوریا کۆتاییهاتووە کە ماوەی‌ هەفتەیەک بەردەوامبوو. روانگەکە ئاماژەی‌ بەوەشکردووە، لەکاتێکدا ئەو ئۆتۆمبێلانە سەرقاڵی‌ پرۆسەی‌ رادەستکردنی‌ ئاسایی هاوکارییەکان بوون لە نزیک شارۆچکەی‌ ئۆرم-ی‌ گەورە لە رۆژ‌وئاوای‌ حەلەب کراونەتە ئامانج لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە.


8 ساڵ و 2 مانگ و 1 ڕۆژ و 3 کاتژمێر و 6 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان ( 30ی خەرمانانی 1395)

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان ( 30ی خەرمانانی 1395)

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران