هه‌ینی 

2 سه‌رماوه‌ز2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

هێرشی ترۆریستی بۆ سەر سەلمان روشدی و بە کام بیانوو؟

هێرشی ترۆریستی بۆ سەر سەلمان روشدی و بە کام بیانوو؟

عەلی بەهرامی
رۆژی هەینی 21ی گەلاوێژ، لە شاری نیۆیۆرکی ئەمریکا ترۆریستێکی سەر بە رژیمی ئاخوندی ئێران بە چەقو پەلاماری سەلمان روشدی داو، ناوبراو بەهۆی ئەو کردەوەوە بە قورسی بریندار و رەوانەی نەخۆشخانە کرا. هێرش و پەلامارەکەی سەر سەلمان روشدی هەر زوو لە هەواڵدەریە جیهانیەکانەوە بڵاو کرایەوە و سەرنجی خەڵکێکی زۆری بۆ لای خۆیدا راکێشا و کاردانەوەی جۆراوجۆری لێ کەوتەوە.
بەپێی سەرچاوەکان و وتەی پۆلیسی نیۆیۆرک ئەو ترۆریستەی هێرشەکەی ئەنجام داوە ناوی "هادی مەتەر" دانیشتووی ئەیالەتی نیوجێرسی ئەمریکا و لایەنگری حیزبوڵای لوبنان و رژیمی ئاخوندی ئێرانە.
هەوڵی کوشتنی سەلمان روشدی لە دوای چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی "ئایاتی شەیتانی" بە فتوایەکی خومەینی رێبەری رژیمی ئاخوندی لە ساڵی 1367ی هەتاویەوە دێ. خومەینی بە بیانووی ئەوەی نووسەری کتێبی ئایاتی شەیتانی لە دین وەرگراوە فەرمانی کوشتنی دا و پاداشی 3 ملوێن دولاریشی بۆ دیاری کرد. لە دوای مەرگی خومەینی، ئاخوند خامنەیی وەلی فەقیهی رژیم لە 25ی رێبەندانی 1371دا وتی: ئیمام تیرێکی بە رووی ئەو پیاوە تاوانبار و دەمپیسەدا هاویشتووە. ئەو تیرە لە کەوانەکە دەرچووەو نیشانەگرتنەکەیش میزان و رێک بووە، درەنگ یان زوو ئەو تیرە دەگاتە ئامانجی خۆی. بێ گومان دەبێ ئەو حوکمە جێبەجێ بکرێ و بەرێوەیش دەچێ. هەروەها لە 30ی رەزبەری 1394 لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە " ئایا فتوای کوشتنی سەلمان رۆشدی لە دین دەرچوو و درۆزن وەک خۆی ماوە؟ ئەرکی موسڵمانان لە وەها کاتێکدا چیە؟ خامنەیی وتی: فەرمان هەر ئەوەیە کە ئیمام خومەینی فەرموویەتی.
بەپێی فتواکەی خومەینی و پێداگریەکانی خامنەیی هەوڵی کوشتنی سەلمان روشدی جوێ لە رژیمی ئاخوندی کاری کەسی دیکە نیە. رژیم بە بیانووی هەڵگەڕانەوە لە دین، بڕیاری کوشتنی سەلمان روشدی جێبەجێ کرد، ئەی بیانووی بۆ کوشتنی مرۆڤە بێتاوانەکانی دیکە چیە؟ ئایا خەڵکی کوردستان 28ی گەلاوێژی 1358 لە دین دەرچبوون کە خومەینی فتوای نارەوای جیهادی لە دژ دەرکردن و هێزی پاسداری رەوانەی کوردستان کرد و بە هەزاران کەس لە خەڵکی بێ تاوانی کوردیان لە قاڕنە، قەڵاتان، وسووکەند، سارۆقامیش و ... بێ بەزەییانە تیرباران کرد؟ ئایا هەموو ئەو ئازادیخوازە کورد و ئێرانیانەی بە فەرمانی خومەینی لە دەیەی 60ی هەتاوی لە چاڵەرەشەکانی ئەو دەسەڵاتەدا لەسێدارە و تیریباران کران لە دین هەڵگەڕابوونەوە؟ یان ئەو ئازادیخواز و تێکۆشەرە ئێرانی و کوردانەی لە ئوروپا و کوردستانی عێراق لەلایەن رژیمەوە ترۆر کران، لە دین دەرچووبون؟. بێ گومان دین و مەزهەب بیانوویەکە بە دەست ئاخوندانەوە کە بەو بیانووەوە نەیاران و ئازادیخوازانی کورد و ئێران و کەسانی وەکوو سەلمان روشدی ترۆر بکەن.
حەقە ئەو پرسیارە بکەین ئاخۆ لە نێوان بیری ئازادیخوازان، نووسینەکانی سەلمان روشدی و کردەوەو تاوانەکانی رژیمی ئاخوندی بە ناوی دینەوە کامیان زیانی زیاتریان بۆ دینی ئیسلام هەبووە؟ ئاخوند خومەینی و خامنەیی وەلی فەقیهی رژیم لە کاتێدا خۆ بە خەمخۆری دینی ئیسلام و موسڵمانان دادەنێن کە بە ناوی دینەوە 43 ساڵە زوڵم و زۆر لە کورد و نەتەوە موسڵمانەکانی دیکەی ئێران دەکەن. 43 ساڵە ژن و منداڵ و پیر و لاوی ئەو وەڵاتە دەکەنە قوربانی مەرامە گڵاوەکانیان. زیاتر لە چوار دەیەیە سامانی ئێران و سەرمایەی خەڵکەکەی بە تاڵان دەبەن. بە ناوی دین و مەزهەبەوە ئەو هەموو فیتنە و ئاژاوەیان لە وەڵاتانی ناوچەکە ساز دەکەن و تەنیا موسڵمانانیش بە ئاگری فیتنەکانیان دەسووتێن و...
کۆتا قسە ئەوەیە کە رژیمی ئاخوندی ویروس و بەڵایەکی گەورەیە بۆ گیانی موسڵمانان، دینی ئیسلام، مەزهەبی شیعە و بە تێکڕا مرۆڤایەتی و دژە لەگەڵ هەر جۆرە بیر و هزرێکی ئازاد. رژیمی ئاخوندی بە بیانووی دین و مەزهەب بیر جیاوازان، نەیارانی خۆی و تێکۆشەرانی رێی ئازادی لەسێدارە و تیرباران و ترۆر دەکات و هەر جۆرە ناڕەزایەتیەکی خەڵکی کوردستان و ئێران بە ئاگر و ئاسن وەڵام دەداتەوە. بەڵام هەموو کردەوە و هەڵسووکەوتێکی خۆیان پێچەوانەی دەقە دینی و مەزهەبیەکانە. ئەگەر ئەو دەسەڵاتە بتوانێ‌ بە هێرش و پەلاماری ترۆریستی و کوشتن ترس و تۆقاندن و دڵەڕاوکێ بڵاوبکاتەوە، بەڵام هەموو ئەو کردەوانە لە ئەنجامدا بە سەری خۆیدا قڵپ دەبێتەوە و رۆژێک دێ بێزاری کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و رق و تووڕەیی گەلانی ئازار دیتووی ئێران لە راست کردەوە چەوتەکانی ئەو دەسەڵاتە کڵپە بکات و کۆی دەسەڵاتە چەوت و دواکەوتووەکەیان رابماڵێ و لە کۆڵ نەتەوەکانی ئێران و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیشیان بکاتەوە.


2 ساڵ و 3 مانگ و 7 ڕۆژ و 15 کاتژمێر و 31 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

هێرشی ترۆریستی بۆ سەر سەلمان روشدی و بە کام بیانوو؟

هێرشی ترۆریستی بۆ سەر سەلمان روشدی و بە کام بیانوو؟

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران