شه‌ممه‌ 

3 سه‌رماوه‌ز2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

یادی سەروەران: شەهید ئیبراهیم عەزیزی (برایم خوڕیاوایی)

یادی سەروەران: شەهید ئیبراهیم عەزیزی (برایم خوڕیاوایی)
گۆشه‌ی شه‌هیدان

 
یادی سەروەری گەل: شەهید ئیبراهیم عەزیزی (برایم خوڕیاوایی)
نووسینی مامۆستا پەژار
ئەی شەهید ئیبراهیمی قارەمان،تا دژمن زۆرتر هێزی لە کوردستان خزێنێ و تا مۆڵگەکانی سەرکوتکردن زیاتر بێت، تا خەڵکی کوردستان چاویان بەرایی نەیێ کە دژمنی داگیرکەر ببینن و لە بینینیان تارماییان بەسەر چاودا بکشێ، تا خەڵکی کوردستان چاوە چاویان بێت کە پێشمەرگەی قارەمان ببینن و چاویان بە دیمەنی ڕوون کەنەوە، تا گۆڕستانی شەهیدان مات و کڕ بێت و دەنگی هاوەڵانی لێ نەیێ، تا هەڵاڵە برایمی سەرگۆڕی تۆ و هاوەڵانی شەهیدی دیکە چاویان خێل بوو ملیان دەقی گرت، ئەوەندە چاوەڕێی برا قارەمانەکانتان بوون کە جێژنی هەڵاڵەی گۆڕی شەهیدانتان لەگەڵ بگرن. بەهاری زەنوێری کوردستان ڕۆیی و هەڵاڵەی سەر گۆڕی شەهیدانی سوور خەڵاتی خەبات لە داخی بێ کەسی، وشک بوون و فرمێسکی هاوسەنگەرێکی بەسەردا نەباری کە وەک ئاوی ژیان درێژە بە ژیانیان بدا، تا دایکی شەهید، هەموو هەینییەک لە گۆڕستانی شەهیدان چاوە چاویانە کە شێوەی جوانەمەرگیان لە دیمەنی هاوسەنگەرەکانیان دا ببینن، بەڵام بە هەناسەی سارد بگەڕێنەوە، تا دەبینن کە دیمەنی پڕ لە حەماسەی مەردانەی ئێوە لە خاکی نیشتمان دا بەندە و بەشتان لە قارەمانی کردن و هەڵمەت بردن بڕاوە، تا دەبینن خۆ بوێر و خۆ دۆڕێن، دەیانەوێ دێڕی خوێنی ئێوە لەسەر شەقامی خەبات بلێسنەوە، دێڕ دێڕی کێشراو بە خوێنی ئێوە بلێسنەوە و شوێنەوارتان کوێر کەنەوە. ئێوە بە سەربەرزی ڕزگار بوون و تازە پڕیشکەی تاوان و ناپاکی بە داوێنتان، هەڵناپڕژێ، تازە نە ئاش بە تاڵتان دەبێ و پاش بە تاڵتان دەبێ. تا بیر دێتەوە قسەکەی کە دەتگوت، هەر گیانێک بە سازمانی خەبات قەرزدارم، دەبینین کە قەرزەکەت داوە، تا ئەوانە دەبینین و بیر دەهێنینەوە، ئەی شەهیدی بەرزی سەربەرز، دڵمان پڕەگڕو کڵاوڕێژە لە ژان و داخ و پڕە لە ئۆف و ئاخ، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا، دڵشادین بە ژیانی سەربەرزیتان و مەرگی پڕ لە شانازیتان. ئەی شەهیدی نەمر، تۆ نەمردوی و نامری، چونکە دڵت بە خوێنی نەتەوە پەرەستی گەرمەو دڵت لە شەرەف پارێزی سارد نەبۆتەوە، ئەی شەهیدی ڕوو سوور، ئەی بێچوە شێری سوور، ئێمە سورین لەسەر ڕێبازت، ژیانی تۆ و هاوەڵانت، ڕێبازی ژیان و بەڵگەی ئیمانە، ئەی شەهید، باوەڕی ئێوە چۆڵەچرای ڕێبوارانی ڕێی ئازادییە و بیری ئێوە دەست مایەی شادیە، نە ئێوە لە بیری شۆڕشگێڕان دەچن و نە شۆڕشگێڕان لە بیری ئێوە دەچن، هەتا لە کاروانی شەهیدانی سوورخەڵاتی کوردستان دەڕوانین، کاروانێکی نەپساوە دەبینن، سەرێ لەبن کۆشکی ستەمکارانی و داگیرکەرانەوە دێ و لەلای دوامین کەلاوەی ڕووخاوی کۆشکی ستەمگەری دەبڕێتەوە.
لەناو ئەو کاروانە دوورودرێژدا، دیمەنی شەهیدە سوور خەڵاتەکانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران لەگەڵ دیمەنی بەهەشتی شەهیدان دەکاڵێتەوە، ڕووناکی باوەڕیان دڵی کردونە چرای کوردستان، چاوی گەشیان دڵی فریشتەی پێ گەش دەبێتەوە، بەسەر بەرزی ژیان و بەسەر بەرزی لە ژیان دەرچون، لە ناو هێندێکیان دەبینین، کە کڵاوی پەرێز پاکیان بەلاتیری سەریانەوە ناوە، کڵاوی و زێڕینیان، بەسەر سەرەوە ناوەو پرسیاریان لەسەر نەماوە.
دەتوانین ئەمڕۆ بۆ وێنە، شەهید ئیبراهیم عەزیزی بهێنینە ناو کۆڕی باسەوە، شەهید ئیبرایم خوڕیاوایی بە بیستنی ناوی، پاسدار هەناوی دەکەوت، زراوی جاشی پێ دەتۆقی. بە تەنیا بەهێزێک و لەگەڵ هاوەڵان بە هەزار دەژمێردرا، پێشەنگی هێرش بوو، دوامین کەسی پاشەکشە بوو، مەرگ دڵی نەدەهات قووتی بدات، چونکە بازاڕی مەرگی گەرم داهێنابوو، یان نەیدەوێرا تخونی بکەوێ، چونکە شەهید برایم مەرگی لێ دەبارێ، شەهید برایم فریشتەی ئازادی بۆ قەڵای ئازادی بوو، شەهید برایم خوڕیاوایی کە تەمەنی لاوی خۆی لە شۆڕشی ڕەوای کوردستان، جەنگی داسەپاودا بە فیداکاری و لێبردوویی دوای هێنا. لە سەرەتای شۆڕشی کوردستان لە ساڵی 1358دا تێکەڵ بەکاری شۆڕش بوو،دواتر پێوەندی لەگەڵ سازمانی خەبات ی کوردستان گرت، لە 15 پانزەی خاکەلێوە 1360 دا، هاتە ناو ڕیزی سازمانەوە. لە هاوینی 1360 دا لەبەر دەست تەنگی خێزانیان و بژێوی ژیانیان لە پێشمەرگایەتی دانیشت. بەڵام لەگەڵ سازمانی هەر لە پەیوەندیدا بوو، لە بەهاری 1362هاتەوە ناو ڕیزەکانی سازمانی خەبات و پێشمەرگایەتی و بێ پسانەوە لە خەباتی بێ وچاندا بەشداری دەکرد. شەهید برایم لە ساڵی 1363 دا کرا بە سەرلکی شەهیدانی بۆیەن لە هێزی شەهید مامۆستا سەید خەلیل. لە ساڵی 1364دا، کرا بە بەرپرسی ڕێکخراوی نهێنی سەر بە کۆمیتەی
شارستانی بانە، لە ساڵی 1365 دا کرا بە بەرپرسی ڕێکخراوی حەوتەوانان سەر بە مەڵبەندی سێ.
شەهید برایم کە ورەی دڵی پێشمەرگەو خەڵک بوو، لە ساڵی 1342 دا لە بنەماڵەیەکی وەرزێر لە دایک بوو لە دێی خوڕیاوای بانە، هەر لەوێ چوە بەر خوێندن و چەند ساڵێک خوێندی، پاشان لەبەر نەداری، دەستی لە خوێندن هەڵگرت. شەهید برایم، لە ڕۆژی هەینی 14ی خەرمانانی 1365 لە شەڕێکی خوێناوی دا لەگەڵ جاش پاسدار و بەسیج دا، کە لە کوێستانی کوڕ و کچانی نێوان نجنێی ژوورو سیوچ و سەدبار کرا و زیانێکی زۆر بە دژمن گەیشت، بە گوللەی دوژمنانی ئازادی پێکرا و گیانی پڕ لە ئیمانی فڕی بۆ کۆڕی شەهیدان و تەرمی پیرۆزی بە شانی برا پێشمەرگەکان و خەڵکی بە شەرەف و کورد پەروەری ناوچەکە هێندرایەوە دێی بێلوێ و لە گۆڕستانی ئەوێ بە خاک سپێردرا.
هەزار سڵاو لە گیانی پاکی شەهید برایم و هاوەڵانی

2 ساڵ و 2 مانگ و 19 ڕۆژ و 30 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

یادی سەروەران: شەهید ئیبراهیم عەزیزی (برایم خوڕیاوایی)

یادی سەروەران: شەهید ئیبراهیم عەزیزی (برایم خوڕیاوایی)

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران