یەکی رەزبەر هات و کاتی کرانەوەی قوتابخانەو زانستگاکانە، لە ئێستاوە دەتوانین نیگەرانی و ترسی رژێم لە توێژی لاوان و خوێندکاران لە قسەی و بەرپرسان و راگەیێنەکانی رژێم بە جوانی بخوێنینەوە.
بۆ نمونە، رۆژی 31ی خەرمانان راگەیێنەکانی رژێم بڵاویان کردەوە کە دامودەزگا ئەمنیەکان کۆڕێکیان بەناوی "ئەفسەرانی جەنگی نەرم" بەرێوەبردووە کە تیایدا تەئکیدیان لە سەر ئەوە کردۆتەوە کە دەبێ رژێم خوێندکاران وەک جەبهەیەک لە مەیدانی شەڕی نەرمدا بەرێوەبەرێ.
رۆژنامەی حکومەتی ئارمان نووسی: "گرینگی بە هەستیاری و کاری زانستگاکان نادرێ! بەڵێ دەنووسێ هەستیاری زانستگا!. هەروەها رۆژی حەڤدەی خەرمانان، شۆرای بالای فەرهەنگی رژێم بە سەرۆکایەتی رۆحانی، بڕیارێکی پەسەند کرد کە دەبێ سەبارەت بە خەسارە فەرهەنگیەکان لە زانستگاکان، لێکۆڵینەوە بکرێ.
رایتی مەسەلەکە ئەوەیە کە رژێم بەگشتی لە وزە لاوانی ئێران دەترسێ. بەتایەبەت ئەوەی کە بە پێی ئامارەکان نزیک بە 70 لەسەدی کۆمەڵگەی ئێران لە لاوان پێک دێ. وە هەر وەک پێشتر بەرپرسانی رژێم ئیشارەیان پێ داوە، ئەوە بۆمبێکی سەعاتیە.
بەڵام بەشێوەیەکی تایەبەتی ئەو وزەیە کاتێ دەچێتە زانستگا، مەترسیەکانی زیاتر دەبێ. بەگشتی لە نێو لاواندا چینی خوێندەوار و هوشیار مەترسی زیاترە بۆ رژێم، زانستگا بەپێی میژووی سەردەمی ئێران یانی لە ساڵی 1332 بەملاوە، هەمیشە سەرچاوەی راپەرین و بەربەرەکانێ و ناوەندی ئاگایی و سەرهەڵدانی رێکخراو گەلی پێشەنگ و ئازادیخوازی خەڵکی ئێران بووە.
بەڵام بە راستی هۆی ئەو ترسە چیەو بۆچی رژێم نەیتوانیوە لەماوەی 37 ساڵی دەسەڵاتداریی دا، بەو هەموو سەرکوت و فێڵ و تەڵەکەبازی و پروپاگەندە بۆ رژێمەکەی،بەسەر ئەو مەسەلەدا سەرکەوتوو بێ.
هۆی ترسەکەیان ناوەرکی ئەو رژێمەیە، کە رژێمێکی دواکەوتوو و دژە خەڵکیە. یانی دروست ئەو شتەی لاوان قەبوڵیان نیە و دژین. ئەو رژێمە زەمانێک وزەی لاوانی دەرژاندە تەنووری شەڕی 8 ساڵە. بەڵام ئێستا کە شەڕیان بەدەستەوە نیە و ناتوانێ کار و پیشە بۆ لاوان بڕەخسێنێ و هەر بەپێی قسەی خۆیان نزیک بە 15 ملوێن لە لاوان بێکارن. کە وایە روون و ئاشکرایە کە ئەو دیاردە لە رژێندا دەتەقێتەوە. بەتایەبەت کاتێ لەگەڵ بزوتنەوەی ئازادیخوازی و خوازیانی روخانی رژێم گرێبدرێ، هێزی روخان بەرهەمدێنێ.
هەر لەبەر ئەوە کاتێ سەرنجی نیگەرانیەکانی دەسەڵاتدارانی رژێم سەبارەت بە لاوان بدەین، لە هەر کوێ ناوی لاوان دەبرێ لە جێدا باسی مەترسی دژمن و کارتێکەری فەرهەنگی دژمن لە لاوان دەکەن. بۆ نمونە لە ماوەی رابردوودا قسەی نوێنەری خامنەیی لە تەورێز "ئاخوند موجتەهیدی تەورێزی" لە راگەیێنەکانی رژێمدا بڵاوکرایەوە کە سەرەتا لە جیددی بوونی مەترسی نفوز وریایی دا و دوای ئەوە گوتی: دژمن بەدوای لاواز کردنی هەستی گیانبازی و فیداکاریە لە نێو لاواندا. مەبەست لە هەستی فیداکاری و گیانبازی هەمان فەرهەنگی رژێمە. رونە کە مەبەستی ئەو ئاخوندە لە دژمن لایەنەکانی خوازیاری لەناوچوون و روخانی رژێمە.
لە هەماکاتدا یەکێک لە پاسدارەکانی رژێم بەناوی ئوستاد حوسێنی گوتی: دژمن دەیەوێ لاوان تووشی بێ باوەڕی بکا. یان ئاخوند شاەئابادی یەکێکی دیکە لە ئاخوندە دیارەکانی رژێم ئیشارەی بە بەستنەوەو مەهارکردنی لاوان کرد و گوتی: یەکێک لە ئەرکە گرینگەکانی بەرێوەبردنی دەورەی بارهێنان، بەمەبەستی ئاشنایی و چەسپاندنی هزری ویلایەتە. بەڵام 37 ساڵە لەو کارەدا سەرکەوتوو نەبووین و تووشی کێشە بووین. دوای ئەوە درێژە دەداو دەڵێ بۆ ئەو کۆر و کۆبوونەوە و دەورانە بە ملیاردها تمەن خەرج کرا، بەڵام ئەنجامی ئەو کۆڕانە چبووە؟ وە بۆچی لە پێناسەکردنی فەرهەنگدا لە دابەزین و پاشەکشەداین؟ جوان سەرنج بدەن دەڵێ لە پاشەکشەداین. دوای ئەوەش ئیشارە بە کارتێکەری دژمن لەسەر لاوان دەکاو دەڵێ دژمن لە هەوڵدایە لاوان تووشی شک و گومان بکاو لەم ئێستادا پرسیار و گومان داوێنی لاوانی ئێمەی گرتووە.
بەڵام بەراستی ئەرکی لاوان بەتایەبەت خوێندکاران لەم هەلومەرجەدا چیە؟
باشترین جواب بۆ ئەو پرسیارە، بەشداری بەرچاوی لاوان و خوێندکارانی ئازادیخوازە لە بەرەی دژایەتی هەرچی زیاتری رژێمی ئاخوندان تا گەیشتن روخانی ئەو سیستەمە گەندەڵ و دواکەتووەو دامەزرانی حکومەتێکی خەڵکی و دیموکراتیک و پارڵەمانی و دابین بوونی مافی نەتەوەیی باقی ماف و ئازادیەکانی گەلانی ئێران.