لە پاش پشووێکی سێ مانگی،بۆ وەرزێکی نۆی مەدرەسەو ناوەندەکانی خوێندن و مەعریفە بەرووی مامۆستایان و خوێندکاران و فێرخوازان کرایەوە و چەرخی هیوا و تامەزرۆیی بۆ پێش کەوتن و گەشەدانی بناغەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی کەوتەوە گەڕ.
مامۆستایان و خوێندکارانی تێکۆشەر!
خەڵکی بەشەرەفی کوردستان!
لە پاش پشووێکی سێ مانگی،بۆ وەرزێکی نۆی مەدرەسەو ناوەندەکانی خوێندن و مەعریفە بەرووی مامۆستایان و خوێندکاران و فێرخوازان کرایەوە و چەرخی هیوا و تامەزرۆیی بۆ پێش کەوتن و گەشەدانی بناغەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی کەوتەوە گەڕ.
گۆمان لەوەدانییە پرۆسەی فیرکردن و فێربوون، دەکرێ بوتری لە سەرەکی ترین و گرینگترین قۆناغەکانی ژیانی مرۆڤایەتی و لە بەرهەمەکانی پێش کەوتنی بیر و ئەندیشەن لە پێناو بردنە سەرێی هوشیاری و زانست و پیشەسازی، و گرینگیەکی یەکجار زوری بۆ نەوەی ئێستاو و داهاتوو و رەوتی گەشەی مرۆڤ هەیە. هەر بۆیە سیستەمی راهێنان و پەروەردە لەلایەن وەڵاتان و نەتەوەکانی جیهان گرینگیەکی زۆری پێ دەدرێ و دەکرێ ئاستی پێش کەوتنەکانی هەر کۆمەڵگاێک بە پێش کەوتوویی سیستەمی پەروەردەی ئەو کۆمەڵگایانە مەزەندە بکرێ.
هەڵبەت سەربەخۆیی ناوەندەکانی بارهێنان و پەروەردە لە دەسەڵات و سیستەمی حکوومەت، مەرجی سەرخستنی پرۆسەی بارهێنان و خوێندنە و خاڵی یەکلایکەرەوەیەو پێش کەوتنی وەڵاتانی دیموکراتیکیش لەو خاڵە دایە و بە هیچ جۆرێک نیزامی خوێندن لەو ئیستانداردەی کە بۆی دیاری کراوە مەگەر بە لێکۆڵنەوەو بەراوردی شارەزایان و پسپۆران، دەنا هەر لە خۆوەو بە بریاری بە پەلەو بێ بنەما،ئاڵوگۆری بۆ بەرژەوەندییەکانی حکوومەت و دەسەڵات بە سەردا نایەت، و دواجار بەرهەمەکەشی پەروەردە و دەرهێنانی تاکی ئازاد و بیرمەند بووە.بە داخەوە لەوەڵاتانی دیکتاتۆریی بە تەواوی پێچەوانەیە و تەواوی پێکهاتەی خوێندن و نیزامی پەروەردە لە ژێر رەکێفی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و بۆ خزمەت کردنی دەسەڵاتدارانی زاڵم بووە و بەرهەمەکەشی تاکی بەندکراو بووە.
مامۆستایان و ئوستادانی هێژا!
هاوەڵاتیانی شۆڕشگێر!
ئەوەی روون و ئاشکرایە ئێران یەک لەو وەلاتە دیکتاتۆرانەیە کە پێکهاتەی دەسەڵاتداریەکەی بە پاساوی ئیدئۆلۆژی دواکەوتووانەی ئاخوندیی، سەرجەم جومگەکانی نیزامی بارهێنانی قۆرغ کردووە و بە دەیان فیلتیر و بەربەستی لەبەردەم پەروەردەی ئیستانداردی جیهانی دروست کردووە و بەوەش نەوێستاوە و مێژووێکی چەواشە و زانستێکی کۆمەڵایەتی ناسەردەمیانە و دژ بە ئازادییەکانی مرۆڤ پەرە پێ دەدا.
بێگومان کێشەی نیزامی خوێندن وبارهێنان لە ئێراندا تەنیا لەو چوارچێوەدا نیەو قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران پەل و پۆی هاوێشتۆتە سەرانسەری کۆمەڵگا و بە تەواوی هەموو بەشەکانی تووشی زیانی گەورە و خەسارەت کردووە. سیاسەتە شەرئەنگێز و ئاژاوەگیرییەکانی رژیمی ئاخوندی لە ئاستی ناوچەیی و تەریک کەوتنەوەی ئێران لە ئاستی جیهانی و تاڵان و دزی سەرسوورهێنەر و بە فیرۆ دانی داهاتی گشتی و بایکوت و لەرزوک بوونی ئابووری و پەرەدان بە بیکاری و هەژاری و دەیان خەسارەتی کۆمەڵایەتی تر ، بێگومان کاردانەوەی لەسەر هەموو بەشەکانی تری کۆمەڵگا و یەک لەوانە نیزامی خوێندن و پەروەردەی کۆمەڵگاش دەبێ. لە وەڵاتیکی تا سەر ئیسقان نوقمی کێشە و ئالۆزی و نەهامەتی ناکرێ چاوەریێ ئاست بەرزی نیزامی خوێندن بین و هۆکاری سەرەکی بۆ هەموو ئەو کێشانەش تەنیا و تەنیا دەگەرێتەوە بۆ دەسەڵاتدارانی زێدەخواز و نەزانی ئاخوندی کە لە پێناو حوکمی نارەوایان، ئامادەن هەموو بایەخ و بەهاکان بخەنە ژێر پێ و کۆمەڵگا بە هەموو چین و توێژەکانیەوە بکەنە قوربانی حەزەکانی خویان.
مامۆستایان و خویندکارانی کوردستان!
بێگومان ئەو بارودۆخە خەماوییە لە کوردستانی ژێر ستەمی ئاخوندی زیاتر کارەساتبار و هەژێنەرترە و سیاسەتی جیاوازیی دانانی چەندین ساڵەی ئاخوندان لە راست خەڵکی کوردستان زیاتر لە 35 ساڵە بەردەوامە و ستەمی نەتەوەیی بەرۆکی هاوەڵاتیانی گرتووە. یەکێک لەو لایەنانەی وەک ستەمی زیاتر دەبیندرێ نەهێشتنی خوێندن و فێربوون بە زمانی زکماگیە و بە پێچەوانەی بەڵینە درۆینەکانیان خۆێندن بە زمانی دایک تا ئێستاش نە تەنیا کاری پێ ناکرێ بەڵکو وەک تاوانیک تەماشای دەکرێ و رێگەی پێنادرێ.
ئەوەی جێگەی ئومێد و خوشحاڵیە سەرەرای بوونی هەموو ئەو کێشە و کەند و کۆسپانە ئیرادەیێکی بە هێز بوونی هەیە بۆ پەرەدان بە زانست و خوێندن . خەڵک زۆر بە باشی لەوە گەیشتوون کە تاکە رێگە رووبەرووبوونەوەی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندییە و یەکێکیش لەو کاردانەوە کاریگەرانەی دەکرێ بەکار بهێندرێ، بردنە سەرەوەی ئاستی وشیاری و زانینی کۆمەڵگا و تاکەکانیەتی و مێژووش سەلماندویەتی کە چینی خوێندکار و فێرخواز هەمیشە کاراکتەری سەرەکی بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی ناعادیلانەی دەسەڵاتداران بوون و دەسەڵاتی ئاخوندیش زۆرترین ترسی لەو توێژە وشیارەی کۆمەڵگا هەیە.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران وێرای پیرۆزبایی ئەو رۆژە گرینگە لە سەرجەم مامۆستا و خوێندەوان و فێرخوازان سلاو بۆ ئیرادەی شۆڕشگێرانەی ئەو توێژەی کۆمەڵگا دەنێرێ و دووپاتی دەکاتەوە کە تەنیا رێگەی کۆتایی هاتن بە هەموو ستەم و بێ بەشیەکان لە ناوبردنی دەسەلاتی دیکتاتۆری ئاخوندی و دامەزراندنی حکوومەتێکی دیمکراتیک و پارلەمانیە و بۆ ئەو مەبەستەش یەکانگیریی سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگا و بە تایبەتیش چینی وشیارتری کۆمەڵگا حەیاتیە و بەردەوام بوون لەسەر خوێندن و وەرگرتنی زانست و مەعریفە یەکێک لە رێگەکانە بۆ کورت کردنەوەو کۆتایی هاتنی تەمەنی دەسەڵاتدارانی ئاخوندیی.
بروخێ رژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی
سەرکەوێ خەباتی کوردو گەلانی ئێران
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوەندی
4ی رەزبەری 1395