ڕەزبەری هەموو ساڵێک لە ئێراندا زیاتر لە 12 ملوێن قوتابی و خوێندکار روو لە قوتابخانە دەکەنەوە. کردنەوەی قوتابخانەکان لەم مانگەدا دەبێتە هۆی خۆشی و شادی منداڵان، بەڵام لە دەسەڵاتداریی ئاخونداندا منداڵان و مێرمندڵان هەر زوو تامی تاڵی ژیان لە ژێر سێبەری شوومی ئەو دەسەڵاتەدا بچێژن.
ڕەزبەری هەموو ساڵێک لە ئێراندا زیاتر لە 12 ملوێن قوتابی و خوێندکار روو لە قوتابخانە دەکەنەوە. کردنەوەی قوتابخانەکان لەم مانگەدا دەبێتە هۆی خۆشی و شادی منداڵان، بەڵام لە دەسەڵاتداریی ئاخونداندا منداڵان و مێرمندڵان هەر زوو تامی تاڵی ژیان لە ژێر سێبەری شوومی ئەو دەسەڵاتەدا بچێژن.
لەو نێوەدا قوتابخانە کەپری و داروخاو بێ کەرەستەکانی دێهات و ناوچە هەژارەکان دەرخەری دژە خەڵکی بوونی ئەو دەسەڵاتە دواکەوتووەیە، لەبەر ئەوەی قوتابیانی ناوچە هەژارەکانی وەڵات، لە قوتابخانەگەلێک دەخوێنن کە نەدیواریان هەیەو نەسەقف و نەکەرەستەی وەک مێز و سەندەڵی کە لەسەری دانیشن.
بەراستی ئازاربەخش نیە کاتێ رۆژنامەی حکومەتی مێهر یەکی ڕەزبەری 1393 لە زمانی یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی زانستی کۆلیژی پزیشکی زانستگای زاهیدان دەنووسێ: زۆر جاری وا بووە قوتابی لەسەر کلاس لە هۆشی خۆی چووە، کاتێ لێکۆڵینەوەی لەبارەوە کراوە، زانیومانە کە قوتابیەکە لە 24 سەعات لەوەپێش هیچی نەخواردوەو رۆژی پێشتر تەنیا هێلکەیەکی خواردوە. هەروەها لە درێژەدا دەڵێ: بەداخەوە زۆربەی منداڵان و قوتابیانی ئەو پارێزگایە لە وەها هەلومەرجێکدا دەژین.
لێرەدا جێی خۆیەتی باسی ئەو خاڵە بکرێ کە بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران لە ساڵی 1390 زیاتر لە 9 ملوێن و 483 هەزار و 28 کەسی نەخوێندەوار لە ئێران بوونی هەبووە کە لەو ژمارەیە 6 ملوێن و 25 هەزار و 965 کەس ژنن، یانی دوو لە سەر سێی نەخوێندەوارەکانی ئێران لە ژنانن.
کارنامەی رەشی رژێمی ئاخوندان لە باری بارهێنانی منداڵان لە قوتابخانە: بە سەرنجێکی راگەیێنەکانی رژێم گۆشەیەک لە هەلومەرجی خراپی قوتابخانەکان و بارهێنان و بەگشتی لەناوبردنی جیلەکانی ئێران زیاتر ئاشکرا دەبێ.
قسەو بەڵگەکان بە رادەیەک روونن کە توورەیی لە دەسەڵاتداران زیاتر و زیاتر دەکاو جوێ لە روخان و لەناوبردنی تەواوی پێکهاتەی دژە خەڵکی ئەو دەسەڵاتە وەڵام و رێگەیەک ناهێڵێتەوە.
رۆژنامەی حکومەتی ئیلنا 3ی جۆزەردانی 1395 بڵاوی کردەوە کە، وێدەچێ خەڵکێکی زۆر وابیر کەنەوە کە پارێزگای فارس پارێزگایەکی دەوڵەمەند و خەڵکەکەی خۆشحال بن، کە بە هاتنی گەریدەی ناوخۆیی و خاریجی بۆ بینینی ئاسارە بەنرخ و مێژووییەکانی رۆژ بە رۆژ سەرمایە و دارایی زیاتر بێ، بەڵام راستیەکی تاڵ لە نێو دێهاتە هەژارو وشکهەڵاتووەکان و خەڵکێکی نائومێد و خەماوی کە لە نێو دەست و کێوەکاندا چاوەرێی داهاتوویەکی نادیار دەکەن، بەدیی دەکرێ.
ئەو رۆژنامەیە لە درێژەدا ئیشارە بە کێشەی پەروەردەی یەکێک لە دێهاتەکانی ئەو پارێزگایە دەکا کە ئەو دێ یە هەرچەند 27 قوتابی هەیە بەڵام تا ئێستاش قوتابخانەیەکی بۆ دانەنراوە. هەرچەند بینای قوتابخانەی تێدایە بەڵام دەرگاکەی بەرووی قوتابیەکاندا داخراوە. ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان پێی راگەیاندوون کە ژمارە قوتابیەکان بەو ئەندازە نیە کە مامۆستایان بۆ تەرخان بکا. ئیدارەی پەروەردەو بارهێنان پێی باشە بینای قوتابخانەکە بدا بە کەسانێکی تایبەت کە ئەوانیش لە باشترین حاڵەتدا مەڕوماڵاتی تێ دەکەن و قوتابخانەکەی دەکەنە گەوڕ و گەلەخان. بەراستی جێی داخە کە مەڕو ماڵات لە قوتابخانەدا بن و قوتابیانی دێ بۆ خوێندن ئاوارەی شار و شارۆچکە دوورەکان بن.
هەواڵدەری حکومەتی ئیرنا، 10ی خەزەڵوەری 1393بەو شێوە باس لە مەسەلەی فێرکردن لە ئێران دەکا، کە لە 17 ساڵی رابردوودا 6 قوتابخانەی دێهات ئاگریان گرتووەو لەو رووداوەدا 63 خوێندکار تووشی سووتاوی هاتوون و 4 قوتابی گیانیان داوە، یان ئەوەی کە لە هەندێ لە قوتابخانەکان ئاوی خواردنەوە دەست ناکەوێ، 30 قوتابخانەی کەپڕ لە باشووری پارێزگای کرمان چالاکی هەیە، لە 11 پارێزگا خێمە وەک کلاسی خوێندن بەکاردەبرێ، ئەو مامۆستایانەی کەوتوونە ژێر قوتابخانە رووخاوەکان و چەندین نمونەی دیکە گەندەڵێ فەشەلی دەسەڵاتداران لە باری پەروەردە و فێرکردن زیاتر ئاشکرا دەکا.
لەلایەکی دیکە هەواڵدەری حکومەتی مێهر 15ی گەلاوێژی 1395، لە زاری محەمەد موحسین بەیگی بەرێوەبەری گشتی پەروەردەو بارهێنانی پارێزگای کرمان نووسی: 50 بۆ 60 قوتابخانە کەپری لە ئوستانی فارسدا بوونی هەیە کە لە 6 هەزار قوتابخانەی ئەو پارێزگایە 800 قوتابخانە داروخاو بێ کەڵک بوونی هەیە کە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.
رۆژنامەی حکومەتی مێهر 23ی پووشپەڕی 1395 لە زمان فەرمانداری جاجروم نووسی: بەداخەوە دوای تێپەڕینی ئەو هەموو ساڵە لە تەمەنی شۆرشی ئیسلامی هێشتا لە هەندێ ناوچەی ئەو ئوستانە قوتابخانەی کەپڕی بوونی هەیە.
ئەو مۆرەی رژێم لە درێژەدا دەڵێ: شاری جاجروم 6 قوتابخانەی داروخاو چوار قوتابخانەی دوو شیفتە (دوو دەوام)ی هەیە کە بۆ چارەسەری ئەو وەزعە پێویستمان بە هیمەتی خێرخوازان هەیە.
هەواڵدەری حکومەتی مێهر 31ی خەرمانانی 1395 لە زاری عەلی نەقی یەزدانپەنا بەرێوەبەری گشتی عەشائیری وەزارەتی پەروەردەو فێرکردن نووسی: لە ئێستادا 171 هەزار و 442 قوتابی لە 6 هەزار و 45 قوتابخانەی عەشائیری خەریکی خوێندنن. لە پارێزگای خوراسانی باشوور بەرێوەبەری گشتی پەروەردەو فێرکردنی عەشائیری باسی لە کەمی کەرەسە و کەل و پەلی خوێندن بۆ قوتابیانی عەشائیر کردوەو لە خوزستانیش بەرێوەبەری پەروەردە و بارهێنانی عەشائیری باسی لە کەمی 150 قوتابخانەیان کەمی هەیە.
بوونی کلاسی چەند پایە، کەمی کەل و پەل و کەرەستەی فێرکردن، هەڵکەوتەی سەخت و شاخاوی، نەبوونی سرویسی هاتووچۆ، دانانی هەندێ کلاس لە خێمە و کەپر یان بینای کرێ تەنیا بەشێکن لە کێشەکانی قوتابیان لە ناوچە دوورەدەست و عەشائیریەکان.
هەروەها رۆژنامەی حکومەتی هەمشەهری 27ی رە٠زبەری 1392 نووسی: کەپرنشینی لە دوای ئینقلابیش تا ئێستا لە هێندێ ناوچەی وەڵات وەک پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان، هورموزگان و کرمان بوونیان هەیە.
ئەو رۆژنامەیە هەر سەبارەت بە کێشەی پەروەردە لەو ناوچانەدا درێژە و دەڵێ لاوازی بەرێوەبەری حکومەت بۆتە هۆی ئەوەی کێشەی قوتابیان وەک خۆی بمێنێ. نەبوونی هەلی لەبار و ستاندارد بۆ فێرکردن وەک تاریک و گەرم بوونی کلاسەکان، نەبوونی سرویسی تەندروست و ئاو، تێکەڵاوی لە کلاسەکان، بوونی جڕ و جانەوەر لە نێو کلاسەکان و نائەمین بوون، نەبوونی کەل و پەلی وەرزشی و زەنگی وەرزش لەو کێشانەن کە قوتابیانی کەپرنشین بەدەستیانەوە گیردۆ بوون.
هەواڵدەری حکومەتی مێهر سێ شەممە 7ی ڕەزبەری 1394 لە زمان فەرمانداری منوجان بەو شێوە ئیعترافی دەکا، هەندێ لە قوتابخانە نائیستانداردەکانی وەک کەپر لە باشووری کرماندا بوونیان هەیە، هەندێ لەو قوتابخانە کەپریانە بەهۆی کۆچ و جێ بەجێ بوونی دانیشتوان بەهۆی ووشکەساڵیەوەیە کە بۆتەهۆی ئەوەی هەندێ لە قوتابخانەکان قوتابیان تێدا نەبێ و لەبەرامبەردا هەندێ کە قوتابخانەکانی دێهاتی دەورووبەر رێژەیەکی زۆری قوتابی تێدایە.
هەواڵدەری فارسی سەربە سوپای پاسداران 5ی ڕەزبەر 1394 لە ژێر ناوی "قوتابخانە ووشک و گڵیەکان" نووسی: فەرمانداری رێگان ئیشارەی بە بوونی 50 قوتابخانەی نائیستانداردی وشک و گڵی کە زیاتر لە 35 ساڵیان تەمەنە، کرد و زیادی کرد: بەو پێ یەی ناوچەکە بوومەلەرزەی زۆر لێی دەدا ئەو قوتابیانەی کەپری و گڵین مەترسیدارن.
هەواڵدەری حکومەتی مێهر 23ی خەرمانان 1395 نووسی: محەمەدی چگنی بەرێوەبەری گشتی نوێ کردنەوەی قوتابخانەکانی پارێزگای لورستان گوتی: قوتابخانەی کەپریمان لە لورستان نیە بەڵام 24 قوتابخانەی وەک کەپر و 50 قوتابخانەی خشت و گڵی و تەختەودارمان لە لورستاندا هەیە کە دەورەکەی بە بەرد هەڵچنراوەو سەرەکەی بە نایلۆن داپۆشراوە.
هەواڵدەری حکومەتی خوێندکاران ناسراو بە ئیسنا، لە زاری عەلیرەزا نخعی بەرێوەبەری گشتی پەروەردە و بارهێنانی سیستان و بەلوچستان 21ی پووشپەڕی 1393 نووسی: لە ئێستادا لەو پارێزگایەدا 18 هەزار پۆلی خوێندن بوونی هەیە کە لەو ژمارەیە 11 هەزار پۆل پێویستی بە نوێ کردنەوە هەیە کە ئەو کارە پێویستی بە 3000 ملیارد تمەن هەیە.
رۆژنامەی حکومەتی مێهر سێ شەممە 1ی رەزبەری 1393 لەبارەی قوتابخانەکانی سیستان و بەلوچستانەوە دەنووسێ: کەمی 800 هەزار جێ بۆ خوێندن و زیاتر لە 8 هەزار مامۆستا و موعەلیم، نەبوونی سرویسی تەندروستی لە زۆربەی قوتابخانەکان و دێهات و عەشائیری، جێبەجێ کردنی خوێندکاران بە ماشینی باری (وانت) لە دێهاتەکان و هاتووچۆ بەپێ بۆ قوتابخانە تەنیا بەشێکە لە کێشەی قوتابیان کە بۆتە هۆی ئەوەیەک بۆ ساردبوونەوە لە خوێندن. قوتابیان سیستان و بەلوچستان بەتایبەت باشووری ئەو پارێزگایە لە مێژە خوویان بە کلاسە ووشک و گڵی و بێ کەڵکەکان گرتووە کە لەگەڵ بارینی باراندا دادەخرێن.
عەلی قاسمی بەخشداری تایبەتی خارک لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەری حکومەتی تەنسیم 29ی بەفرانباری 1392 گوتی: 90 لەسەدی داهاتی نەوتی وەڵات لە خارکەوە وەدەست دێ بەڵام بەداخەوە 60 لەسەدی قوتابخانەکانی ئەو جەزیرە بێ کەڵک و داروخاون و زۆر زوو دەبێ داخرێن. ناوبراو هەروەها دەڵێ بەرپرسان دەبێ پێش ئەوەی رووداوێک رووبدا قوتابخانەکانی ئەو جەزیرەیە نۆژەن بکەنەوە.
رۆژنامەی حکومەتی خوێندکاران ناسراو بە ئیسنا 16ی خەرمانانی 1395 لە زمان بەرێوەبەری ئیدارەی پەروەردە و فێرکردنی پارێزگای سمنان دەنووسێ: زیاتر لە 48 لەسەدی قوتابخانەکانی ئەو پارێزگایە پێویستیان بە نۆژەن کردنەوە هەیە چوونکە 45 بۆ 50 لەسەدی قتابخانەکانی ئەو پارێزگایە زیاتر لە 30 ساڵە سازکراون.
ماڵپەڕی حکومەتی ئەلف 13ی رەشەمەی 1392 لە زاری جێگری ئاوەدانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان نووسی: نزیکەی یەک لە سەر چواری کلاسەکانی وەڵات پێویستیان بە نۆژەن کردنەوە هەیە، بەشێوەیەک جێی مەترسین کە هەر ئان ئەگەری رووداوێکی دڵتەزێن لە ئارادایە.
زۆرێک لە منداڵانی وەڵات لە کلاس گەلێکدا دەخوێنن کە هێشتا رووناکی پێویست، سرویسی تەندروستی، کەل و پەلی وەرزیشی، ئاوساردکرەوە، کورەی ستاندارد و کتێبخانەیان نیە، تا بگا بەوەی کەرەسەی بارهێنانێکی وا کە جیلێکی بەتوانا و بەهێزیان لێ دروست بکا.
هەواڵدەری ئیسنای سەربە سوپای پاسداران لە زمان پارێزگاری خوزستان 6ی خەرمانانی 1395 نووسی: من سەبارەت بە خوێندنی قوتابیانی ئازیزی ئەو ئوستانە کە لە قوتابخانەی کەپری و وشک و گڵی دەخوێنن کێشەی گەورەمان هەیە نەک هەر ئەوندە لە باری دەرمانیش کێشەمان هەیە، بمابوورن تەواوی ئەو کارانە ئەرکی ئێمەیە.
ئیعترافی دەسەڵاتدارانی رژێم بە قوتابخانەی کەپری:
رۆژنامەی ئێران 8ی سەرماوەزی 1394 لە زمانی محەمەدی نەوبەخت سەرۆکی رێکخراوی بەرێوەبەری و پلاندانانی حکومەتی ئاخوند رۆحانی بەو شێوە دەنووسێ: هەر چەند بەباشی دەزانم ئەو بوجەیە تەواو نیە و هێشتا هەواڵی ئەوەمان پێ دەگا کە لە وەڵاتدا قوتابخانەی کەپری بوونی هەیە. حکومەت دەسەڵاتی سنووردارە و رۆژ نیە وەزیرێک بۆ دارایی و پوڵی زیاتر پێوەندی نەگرێ. وەزیری تەندروستی باسی لە کێشەی سەلامەتی دەکا، وەزیری شارسازی باس لەو رێگانە دەکا کە بۆ خەڵک مەترسیدارن، وەزیری خوێندنی باڵا لە کەمی بوجەی زانستگاکان قسە دەکاو ئێمە ماوینەوە بەو کەمە بوجە چی بکەین.
هەواڵدەری فارسی سەربە سوپای پاسداران رۆژی 21ی خاکەلێوەی 1394 لە زاری عەلی ئەسغەر فانی وەزیری پەروەردە و فێرکردنی حکومەتی رۆحانی نووسێ: یەک لە سەر سێ ی قوتابخانەکانی وەڵات نا ئیستانداردن و ئەو رێژەیە لە هەندێ ناوچە گەیشتۆتە 60 لەسەد.
ناوبراو لە درێژدا دەڵێ: بەو پێ یە ئەگەر بوومەلەرزەیەک بێت بێگوومان کارەساتێکی گەورە لە قوتابخانەکاندا روو دەدا.
رۆژنامەی حکومەتی ئیبتکار 18ی خەزەڵوەری 1393 لە زمانی وەزیری پەروەردە و فێرکردنەوە نووسی: من خۆم چوومەتە قوتابخانە کەپریەکان، دروست کردنی کەپر لە ناوچە گەرمەسێرەکان رێگەیەکی چاکە و لەگەڵ ئاو و هەوای ناوچەکە دێتەوە.
دەتوانین ئەو نەتیجە بگرین لە بەو پاکانەکردنەیە کە لە دوای تێپەڕینی 37 ساڵ لە تەمەنی پڕ لە دەرد و ئازاری رژێم، هێشتاش قوتابخانەی کەپری لە ئێراندا ماون.
و لە کۆتایی دا، ماڵپەڕی حکومەتی عەسری ئێران 28ی گەلاوێژی 1391 لەگەڵ ئیعتراف بە دامەزرانی قوتابخانە لە وەڵاتانی کومور و بیناسازی لە وینزوئێلا لەلایەن رژێمی ئێرانەوە، توورەیی خەڵک بەو جۆرە باس دەکاو دەنووسێ: کاتێ خەڵک دەبینن بێ لانەیی و هەژاری و نەداری بێداد دەکا لە هەمان کاتدا هەواڵی ئەوە بڵاو دەبێتەوە کە دەوڵەت جیاز و پێتەکی هەژارانی تاجیکستان و تەیارکردنی قوتابخانەکانی کومور و بیناسازی لە وینزوئێلا وەئەستۆ دەگرێ، کاتێ رۆژانە هەواڵی دزی و گەندەڵی چەند ملیاردی لە بانک و دەزگا دەوڵەتیەکان بڵا, دەبێتەوە، کاتێ لەوە تێدەگەن کە مافیای فڵان کاڵا لە ئەستۆی فڵان ئاقازادەیە و ئەوەی دیکە ئیمتیازی هاوردەکردنی فڵان کەرەسەی هەیە و نمونەی ئەمانە کە کەم نین، دیارە بە تێپەڕینی کات خەڵک وردە وردە باوەڕیان نامێنێ.
هەر وەک لە وتەی دەسەڵاتداران و چاپەمنیەکانیان دا ئاشکرایە، مەسەلەی رژێم نە پەروەردە و بارهێنانە، نە تەندروستی و دەرمانە و نە ژینگەیە، بەڵکوو مەسەلەی رژێم تەنیا و تەنیا راگرتنی حکومەتەکەیەتی بە هەر نرخێک بێ کە وایە تەنیا رێگەی کۆتایی هاتن بەم هەموو گیروگرفتەش روخان و لەناوچوونی رژێمە، ئەوەی ئامانجی سەرەکی بزوتنەوەی ئازادیخوازی خەڵکی ئێران و کوردستانە.