هێزە سەرکوتکەرەکانی رژیم شەوانە هەڵدەکوتنە سەر ماڵی هاووڵاتیان
بەپێی ڕاپۆرتانەی لە ناوخۆوە بەدەستمان گەیشتووە, هێزە بەکرێگیراوەکانی حکومەت شەوانە هەڵدەکوتنە سەر ماڵی هاووڵاتیان و لاوەکان و پیاوان دەسبەسەر و شیشە و پەنجێرەی ماڵەکان دەشکێنن. هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەکان و ئەو فیلمانەی پێمان گەیشتوون خەڵکیش بە شناسایی کردنی لیباس شەخسییەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات, زۆرێک لەو بەکرێگیراوانەیان سزا داوە و لە شەقامەکانیش هێزەکانیان ڕاو ناوە.
ڕاپەڕینەکانی جەماوەر بۆ مەحکوم کردنی شەهیدکرانی #ژینا_ئەمینی و پشتیوانی و هاودەردی لە خانەوادەی ئەمینی و شاری سەقز و کوردستان، بە یەکگرتوویی و هاوئاهەنگی زۆرترەوە لە شارەکانی ئێران و کوردستان بەردەوامە. لە شاری ورمێ خەڵکی کورد و تورک بە شێوەیەکی یەکگرتوو دروشمی "آذرباییجان بیدار است مدافع کردستان است" سەر ئەدەن, لە زانستگاکانی تاران و ئەزەهرا خوێندکارانی بوێر وێڕای لابڕدنی لەچک و سەرپۆش بەرەورووی هێزی ئەمنیەتی زانستگاکە بونەتەوە و دروشمی "مرگ بر دیکتاتور" سەر ئەڵێنەوە. شایانی باسە ماڵپەڕەکانی بەیتی خامنەیی، دەوڵەت، بانکی ناوەندی و وەزارەتی ئیرشاد و حەوزەی علمییەی قۆم هاک کراون.
هێزە تاوانکارەکانی رژیم راستەوخۆ دەستڕێژی لە خەڵکی راپەڕیو دەکەن و مخابن تا ئێستا، فواد قەدیمی خەڵکی دیواندەرە، ئیمان بێهزاد پوور لە سنە، فەرجاد دەرویشی ۲۳ ساڵان لە ورمێ، ڕەزا لوتفی لە دێگولان، زەکەریا خەیاڵ تەمەن ۱۶ ساڵ لە پیرانشار، پەیوەست بە کاروانی شەهیدان بوون. هەروەها لە سنە پێنج چالاکی بزوتنەوەی ژنان بە ناوەکانی: فەرانەک ڕەفێعی, باران ساعدی, ماهروو هیدایەتی, ئازادە جەماعەتی و بەهار زەنگی بەند و لە کامیاران ئەنوەر قوربانی یەکێک لە چالاکانی مەدەنی ئەو شارە و لاوێک بەناوی ئیحسان قادری دەستبەسەر کراون.
ڕاپەڕینەکان هەتا دێ بەتەوژمتر دەبێ و وێڕای شەهید و بریندار بوونی ژمارەیەک لە راپەڕیوان و دەستبەسەر کرانی ژمارەیەکی زۆری دیکە، بەڵام راپەرین و ناڕەزایەتیەکان تا دێ گشتگیرتر و بەربەڵاوتر دەبێتەوە