شارەکانی کوردستان بە تەواوی میلیتاریزە و هێزی زیاتر لە شارەکاندا جێگیر کراوە
بەپێی هەواڵەکان رژیمی ئاخوندی لە شارەکانی کوردستاندا رێوشوێنی سەرکوتگەرانەی دیکەی گرتووەتەبەر.
لە دوای ئەوەی راپەرینەکان هەموو شارەکانی کوردستانی گرتەوە و لە چەندین شاری وەکوو، سەقز، بۆکان، دیواندەرە، بانە، شنۆ، سنە، کرماشان، مەریوان و سەردەشت خەڵکی ناڕازی لە زوڵمی و ستەمی ئاخوندان و بۆ تۆڵەی خوێنی ژینا ئەمینی پەلاماری بنکە و مۆڵگەی هێزە سەرکوتگەرەکانیاندا و توانیان تەنگ بەو هێزانە هەڵچنن و لە شارەکان وەدەریان نێن، رژیم ئەو شارانەی بە تەواوی میلیتاریزە کردووە. بەپێی هەواڵ رژیم ئاڵووگۆڕی بە هێزەکانی خۆی لە شنۆ کردووە و جاش و پاسداری لە شارەکانی دەورووبەرەوە بۆ ئەو شارە بردووە زۆربەی کۆڵان و سەر شەقامەکانی پڕ کردووە لە جاش و پاسدار. ئەو هێزانەی رژیم لە شنۆ لە هیچ کەس دەست ناپارێزن و دەگوترێ بەبێ هیچ بیانوویەک دەچنە سەر ماڵی خەڵک و لاوان دەگرن و هەڵسوکەوتی توند و بێ رێزانەیان لەگەڵ دەکەن.
بەپێی دوایین زانیاریەکان شارەکانی بانە، سەردەشت، سەقز و دیواندەرە بە تەواوی میلیتاریزە کراوە و لەو شارانەدا هێزێکی زۆری رژیم مۆڵدراوە. زیانیاریەکان باس لەوە دەکەن زۆربەی مەیدان و شەقامە سەرەکیەکانی ئەو شارانە بە هێزی زۆر و بۆری دەسەڵاتی ئاخوندان تەوق دراوە.
لە شارەکانی سنە، کرماشان، بۆکان، مەریوان وێڕای مۆڵدانی هێزێکی زۆری دەسەڵات، بەڵام راپەرین بە شێوەی جیاجیا راپەرینەکان درێژەیان هەیە. بەپێی زانیاریەکان لاوان و ئافرەتانی کرماشان و سنە لەگەڵ تاریک و روونی ئێوارە دێنە سەر شەقامەکان و هەتا نیوە شەو شەقامە سەرەکیان و دەوری مەیدانەکانی ئەو شارانە دەبێتە شوێنی راپەریوان. جەماوەری راپەریوی ئەو شارانە بە دانی دروشم و شیعارەکانی وەک مەرگ بۆ خامنەیی، ژن ژیان ئازاد، جەهموری ئیلامیمان ناوی، "توپ تانک فشفشە آخوند باید گم بشە" ترسیان خستۆتە دڵی هێزەکانی رژیم.
بەپێی راپۆرتەکان لەم راپەرینانەدا هەتا ئێستا لەشارەکانی کوردستان نزیک بە 20 کەس شەهید و نزیک بە 170 کەسیش بە تەقەی هێزەکانی رژیم بریندار کراون.