مانگرتنی گشتی لە تێکڕای شار و ناوچەکانی کوردستان بەرێوەچوو
خەباتمێدیا: لە درێژەی راپەرین و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان لە شارەکانی کوردستان و ئێران، لەسەر داوای تێکڕای هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و پشتگیری هێزە ئازادیخوازە ئێرانیەکان، رۆژی شەممە ۹ی ڕەزبەر ۱۴۰۱ هەتاوی, لە زۆربەی شار و ناوچەکانی کوردستان مانگرتنی گشتی بەشێوەیەکی بەرین و گشتگیر بەرێوەچوو.
بەهۆی فشارە جەماوەریەکان لەسەر رژیمی ئاخوندی، ئەو دەسەڵاتە بە خەیاڵی خۆی دەتوانێ بە پەلاماری بنکە و بارەگای هێز و لایەنە سیاسیەکان دەتوانێ خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لە داوا و فشارەکانیان بۆسەر دەسەڵات کەمکاتەوە، بەڵام لە دوای بانگەوازی ئەحزاب و سازمانە سیاسیەکانی کوردستان، مانگرتنی گشتی و ناڕەزایەتی جەماوەری کوردستان و ئێران چووە قۆناغێکی نوێ و بەرینترەوە.
بەپێی هەواڵەکان، ئەمرۆ لە هەر چوار پارێزگا و ئوستانەی کوردستانی ئێران و بە دیاری کراوی لە شارەکانی نێ, دێگولان, پاوە, دیواندەرە, ئیلام, کرماشان, کامیاران, سەقز, ڕەوانسەر, جوانڕۆ, سەردەشت, مەریوان, نەغەدە, بانە, سنە, ورمێ, مەهاباد, شنۆ, پیرانشار, ڕەبەت, شاهۆ, دزج و مرگۆڕ لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوەو مانگرتنی گشتی دەستی پێ کردوە و خەڵکی بێزار لە زوڵم و ستەمی ئاخوندان بەو مانگرتنە نایەکی مەحکومی دیکەیان بە رژیمی ئاخوندی ئێران گوتەوە.
شایانی باسە هەر ئەمرۆ لە کوردستانی باشور هەندێک لە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە بەشداری بەرین و بەربڵاوی ئەندامان و لایەنگەری حیزبەکانی کوردستانی ئێران و چالاکانی سینفی و مەدەنی, لە پێش درگای نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە شاری هەولێر, بە دروشم و خوێندنی بەیاننامه دەنگی خۆیان خستە پاڵ ناڕەزایەتیەکانی کوردستان و ئێران دژ بە رژیمی ئاخوندی و پەلامارەکانی ئەو دەسەڵاتە بۆ سەر هەرێمی و کوردستان و ئەحزاب و سازمانە سیاسیەکانیان شەرمەزار کرد ز داوایان لە حکومەتی عێراق, حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ کرد پێش بە سەرەڕۆیی دەسدرێژی رژیمی ئێران بۆ سەر وەڵاتانی جیران بگرن.
هەروەها هاوکات لەگەڵ ئەم مانگرتنانە خوێندکاران لە زۆربەی زانستگاکانی ئێران مانیان لە خوێندن گرت و بە کۆبوونەوەی و دانی دروشمی جیاجیا ناڕەزایی خۆیان لە دەسەڵات و سەرکوت و چەوسانەوە و هەروەها دەسبەسەر کردنی خوێندکارانی ڕاپەڕیو دەربڕی.
خوێندکارانی زانستگاکانی تاران: پونەک, میعماری و هۆنەر, علوم و تەحقیقات, بەرق, ڕۆژئاوا, ئەزەهرا, پارس, عیلم و سەنعەت, بەهەشتی, قۆلهەک و هەروەها زانستگاکانی شارەکانی بابۆل, سەنعەتی شەریف و دەروازە شیارازی ئیسفەهان, ئازادی گەوهەردەشت, بیرجەند, پزیشکی و کوردستانی سنە, تەورێز, زەنجان, فردەوسی مەشهەد, کەرەج, ئیرەمی شیراز, خارەزمی کەرەج, ئازادی قودس, ڕازی کرماشان, زانستی بنەڕەتی گیلان و شاری کورد بەشێک لەو زانستگانە بوون کە بەشدارییان لەم نارەزایەتیەدا کرد. بەپێ هەواڵەکان وەک چاوەڕوان دەکرا ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتیانە لە لایەن حکومەتەوە بە گازی فرمێسکڕێژ و هێزی سەرکوت وەڵام دریاوەو بەڵام خوێندکارە بوێرەکان لە هەندێک لە زانستگاکان هاتنەدەر و تێکەڵ بە خەڵکی مەدەنی دروشمی ڕوخانی حکومەتیان بەرزتر دەوتەوە.
شایانی باسە لە چەند وێستگەی میترۆی تاران خەڵک بەدانی دروشم پشتیوانی خۆیان بۆ خوێندکارانی ناڕازی نیشان دا.