پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

راگەێندراوی کومیتەی ناوەندی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٣٥ ساڵەی دامەزراندنی سازمانی خەباتی کوردستانی ئیرانەوە

راگەێندراوی کومیتەی ناوەندی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٣٥ ساڵەی دامەزراندنی سازمانی خەباتی کوردستانی ئیرانەوە

هاو نیشتمانیانی تێکۆشەر، خەلکی خەباتگێڕی کوردستان!                 

کەس و کار و بنەمالەی سەربەرزی شەهیدان!

ئەندام و لایەنگران و پێشمەرگە قارەمانەکانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران!.

ئەوا دیسان ئەستێرەی پڕ تیرێژی ٥ی خەرمانان،لە ئاسۆی بڵندی چیای تێکۆشان و خۆراگری خەباتی رزگاریخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران، خۆی دەرخستەوە. سەر لە نوێ شنەی شەماڵی دل لاوێنی خەرمانان، فێنکی خستەوە دڵ و هەناوان. تەتەری خۆش خەبەری شۆڕش و خەبات، کارنامەی ساڵێکی تری لە خۆڕاگری وهەوڵ و تێکۆشانی رۆلەکانی گەلی کوردی لە ریزەکانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران دا، کردە  دیاری و جێژنانەی جێژنی ٥ی خەرمانان و زۆر رۆح سووک و خوێن شیرین، گەیاندیە تێکڕای چین و توێژەکانی کوردستان.                                              

جەماوەری تێکۆشەری کوردستان!

 خەباتکارانی رێگای راستی خەباتی نەتەوایەتی و ئازادیخوازانی بە بڕیار و خاوەن وەرە و باوەڕ!     

       پێنجی خەرمانانی ئەمساڵ بیرەوەری ٣٥ساڵەی دامەزراندنی سازمانێکی خەباتگێڕ و فیداکاری کوردیە لە کوردستانی بن دەستی دەسەڵاتی رەشی رژیمی ئاخوندی دا  کە وەک پێویستێکی سەردەم و بۆ وڵامدانەوەی ویست و داخوازیەکانی چین و توێژێکی بەرین و بەرچاوی کۆمەڵگای کوردەواری و وەک بەرهەڵستکارێکی جێی متمانەی خاوەن باوەڕانی مافی نەتەوایەتی لە رۆژهەڵاتی کورستان ،لە دژی سەرەڕۆیی و بێ دەربەستی و خۆ پەرەستی و دیکتاتۆریی دەسەڵاتدارانی سەردەم لە ئێران دا هاتە ئاراوە. سازمانێک  کە دوای تاوتوێکردنێکی وردی زانستیانە و هەڵسەنگاندنێکی مەنتیقیانەی هەل و مەرج و قۆناغ، لە بیرو هزری مرۆڤی زانا و خەباتگێڕ و دەربەست بە مافەکانی مرۆڤ و لەسەروویانەوە جەنابی مامۆستا سەیید جەلال حوسێنی و  بۆ دابین کردنی ئازادی و سەربەستی نەتەوە و نیشتمان و نەهێشتنی دواکەوتوویی و ژێر دەستیەوە گەڵاڵەکرا و لە چوارچێوەی دامەزراوە و سازیێکی سەربەخۆی بڕیاردەر و خۆراگر و بە دەربەست و خاوەن هەڵوێست و پرینسیبی سیاسی دیموکراتخواز و فیداکاردا ،خۆی نواند . هەر دوابەدوای خۆناساندن و بڵاوکردنەوەی یەکەم راگەێندراوی ئەم سازمانە، جەماوەری کوردەواری بە هەموو چین و توێژەکانیەوە لە دەوری کۆبونەوە و لە ماوەێکی کورتدا بووە یەکێک لە لایەنە بەرچاوەکانی کوردستانی و لە سەنگەری پێشەوەی خەبات بۆ وەدی هێنانی مافە زەوتکراوەکانی کورد دا لە هیچ چەشنە فیداکاری و دڵسۆزێک بۆ نەتەوە و نیشتمان کۆتایی نەکرد.                                                                          سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە رەوتی بەرەوپیش چوون و هەڵدان و پیگەیشتنی خویدا، گەلیک قۆناغ و هەل و مەرجی دژوار و زۆر هەوراز و نشێوی بڕیون و بە سەر زۆر کەند و کۆسپ دا زاڵ و سەرکەوتوو بووە کە ئەگەر رەسەنایەتی  بیر و باوەڕ و هەڵبژاردنی گونجاوترین خەت و رێبازی سیاسی و خوێندنەوەێکی سەردەمیانەی رووداوەکان و راستگۆیی و خۆ گونجاندن لەگەڵ ویست و داخوازییەکانی گەل و شۆڕش و فیداکاریی پێویستی رۆڵە بە شەرەفەکانی ئەم رێبازە و ژیری و وردبینی سەرکردایەتی و گۆڕانکاری بەردەوام لە شێوەی کار و چاڵاکی سیاسەت و رەوتی کاری ئەم سازمانەدا نەبووایە، سازمانی خەباتیش وەک زۆر لایەن و جەریانی تر،چ کوردی و چ غەیرە کوردی کە نەک هەر نەیان توانی خۆ راگرن و بوونی خۆیان بپارێزن، بەڵکو هەر ئاسەواریشیان نەما و لە بیر جەماوەر و تەنانەت دامەزرێنەر و پەیڕەوانیشیان چوونەوە، ئاسەواری نەدەما و خوێن و رەنجی شەهیدان و دڵسۆزانی بە فیڕۆ دەچوو، بەڵام کاتێک کە داوا و رێباز و بیر و باوەڕ رەسەن و بەڕێوەبەری دڵسۆز و ژیر و  کادر و بەدەنەی فیداکار و تێگەیشتوو بوون ، بەردەوامی و بەرەو پێشچوون و هەڵدان و پێشکەوتن و پێگەیشتن و هاو تەریب بوون لەگەڵ رەوتی بەرەو پێشچوونی رووداوەکان و هاوئاهەنگی و سەرئەنجام یەک دەنگی و هاوهەڵوێستی لەگەڵ لایەنی تری هاوبەش و هاو ئامانج دا، مسۆگەر دەبێ و کەس ناتوانێ بەر لە راستی و رەوایی و هەوڵ و تێکۆشانی وەها سازمان و لایەنێک بگرێ. 

بە خۆشیەوە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران ، خاوەنی هەموو ئەو پرێنسیب و خاڵە ئەرێنیانەیە کە دەبێ لایەن و دامەزراوەێکی کوردی رەسەن و خەباتگێڕ بۆ رزگاری گەل و ئاوەدانی و پێشکەوتنی نیشتمان هەیبێ.  سازمانی خەبات لە هەل و مەرجێکی وادا هاتە ئاراوە کە لە لایەکەوە رژیمی رەگەزپەرســت و خورافاتی  ئاخوندی، بە رێبەرایەتی دڵڕەش و خوین مژترین دیکتاتۆر (خومەینی) لە ژیر درشــــــــــــــم   و ئاڵای ئێسلام دا ، وڵامی داخوازیە رەواکانی گەلی کوردی موسڵمانی بە لەشکر کێشی و فتـــــــــوای جیهاد و لە ناوبردنی گەلی کورد و سڕینەوەی ناوی نیشتمانمان ،، کوردستان ،، لە سەر نەخــــشــــــــــــەی جوغڕافیا دایەوە و لە لایەکی تریشەوە خاوەن باوەرانی رێبازی چەپ لە چوار چێوەی حــیــــــــــــزب    و رێکخراوی کوردی و غەیرە کوردی دا ، کوردستانیان کردبووە سەنگەری دژی رژیمی بەناو ئێسلامی ئاخونـــدی . لە وەها هەل ومەرجێک دا بۆ وڵامی بەهانەی لەشکرکێشی رژیم و خەبات بۆ رزگاری و رێـــز گـــرتن لـــــــە هەست و بیر و باوەری کۆمەڵانی موسڵمانی کورد  ، لە سەنگەری خەباتی رەوای دژی داگیر کەرانی کوردستان دا، سازمانی خەبات ی کوردستان بوونی خۆی راگەیاند .

  بە لە بەر چاوگرتنی ئەو راستیانەی باسکراون ، دامەزراندنی سازمانی خەبات  لەو قۆناغەی خەباتی کورد لە کوردستانی بن دەستی ئێراندا ، پێویستێکــــــــــــــــی حاشا هەڵنەگر بوو. هەر بۆیە مامۆستا سەید جەلال حوسەینی و کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی شۆڕشگێڕ و روناکـــــــبیر و کەسانــــــــــــــی خاوەن رابردووی پاکی کوردایەتی، گەڵالەی وەها سازمانێکیان داڕشت و پاش تاوتوێ کردن و هەڵ سەنگاندنـــــــی هەل و مەرجەکە ، لە ژێر ناوی رێکخراوی خەباتی نەتەوایەتی و ئیسلامی کوردستانی ئێران دا ، بوونـــــــی خۆی وەک رێکخراوێکی سیاسی شۆڕشگێڕ  راگەیانــد.  ئەمە لە لایەکەوە باشترین وڵام و چـــــــەک بــــــوو بۆ بەربەرەکانی رژیمی دژی گەلی بەناو ئیسلامی ئاخوندی و لە لایەکی تریشەوە سەنگەریکی تری قایمـی خەباتی رزگاریخوازانەی گەلی کورد بوو بۆ ئەو کەس و چین و توێژانەی کە باوەڕیان بە مافە رەواکانــــــی کورد و خەبات کردن بۆ وەدەست هێنانی ئەو مافانەیان هەبوو. بەڵام تا ئەو دەم رێکخراو و حیــزبێکــی لایەنێکی بـە باوەڕی خۆیان لەو گۆڕەپانەدا نەدەدی . 

   سازمانی خەبات لە رەوتی شۆڕشی رەوای گەلی کورد لە دژی دژمنی داگیر کەر لە کوردستانـــــی بن دەستی ئێران لە سەنگەری چەکداری دا، زۆر حەماسە و شانازی خوڵقاندوون کـە بۆ هەمیشە مــــــێـــــــژووی خەباتی رەوای گەلەکەمان شانازیان پێوەدەکا و بە سەرخەتی دیار و بەرچاو لە سەر لاپەڕەکانی خـــــۆی دەیان نووسێ و بە یادگار بۆ نەوە و قۆناغەکانی داهاتووی دوور و نزیکی گەلەکەمانیان هەڵدەگــــــــــــــرێ . ئەو خوێن و خەبات و رەنجەی کە سازمانی خەبات لەو پێناوە دا پێشکەشی کردوون، ئەگەر بەرچاوتر لە زحمەت و تێکۆشانێک کە لە مەودای شۆڕشی رەوای گەلی کورد بە درێژایی مێژوو پێشکەش کراون ، کەم رەنگتـــــر نەبوون و نین. هەر بۆیەشە لە داوی تێپەڕ بوونی ٣٥ ساڵ بە سەر تەمەنــــــــی ئەم سازمانە دا، خەباتیەکان و ریبـوارانی ئەم رێگا و رێبازە ، هەر وا دڵ پڕ لە هـــــیوا بە رزگاری وسەر کەوتــــــــن ، لــــــــە سەنگەری خەبات و بەرخودان دا ماون و شان بە شانی باقی حیزب و رێکخراوە ئازادیخـوازەکـــانـــی نـــــاو گۆڕەپانی خەباتی رەوای کوردستان و تێکۆشان و موبارەزەی سەرتاسەری لە ئێران دا، دیارن و خاوەن جێ پەنجــە و هەنگــاون و هەر ئێستا بە کردەوە لە سەنگەری دیفاع لە نەتەوە و نیشتمان لە دژی داعش و نەیارانی کوردو وکوردستان فیداکاری دەکەن .

ئەوەی لە مێژووی پڕسەروەری سازمانی خەبات دا جێگەی تێرامان و لێوردبوونەوەیە ئاستی کرانەوە و ئەمرۆیی بوونی ئەو تەشکیلاتەیە و ئەو ئاڵوگۆرە سیاسیانەی بەسەر خەت و رێباز و بەرنامەی سازمانی خەبات لە جەریانی کۆنگرەی سێهەمی سازمانی خەبات هاتە ئارا وەک گۆرینی ناو و ئامانجی سازمانی خەبات بۆ حیزبێکی نەتەوەیی و نیشتمانی کە لە پێناو دامەزراندنی حکوومەتێکی دیموکراتیک و پارلەمانی تێکۆشانی بەردەوام دەکات، دەرخەری ئاستی کراوەیی و ووشیاری و بە رۆژبوون و چەق نەبەستنی رێکخراوەکەمانە.

 ئەوەی کەدەبێ بە بێ لە خۆبایی بوون پەیڕەوان و هاوباوەڕانی رێبازی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران شانازی پێوە بکەن ، ئەو بیر و باوەڕە بێخەوشە کوردایەتیە خۆماڵیانە و خەباتی نەتەوایەتی و ئاشتیخوازانەیە کە داوی ٣٥ ساڵ بە بێ دوودڵی و ماندوو بوون، پەرەی پێ دەدرێ و قۆناغ لە دوای قۆناغ بە پێی پێداویستی سەردەم و هاوتەریب لەگەڵ ئاڵ و گۆڕە نێونەتەوەیی و ناوچەییەکان ، پەرەی پێدراوە و رەنگ و بۆی سڵ کردن و نامۆیی لێ کەم و کاڵ کراوەتەوە و لە چوارچێوەی تەسکی ئیدئۆلۆژی دا هێندراوەتە دەر و شان بە شانی لا‌یەنە جێ باوەڕ و متمانەکانی تری سەر گۆڕەپانی سیاسی و خەباتی رەوای کوردایەتی بۆ رزگاری نەتەوە و نیشتمان دەوری بەر چاوی هەیە. بە جۆرێک کە لە باس و خواس و رووداوەکان دا خاوەن دەنگ و ناوە و بە ئیقراری بەشیکی زۆر لە وانەی کە لە سەرەتای دروست بوونی دا نەیاریان دەکرد و رێگەیان لە پەرەگرتنی دەگرت ، یەکێک لە لایەنە خاوەن هەڵوێست و دەنگەکانە و ناکرێ لە پەراوێز خرێ و لە معادەلاتە سیاسیەکانی ئەم سەردەمەی شۆڕشی رەوای کورد لە  رۆژهەڵاتی کوردستان دا دەر هاوێژرێ.

ئەندامان و لایەنگرانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران!

   لێرەدا وێڕای دەستخۆشی لە هەموو دڵسۆزانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران ، رۆژی پێنجی خەرمانان، ٣٥ هەمین ساڵرۆژی دامەزراندنی سازمانی خەبات بە هەموو  ئەندام و لایەنگران و دۆستانی، پیرۆزبایی دەلێن و سڵاو دەنێرین بۆ گیانی بەرز و پیرۆزی مامۆستا سەیید جەلال حسێنی دامەزرێنەر و رێبەری هەرگیز نەمر و سەرجەم شەهیدانی سازمانی خەبات و رێگەی رزگاریی کوردستان و سەری رێز بۆ بنەماڵە و کەس و کاریان دادەنوێنین. سڵاو دەنێرین بۆ زیندانیانی سیاسی و قەڵافەتی مێرانەی چالاکانی سیاسی و شۆڕشگێڕانی رێگای رزگاری نێشتمان و خاوەن هەڵوێستانی بە باوەڕ لە ئامێزی خۆشەویستی دەگرین . وەک رێبوارانی رێگای شەهیدان ، روو دەکەینە‌ هەموو ئەوانەی کە خۆیان بە دڵسۆزی شۆڕش و هەڵگری بیرو باوەڕی خەباتی رەوای گەلی کورد دەزانن و لە روانگەی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانەوە دەڕواننە ئاسۆی رزگاری نەتەوەکەمان، دەڵێن: وەرن با بیرەووری 5ی خەرمانان بکەینە وزەو تین بۆ هەوڵ و تێکۆشانمان لە پێناو خەباتی رەوای گەلەکەماندا. وەرن با بە بێ دوودڵی، چاکی دڵسۆزی لێ بەلادا کەین و هەر کام لە بەر خۆمانەوە بە پێی گەڵاڵە و بەرنامەی دیاری کراو لە بەر رووناکی رێ و شوێن و بڕیارەکانی سازمان دا، دەست بدەینە دەستی یەک و چی لەم پێناوەدا لەدەستمان دێ کۆتایی نەکەین. دڵنیا بن هەموومان بە هاوکاری و هاو فکری یەکتری دەتوانین بە باشترین شێوە خزمەت بکەین و رووحی شەهیدەکانمان شاد و شانازی بۆ خــۆمان دەستەبەر بکەین! 

  بەرز و پیرۆز بێ یادی ٣٥ ساڵەی پێنجی خەرمانان،ئەستێرەی پێنج پەڕی ئاسمانی خەباتی نەتەوایەتی کورد لە کوردستانی ئێران.

 بژی کورد، ئازاد و ئاوەدان بێ کوردستان.! 

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

کومیتەی ناوەندی

27ی ئۆگۆستی ٢٠ ١٥ی زایینی بەرانبەر بە 5ی خەرمانانی ١٣٩٤ کۆجی خۆری.

 


9 ساڵ و 2 مانگ و 25 ڕۆژ و 2 کاتژمێر و 55 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

راگەێندراوی کومیتەی ناوەندی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٣٥ ساڵەی دامەزراندنی سازمانی خەباتی کوردستانی ئیرانەوە

راگەێندراوی کومیتەی ناوەندی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٣٥ ساڵەی دامەزراندنی سازمانی خەباتی کوردستانی ئیرانەوە

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران