درێژەی ڕاپەڕینەکان لە سەرانسەری کوردستان و ئێران
ئەمڕۆ چوارشەممه ۱۳ی ڕەزبەر ۱۴۰۱ هەتاوی مانگرتن و ڕاپەڕینەکان لە شار و ناوچەکانی کوردستان و ئێران درێژەی هەیە.
لە ۲۴ سەعاتی ڕابردوو قوتابیانی قوتابخانەکان تێکەڵ بە ماگرتن و ڕاپەڕینی زانستگاکان و خوێندکاران بوون و بە دروشم دان لە قوتابخانەکان و هەروەها دڕاندنی وێنەی خومەینی و خامنەیی جەلادانی ڕژیم و فڕێ دانی سەرپۆشەکانیان بەشداریان لە راپەرینەکاندا کرد و دژی هەموو پێکهاتە رژیمی ئاخوندی دروشمیان دا. ئەم ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینانە لەکاتێکدایە کە هێزی سەرکوتکەری ڕژیم تەواوی هەوڵی خۆی بۆ سەرکوتی ناڕازیان ئەدات و بە سەدان کەس لە راپەریوان شەهید کراون کە تەنیا لە بەلووچستان هەتا ئێستا زیاتر لە ۸۳ کەسی شەهید کردوە. سەرەڕای ئەو دڕندەیی و سەرکوتە بێبەزەییانەی حکومەت ئاگری ڕاپەڕین لە شارەکانی کوردستان و ئێران بڵێسەدارتر بووە و جەماوەری زیاتر تێکەڵ بەڕاپەڕینەکان دەبن.
هەروەها دابڕان و جیابوونەوەی ئەفسەران و پلەدارەکانی ئەرتەش و ئورگانە سەربازی و ئەمنیەتیەکانی سەر بە رژیم زیاتر بووەو شاهیدی رێژەیەکی زۆری ئەو کەسانەین کە دەگەڕێنەوە بۆ باوشی گەل.
شایانی باسە شەوی ڕابردوو دەسەڵات بەهۆی کەمی هێزی سەرکەوتگەر ناچار بە بەکارهێنانی هێزی ژنان بە مانتۆ و شەرلواڵەوە, بە مەبەستی سەرکوتی جەماوەری راپەریو, ئەوەش سەلمێنەری ئەو راستیەیە کە هێزە سەرکوتکەرەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ماندووتر دەبن و توانای بەرەوڕووبوونەوەی جەماوەریان نەماوە.
چین و توێژەکانی سەرانسەری کوردستان و ئێران پێکەوە و بە یەکگرتوویی و تەبایی بە خوێندکار و بازاڕی و قوتابی و فەرمانبەران بۆ ڕووخانی حکومەت تێدەکۆشن.