درێژەو بەرینبوونەوەی ڕاپەڕینەکان لە شار و ناوچەکانی کوردستان و ئێران
ڕۆژی شەممە ١٦ی رەزبەر، لە زۆربەی شار و ناوچەکانی کوردستان و ئێران ڕاپەڕین بە بەشداری خەڵکی مافخواز و بێزار لە ستەم بەڕێوە چوو وە هەتا کۆتاییەکانی شەو درێژەی کێشا و لە ئاکامدا زۆربەی شوێن و ناوچە ستراتیژی و گرنگەکان لە شارەکان کەوتە دەستی لاوان و خەڵکی ڕاپەڕیو. هێزی سەرکوتکەر و بەکرێگیراوی ڕژیم لە زۆربەی شوێنەکان نەیانتوانی پێش بە خەڵکی ڕاپەڕیو بگرن و مەجبوور بە پاشەکشە بوون و چەندین خۆفرۆش و بەکرێگیریاو لە لایەن خەڵکەوە سزا دران. لەلایەکی دیکەو بەهۆی دڕندەیی هێزە سەرکوتگەرەکانی رژیم چەند کەس بە شەهید و بریندار کران.
هەر لەو پێوەندەدا بنەماڵەی یەکێک لەو شەهیدانە بەناوی داریوش عەلیزادە بەوپەڕی بوێری و شەهامەتەوە داوایان لە خەڵک کرد کە سەرەخۆشیان لێ نەکەن و ڕۆڵەکەیان پێشکەش بە ڕاپەڕین و ئازادی کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ی رەزبەریش مانگرتن و ڕاپەڕین لە شار و ناوچەکانی کوردستان و ئێران درێژەی بوو. کاسبکاران لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەستیان لە کار کێشایەوەو داوایان لە هاوکارانیان کرد کە ئەوانیش پەیوەست بە مانگرتن و ڕاپەڕینەکان بن.
خوێندکاران و قوتابیان هاودەنگ و یەکگرتوو درێژەیان بە مانگرتنەکانیان داوە و حکومەتیش لە دژکردەوەدا زانستگاکان و خوێندنگاکانی وەک قوتابخانەکانی شاری جوانڕۆ و هەروەها زانستگاکانی کوردستان, ئازادی ئیسلامی, پەیام نوور, فەنی و تکنیکی, زانستە پزیشکیەکانی لە پارێزگای سنە داخستووە. هەروەها چەند چالاکی مەدەنی و هونەرمەند وەک بەهار ئەسڵانی چالاکی کوردی دانیشتووی تاران و هونەرمەندێکی یارسانی بە ناوی سەیید عرفان حەیدەری دانیشتووی کرماشان و چەند کەسی دیکەی دەستبەسەر کردووە.
شایانی باسە گرووپی هەکەری عەداڵەتی عەلی شەوی ڕابردوو کەناڵی یەکی دەنگ و ڕەنگی ڕژیمی هاک کرد و داوایان لە خەڵک کرد کە بۆ کۆتایی هێنان بە زۆڵم و ستەم بێنە سەر شەقامەکان.
مانگرتنەکان لە سەرانسەری کوردستان و ئێران درێژەی هەیە و خەڵک بڕیاریان داوە هەتا کۆتایی هێنان بەو حکومەتە پاشەکشە لە ویست و داخوازەکانیان نەکەن.