ئەو ژینایەی لە هەڕەتی لاوێتی دا
بە ناحەق ژینی لێ زەوت کرا
بەس من نەمردووم و هەر ماوم
من بومە چەخماخەی شۆڕش
بوومە هاوار
بوومە هاواری کپکراوی چەندین ساڵەی گەلەکەم
بوومە هاواری دایکانی جەرگ سووتاو
بوومە هاواری ژنان و کچانی بەناحەق ڕسوا کراو، لاقەکراو
بوومە هاواری شلێرەکان
من بوومە هاواری منداڵانی هەتیو
بوومە هاواری ژن و مناڵی کۆڵبەری لەخوێن گەوزاو
بوومە هاواری ئەو پیاوانەی سفرەیان خاڵییەو زۆریان لە شەرمەزاری و نەداری خۆیان کووشت
من هاواری ئەو دایکانەم، بۆ منداڵی نەخۆشیان و سکی برسی کۆرپەکانیان، ناچارن سواڵ دەکەن
من هاواری ئەو کەسانەم ئەندامی جەستەیان وەک گورچیلە، دەفرۆشن بۆ بژێوی ژیان
من هاواری ئەو باوکەم بۆ شیری وشکی مناڵە برسیەکەی، ناچار بە دزی بوو
من هاواری توشبووانی ماددەی هۆشبەرم
هاواری مناڵانی کارم، مناڵانی بێ بەش لە مافی خوێندن
من هاواری ئەو غەریبانەم بە ئاخ لە دڵی لە هەندەران سەر دەنێنەوە
من هەر ماوم تا مافی گەلم دەستێنم