ماڵپەری. حکومەتی ئابووری ٢٤ نووسیویەتی: ئێستا رێژەی هێڵی هەژاری خانەوادەکان لە ئێران گەیشتووەتە ١٨ ملیۆن و ٢٩٠ هەزار تمەن. ئەم هەواڵە لە لایەن فەرامەرز تۆفیقی، بەرپرسی لێژنەی حەقدەستی ناوەندی ئەنجوومەنەکانی کرێکاری ئیسلامییەوە ڕاگەیەندرا و وتی جەستەی کۆمەڵگای کرێکاری ئێران وەک نەخۆشییەک وایە کە بە ١٠ ٠ªی لێدانی دڵ دەژی، ناوبراو وتی هەم لە ڕابردوودا و هەم ئێستا سامانە سروشتییەکان و پێگەی ستراتیژی ئەم وڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەمیشە بەرچاو بووە بەڵام لە ئێرانی ئەمڕۆ پرسی هەژاری و کار قەیراناویە. ئەو لێکۆڵینەوانە کە لە دەیەی ۹۰ ئەنجامدراون دەریدەخەن کە خێزانە گەورەکانی ئێران سەرەڕای ئەوەی کاریان هەیە، ناتوانن ئیمکاناتی پێویستی ژیان بۆ بنەماڵەکانیان دابین بکەن.
ئەو منداڵانەی کە لەگەڵ هەژاری و نەداری و قەیراندا گەورە دەبن تووشی بەدخۆراکی دەبن و دەکرێ کاریگەری لە سەر قۆناغەکانی دیکەی تەمەنی هەبێت، ئەم قەیرانانە تەنانەت دەتوانێ کاریگەری لەسەر نەوەکانی داهاتووش هەبێت.
جگە لەوە، پسپۆڕانی بواری خۆراک چەندین جار وریاییان لە شێوەی بەکارهێنانی هەڵەی خۆراک لە منداڵان و تەنانەت کەسانی تەمەن مامناوەند داوە و ئەم پرۆسەیەیان بە مەترسیدار زانیوە بۆ داهاتووی وڵات. لە ئێراندا ئەمە لە کاتێکدا ڕوودەدات کە ئەم وڵاتە خاوەنی سەرچاوەی وزەی فراوانە بە بەراورد بە قەبارەی خۆی، بەم شێوەیە توانای زۆری هەیە بۆ پەیداکردنی داهات، بەڵام بەداخەوە رێژەی هەژاری لە ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە و ژمارەی ئەو کەسانەی پێویستیان بە هاوکاریە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە. جگە لەوەش ٧٧.٤ ملیۆن کەس، واتە نزیکەی ٩٠ ٠ªی خەڵکی ئێران هاوکاری وەردەگرن، لە لایەکی دیکەوە پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە تا مانگی پووشپەڕی ٢٠ ٢٢ نرخی خۆراک لە ئێران بە بەراورد بە ساڵی پێشووتر ٤٣٠ª زیادی کردووە، کە هۆکارە سەرەکییەکان بریتین لە وشکەساڵییەکی توند، گەمارۆەکان، هەڵاوسان، گەندەڵی بەرپرسەکانی زۆربەی دامەزراوە حکومەتییەکان و هتد...
لە سەرەتای مانگی بانەمەڕ وێڕای بانگەشەی حکومەت بۆ بەناو نەشتەرگەری ئابووری بە ئامانجی یارمەتیدانی بەکارهێنەران و کەمکردنەوەی نرخەکان، بەڵام نرخی نان و کەرەستەی خاوی تر بەرزبووەوە و ئەو بانگەشانە کاریگەری پێچەوانەی هەبووە. تەنانەت لەم پێوەندەشدا کەمی مەوادی خۆراکی و شەکر و نەوتمانمان بینی.
بەپێی ڕاپۆرتی ئێران پرایمەر و بە پشتبەستن بە ئاماری ناوەندەکانی رژیم، تا سەرەتای ساڵی ٢٠ ٢٢ نزیکەی ٣٠ ٠ªی خانەوادەکان لە ژێر هێڵی هەژاریدا ژیاون. هەندێک لە شارەزایان وای بۆ دەچن کە لانیکەم نیوەی ٨٥ ملیۆن دانیشتوانی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا بژین و لە ئێستایشدا هەڵاوسان بۆ هەموو کاڵاکان گەیشتووەتە ٤٠ %.
فەرامەز تۆفیقی، لەم ڕووەوە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند کە: "هیوای کرێکارێک بۆ خاوەن ماڵ بوون لە تاران، بە بێ لەبەرچاوگرتنی زەروورەتی دابین کردنی جل و بەرگ و دوکتور و دەرمان و خەرجییەکانی خوێندن و خەرجییەکانی دیکە بۆ ١٢٣ ساڵ بەرزبووتەوە.
ئێستا هێڵی هەژاری ڕێژەیی خانەوادەکان لە ئێران گەیشتووەتە ١٨ ملیۆن و ٢٩٠ هەزار تمەن. لەم نێوەندەدا، ئەفشین حەقپەرەست پسپوری ئابوری، بە ئاماژەدان بە دروستبوونی ڕۆژانەی 2700 ملیار تمەنی نەختینە، باسی لەوە کردوە کە دەبێ چاوەڕوان بین کە هێڵی هەژاری تا کۆتایی ساڵ بگاتە زیاتر لە 18 ملیۆن تمەن، لە لایەکی دیکەوە ئامارە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تێکڕای تێچووی ژیان بۆ کرێکاران مانگانە گەیشتووەتە زیاتر لە ١٨ ملیۆن تمەن، بێگومان گەشەی خێرای هەڵاوسان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێویستە لەبەرچاو بگیرێت و ئەگەری ئەوە هەیە کە هێڵی هەژاری تەنانەت ١٨ ملیۆن تمەن تێپەڕێنێت تا کۆتایی ساڵ و ئەم بۆشاییە گەورەیە لە نێوان تێچوون و داهاتی خەڵکانی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە.
ئەم بۆشاییە قووڵە کاریگەری زۆری لەسەر ئاستی ژیانی ماڵەکانی ئێران لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی وەک خانووبەرە، پەروەردە، چارەسەر و هتد هەیە و خەڵکێکی زۆر کە لە هەژاری مامناوەندان، دەهێنێتە پلەی برسیەتی.