تێکۆشانی ژنانی ئێران بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لە بەرانبەر دواکەوتوویی و ستەمگەری و هەروەها ئەو پیاوانەی کە هەستی خۆسەپێن و پیاوسالاریان هەیە، هەمیشە گرینگ و هەندێک کات زۆر ڕادیکاڵ بووە.
هەرچەندە فکری پیاوسالاری و هەوڵدان بۆ توندڕەوی مەزهەبی و دواکەوتوویی کۆمەڵگا زۆر کاریگەریان لەسەر سستی پرسی ژنان هەبووە، بەڵام ئەم پرسانە هەرگیز ژنانی لە هەوڵ دان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان ماندوو نەکردوە.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی پێکهاتەی پیاوسالاری ئەوە بووە کە هەمیشە هەوڵیان داوە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی چەواشەکاری و تاوانبارکردن و بە کەم سەیرکردنی ئافرەتان و زۆر بابەتی تر، پاشەکشە بە ئافرەتان بکەن بۆ ئەوەی نەتوانن داکۆکی لە مافەکانیان بکەن و درێژە بە خەباتی ڕەوایی خۆیان بدەن.
بۆ نموونە ژن وەک دواکەوتوو، خورافاتی، هەستیار، کەم متمانە بە خۆبوون، ترسنۆک و ... هتد دەناسێندرێن.
لە هەمان کات دا، لەڕێگەی بەرجەستەکردنەوەی بەشێک لە کولتوور و یاسا دواکەوتووە کۆمەڵایەتییەکان و هەوڵدان بۆ چاوپۆشی لە دەسکەوت و خەباتی ژنان و ڕەوایەتی دان بە سەرکوتکەریەکان لەبەرامبەر ئافرەتان دا، هەوڵیان داوە ژن و پرسەکانی وەدواخەن و ناسنامەیەکی مێیینە بۆ ژن پێناسە بکەن، کە تەنیا بە داپۆشینی قژی ژنان سنووردار نییە، بەڵکوو ژنان ناچار بە قبووڵکردنی ئەوە بکەن کە بێ توانا و بێ مافن.
بۆیە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" زیرەکانە دڵی ئەم سیستەمە دیکتاتۆر و دژە ژنەی کردە ئامانج.
ئەم دروشمە نوێنەرایەتی ئەو بیرکردنەوە دەکات کە لە ڕاستیدا شۆڕشی ڕەگەز لە ئێران، ڕێگای سەرەکیە بۆ گەیشتن بە دیموکراسی.
دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" توانی هەموو بیرۆکە سیاسی، حیزبی، مەزهەبی و نەتەوەییەکان و هەروەها هەموو چین و پێکهاتەکانی ناو کۆمەڵگا لە خۆبگرێ. چونکە ئامانجی ئەم بزووتنەوەیە بەهێزکردنی چینێکی کۆمەڵگایە کە بە درێژایی مێژوو بە دڕندانەترین شێوە سەرکوت کراوە و پشتگوێ خراوە. جگە لەوەش شۆڕشی ئافرەتانی ئێران دەتوانێت ئیلهامبەخش بێت بۆ بزووتنەوەی ژنان لە هەموو جیهاندا و ببێتە هێزێک بۆ ڕزگارکردنی ژنان لە هەژموونی پێکهاتە پیاوسالارییەکان.
پێویستی گرنگیدان بە شۆڕشی داهاتوو لەبەر ئەوەیە کە پێکهاتە پیاوسالارییەکان هەموو هەوڵێکیان داوە و بۆ ئەوەی دەسەڵات دابەش نەکەن و دەست بەسەر شۆڕشی ئێستا بگرن. بۆیە پێداگری لەسەر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و بەهێزکردن و پەرەپێدانی ئەم دروشمە زۆر گرنگە.
ئەوە کاری ئێمەیە کە بە هەستیاری و وریایی و وردبینی تایبەتەوە ئاگاداری بین و لەو ڕێگەوە
داخوازییەکانی ژنان کە بەشدارییەکی یەکسانی تەواویان هەبێت لە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کۆمەڵایەتی لە داهاتووی ئێراندا بپارێزین.
هەر بۆیە دەبێت هەموو ڕێگاکان لە دواکەوتوویی ژنان لە داهاتووی ئێراندا دابخەین.
ئەمجارەیان پێویستە ژنان بگەنە مافە مرۆییەکانی خۆیان، نەک بە دەسەڵاتی ڕاسپێردراو، بەڵکوو بەو دەسەڵاتەی کە خۆیان پێناسەی دەکەن و پێکەوە، لە دژی هەر زوڵمێک بوەستنەوە.
تاکە ڕێگە بۆ ڕزگاری ئافرەتان لە چەوسانەوە و ستەمی بەردەوامی پیاوسالاری لەسەریان لەناوچوونی ڕژیمی دڕندەی ئاخوندییە، چونکە زادەی ئەم ڕژیمە هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە تاکوو ئێستا ژن کوشتن و زەوتکردنی مافەکانی ئافرەتان بووە.
لەگەڵ شۆڕشی ژینا، ژنانی ئێران جارێکی دیکە بۆ خۆیان و کەسانی دیکەشیان سەلماند، کە بەشداریکردنیان لە ڕاپەڕین و بەرخودان دژی ئەم ڕژیمە دژی ئینسانیە، دەتوانێ هەموو دەنگ و ڕەنگەکانی ئێران یەک بخات، بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی دیموکرات و یەکسان لە ئێران دا.