بەختیار عەزیزی
10ی خەزەڵوەر ڕۆژی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی سازمانی خەباتە کە بەوپەڕی دڵسۆزی و لەخۆبوردوویی بۆ مافەکانی کورد و بەربەرەکانێی ڕژیمی داگیرکەری ئاخوندی مێژوویەکی پرشنگدار و لێوانلێو لە سەروەریان تۆمار کردووە. مێژوویەک لەسەر ڕێبازی ڕەوای نەتەوەیی و نیشتمانی و بە خوێنی سەدان کەس لە شۆڕەسوارانی کورد تۆمارکراوە و نەخشێندراوە. ئەو مێژووەی یەکێک لە هۆ سەرەکییەکانی مانەوە و درێژەدانە بە ڕێی پڕ لە هەوراز و نشێوی شۆڕش و خەباتی کورد و ئامانجە بەرزەکانی نەتەوەکەمان کە لەسەر بنەمای ڕاستگۆیی و سەداقەتی سیاسی و فکری بیچمی گرتووەو بە خۆشیەوە تاکوو ئەمڕۆ لە ڕێبازی پڕ لە سەروەری جەنابی مامۆستای سەید جەلال الدین حسینی ڕێبەرو دامەزرێنەری سازمانی خەبات لای نەداوە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ باشتر و بەهێزتر و شێلگیرانەتر هەنگاو بۆ پێشەوە هەڵدەگرێ.
١٠ ی خەزەڵوەر ڕۆژی بەرپەرچدانەوە و تەفرو توناکردنی هێزی زۆر و بۆری ڕژیمی خومەینی بوو کە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتەکەیان ڕەوانەی کوردستانیان کرد بوو. بەڵام پێشمەرگە قارەمانەکانی سازمانی خەبات لە پێچەکانی هەژەدۆڵان هەتا دەروازەی شاری بانە ئەو هێزەیان تێک شکاند و جارێکی دیکە ئیرادەی گەلی کوردی بەسەر ڕژیمی ئاخوندی دا سەپاند و پاشەکشەیەکی سیاسی و سەربازی بە خومەینی کرد.
هەر بۆیە 10ی خەزەڵوەر وەکوو لاپەڕەیەکی زێڕین لە لاپەڕەکانی مێژووی نەتەوەکەماندا دەدرەوشێتەوە و پێشمەرگە و ڕێبوارانی ڕێبازی سازمانی خەبات هەموو ساڵێک بە شانازیەوە یادی ئەو داستان و قارەمانیە مەزنەی هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران دەکەنەوە.
ئەو ساڵ لە کاتێکدا یادی 10ی خەزەڵوەر بەرز و پیرۆز ڕادەگیرێ کە نەتەوەی کورد و نەتەوە ژێردەستەکانی دیکەی ئێران دژ بە ڕژیمی دواکەوتووی ئاخوندان بە پێشەنگایەتی ئافرەتانی بەرابەریخواز و ئازادیویست ڕاپەڕیون. ئەم ڕاپەڕینە مەزنە و ویست و خواستی جەماوەری کوردستان و ئێران لە ڕاستیدا هەمان دروشم و داوای هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەباتە کە 43 ساڵ لەوە پێش لەگەڵ وتنی نا بە ڕژیمی ئاخوندی بە گرتنەبەری خەباتێکی جیددی و لێبڕاو بۆ ڕوخانی ئەو دەسەڵاتە خەبات و خۆڕاگری درێژە پێدا. هەر بۆیە دەڵەین هێزی پێشمەرگە پێشەنگ و پێشڕەوی ئەو ڕاپەڕین و خەباتەیە دژ بە ڕژیمی ئاخوندی. بە خۆشیەوە جیلەکانی ئێستا و پێشووی کۆمەڵگەی کوردستان و ئێران بەو ڕاستیە گەیشتوون کە تەنیا ڕێ و تاکە بڕیار شۆڕش و مقاومەتە لە بەرامبەر ئەو ڕژیمە و هەتا ڕووخانی یەکجاری ئەو دەسەڵاتە دەبێ درێژە بە ڕا پەڕینەکان بدەن.
گومانی تێدا نییە ڕژیمی ئاخوندی لە ڕووخانی حەتمی زۆر نزیکە و بەو زووانە ئاسۆی ڕوونی ڕزگاری و ئازادیش وڵاتی ئێمە دەگرێتەوە و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان سەربەرزانە دەگەڕێنەوە باوەشی نیشتمان و زێدی خۆیان و موژدەی ئازادی و ڕزگاری بۆ دایکی شەهیدانی سوورخەڵات بە دیاری دەبەن.