خەباتمێدیا: بەپێی ڕاگەیاندن و بانگەوازی گشتی ڕۆژی پێنج شەممه ڕێکەوتی ۲۶ی خەزەڵوەری ۱۴۰۱ هەتاوی, سێهەمین ڕۆژی کەمپەینی سێ ڕۆژ تا ڕووخان دەستی پێی کرد. هەر لە بەرەبەیانی خەڵک لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران وێڕای مانگرتن لە کار و بازاڕ بەشداری ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنی شەهیدانی دوو ڕۆژی ڕابردوو بوون و بەشێوەیەکی بەرینتر و پڕ لە ورە هاودڵی خۆیان بۆ بنەماڵەی شەهیدان دەربڕی. هەروەها لە شاری سنە چلەی چوار شەهید لە ئارامستانی محەممەدی ئەو شارە بە بەشداری مامۆستایان و خوێندکاران و زۆربەی خەڵکی ئەو شارە بەڕێوەچوو و پاش ئەوەش جەماوری زۆرتر لە ۱۰۰ هەزار کەسی ڕێپێوانیان بەرەو ناو شار کرد و دروشمی ڕووخانی حکومەتیان وتەوە. شایانی باسە بەبۆنەی ڕێژەی زۆری بەشداربووان هێزەسەرکوتکەرەکان نەیان وێرا زۆر نزیک بە خەڵک بنەو یان تەقەیان لێی بکەن. لە بۆکان جەماوەری بەشەرەفی ئەو شارە و خەڵکی مەهاباد بەشدارییەکی بەرچاو و بەرفراوانیان لە ڕێوڕەسمی ناشتنی شەهیدەکانیان کرد کە وێڕای تەقەی هێزە بەکرێگیراوەکان خەڵکی بوێر ڕێوڕەسمەکەیان بەڕێوەبرد و دروشمی دژ بە حکومەتیان وتەوە. شایانی باسە باوکانی شەهیدان سالار موجاور و محەممەد حەسەنزادەش بەوپەڕی بوێری و کوردانە ڕایانگەیاند کە کوڕەکانیان پێشکەش بە ڕاپەڕین و کوردستان دەکەن.
لە ئاکامی ڕاپەڕینەکانی پێنج شەممە و بە تۆڵەی خوێنی شەهیدان باڵەخانەی موخابراتی ئیلام سوتێندرا, لە سنە ئوتومبیلی چەند جاشێک سوتێندرا, ماڵەکانیان نیشان لێی دراو هەڕەشەی تۆڵەیان لێی کردن و چەندین جاش سزا دران و سەرگوردێک بە ناوی حەسەن یوسفی بە سزای مەرگ گەیشت.
لە بۆکان ماڵ و نانەواخانە و ئوتومبیلی جاش و سیخوڕێک بەناوی ئەحمەد عەلی پوور کەوتە بەر تۆڵەی لاوانی ئەو شارەو سوتێندرا و شارەداری و کار و باری کۆمەڵایەتی و فروشگای ئۆفۆقی کوورش وێران کرا, ئیدارەی تەعزیرات و دایەرەیەکی سیخوڕی حکومەتی و مارکێتەکانی سەر بە سپا سوتێندرا و هێرش کرا سەر دەفتەری حەلی ئیختلاف و ئاگری تێ بەردرا.
لە سەقز ڕێگای سەقز بۆ بانە لە لایەن خەڵکەو گیرا, فروشگای ئۆفوقی کوورش سەر بە سپای پاسداران دەستی بەسەردا گیرا و چت مەکەکانی لە نێوان خەڵکی هەژار دابەش کرا و شەڕ و پێکدادان زۆر قورس بوو وە لە چەند شوێن بەکرێگیراوان فیشەکیان بۆ نەما.
لە ئاودانان کومیتەی ئیمداد و زۆربەی بانکەکان ئاگریان تێی بەڕدرا و سوتێندران. لە قوروە دەست بەسەر بنکەی پۆلیسی هاتووچۆ دا گیردا.
هەروەها لە شیراز ئاخوندێک, لە مەشهەد سێ بەسیجی, جاشێک بەناوی محەممەد زارع لە شیراز, دوو سپایی لە ئیسفەهان و سیخوڕێک لە ئیکباتان لە تۆڵەی شەهیدانی ڕاپەڕین بە سەزا گەیندران.
بەداخەوە لە سنە دوو کەس بە ناوەکانی ئارام حبیبی کە بەشداری چلەی شەهیدانی کردوو و شاهۆ بەهمەنی بە تەقەی ڕاستەوخۆ شەهید کران.
لە بۆکان لاوێک بە ناوی هیوا جان جان و غەفوور مەولوودی شەهید کران و لاوێکی تر بە ناوی میلاد مەعروفی تەقەی لێی کراوەو لە نەخۆشخانەیە. لە سەقز هاووڵاتیەک بە ناوی عەبدولڕەحمان بەختیاری بە تەقەی ڕاستەوخۆ شەهید کرا و لە ئاودانان سێ لاو بە توندی بریندار کراون.
شایانی باسە ئەم کەمپەینە بۆ سێ ڕۆژی دیکە درێژ کراوەتەو وا دیاری کراوە هەتا نەمانی ڕژیم درێژەی هەبێ.