رۆژی سێ شەممە13ی ڕەزبەر سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتی تازەی خۆی دا سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە ئێران، بەدیاری کراوی رەوتی ئێعدامەکان، سزای قەمچی، گرتنی خۆسەرانە، دادگایی نادادپەروەرانە، شکەنجە لە گرتووخانەکانی رژێم نیگەرانی دەربریوە.
بانگی مون لەو راپۆرتەدا هەروەها لەباری ئازادی هاوڵاتیان، ئازار و شکەنجەی چالاکانی مەدەنی و هەڵاواردن دژ بە ژنان و کەمینەکانی ئێران، رەخنەی لە رژێم گرتووە.
ناوبراو لە بەشێکی راپۆرتەکەیدا ئیشارە بە ئێعدامی کەسانی ژێر هەژدە ساڵ و رەوتی دادگاییەکان دەکاو رەخنە لەو سیاسەتە سەرکوتگەرانەی رژێم دەگرێ.
بەشێکی دیکە راپۆرتەکەی بانگی مون تایبەت بە هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە لەگەڵ گیراوان و شکەنجە کردنیان و ئیشارە بە زیندانی سیاسی کورد زێنەبی جەلالیان دەکا کە چەندە نامرۆڤانە هەڵسوکەوتی لەگەڵدا کراوەو بە خراپترین شێوە شکەنجە کراوە.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەی سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکرگتووەکاندا ئیشارە بە ئازادی رادەربڕین کراوەو رژێمی ئێران بە پێشێلکەری ئازادی رادەربڕین تاوانبار دەکا.
لەو بارەوە ئیشارە بە گرتنی رۆژنامەنووسان، چالاکانی ئینتێرنێتی و هونەرمەندان دەکا.
پێشلکاری مافی پەنابەرانی ئەفغان و هەڵاواردن و جیاوازی دانان لەگەڵ کەمینە مەزهەبی و نەتەوەییەکان لە ئێران لەو مەسەلانەن کە بانگی مون لە راپۆرتەکەیدا باسی لێوەکردون و رەخنەی توندی لە رژێم گرتووە.