خەباتمێدیا: ڕۆژی یەکشەممە ۶ی سەرماوەزی ۱۴۰۱ هەتاوی لە زۆربەی شار و ناوچەکانی کوردستان و ئێران مانگرتنی سەرانسەری بەڕێوەچوو. شاری پێشەسازی ئەلبورز لە ئەڵوەند, ۴۰۰ کەس لە کرێکارانی تواندنەوەی ئاسن(ذوب آهن), کۆمپانیای شیرکەتی مورەتەب لە تاران, کرێکارانی داروپەخش ی تاران و هەروەها بارهەڵگرانی شارەکانی ئیسفەهان, بەندەرعەباس, قەزوین, کاشان تێکەڵ بە مانگرتنەکان بوون. هەروەها ئەکرەم خۆدابەندەلوو کاپیتانی هەڵبژردەی تێکواندۆی ژنانی ئێران بۆ پشتیوانی و هاودەنگی لەگەڵ خەڵک ماڵاوایی لە هەڵبژاردەی نیشتمانی کرد. زۆربەی زانستگاکان درێژەیان بە مانگرتنەکانیان دا و خوێندکارانی زانستگای زمان و ئەدەبیاتی تاران دروشمی دانشجوی تهرانیم, صدای کردستانیم یان وتەوە. لە میترۆی مەشهەد دروشمیان دا تیم ملی ما کردستان است و بەم شێوەیە پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵکی کوردستان دەربڕی. لە زانکۆی ئازادی سنە بەیاننامەیک بۆ پشتگیری خۆیندرایەوە و مامۆستایانی ئایینی سەردەشت و دەوروبەری پشتیوانی خۆیان بۆ ڕاپەڕینەکان ڕاگەیاند.
هێزەکانی ئاخوندی ئێران هێرشیان کردۆتە سەر ماڵ و حاڵی هاووڵاتیەک لە پیرانشار بە ناوی ڕەحیم پووربەهرام و هەرچی پێش دەستیان کەوتووە تێکیان شکاندووە و کۆڕەکەشیان دەسبەسەر کردووە. شایانی باسە بەپێی هەواڵەکان هەتا ئەمڕۆ تەنیا لە کوردستان ۹µ کەس شەهید کراون و سەدان کەس بریندار و هەزاران کەسیش ڕاپێچی شوێنە نادیارەکان کراون. هەر بەو بۆنەشەو ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بۆ کۆ کردنەوەی زانیاری لەسەر جینایەتەکانی حکومەتی سەرکوتکەری ئاخوندی ژمارە تەلەفون و ئەدرەسی میدیایی بڵاو کردۆتەوە و داوای لە هاووڵاتیان کردووە تا بۆ دانی زانیارییەکانیان لەگەڵیان لە پەیوەند بن.