رۆژی پێنج شەممە 15ی ڕەزبەری 1395 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشێوەیەکی فەرمی ئانتۆنیۆ گوتیرش، سەرەک وەزیری پێشووی پورتەغالی وەک پاڵێوراوی سکرتێری گشتی ئەو رێکخراوە دیاری کردو بە کۆڕی گشتی پێشنیار کرد کە بۆ دەورەیەک لەو پۆستەدا بێ.
بە پێی راپۆرتی هەواڵدەری رۆیتێرز، گوتیرش کە لە لیسبونی پێتەختی پۆرتەغاڵ دەژی لە کاردانەوەی بەو رووداوە گوتی: من بە دوو وشە هەستی خۆم "پێزانین و لەخۆبردوویی" دەردەبڕم. لەخۆبردوو لەبەر ئەوەی بەو کۆسپ و ئاڵۆزیانەی جیهانی پێشکەوتوو لەبەردەماندایە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆ خزمەت بە زیاندیتوان و قوربانیانی شەڕەکان و ترۆریزم، پێشێلکاری ماف، هەژاری و نادادپەروەری لەم جیهانەدا پێویستە لێبڕاو بین.
وا چاوەروان دەکرێ کە کۆڕی گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان حەوتووی داهاتوو بە هەڵبژاردن ئانتۆنیۆ گوتیرشی 67 ساڵە بۆ جێگرەوەی بان گی مون کە دوو دەورەیە پۆستی سکرتێری گشتی ئەو رێکخراوەی لە ئەستۆیە، دیاری بکرێ.
ئانتۆنیۆ گوتیرش لە ساڵی 1995 تا 2002 سەرەک وەزیری پورتەغال بوو و لە ساڵی 2005 تا 2015 وەک کۆمیسێری بەرزی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەناخوازان کاری کردوە.
کاری ئانتۆنیۆ گوتیرش وەک سکرتێری گشتی لە 1ی ژانویەی 2017 دەست پێ دەکا. نوێنەری بریتانیا ناوبراوی وەک بەهێزترین پاڵێوراو بۆ ئەو پۆستە زانی و گوتی: خوێندنەوە و شایستەیی ئەخلاقی ئەو هۆی سەرەکی بوو بۆ ئەوەی بێتە بژاردەیەکی بەهێزی ئەنجومەنی ئاسایش.
نوێنەری فەرانسە لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ناوبراوی بە رێبەرێکی بەتوانا ناوبرد کە دەتوانێ نەتەوەکان و کۆمەڵگەکان لە دەوری یەک کۆبکاتەوە.
بانگی مون کە لە کاتی راگەیاندنی ئەو هەواڵە لە رۆمی پێتەختی ئیتالیا بوو، دیاری کردنی ئانتۆنیۆی بە هەڵبژاردنێکی زۆر باش پێناسە کرد.
10 کەس بۆ پۆستی سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵێوراو بوون کە لە کۆتایی دا هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر ئانتۆنیۆ کۆک بوون.