خەڵکی تێکۆشەر و قارەمانی کوردستان و ئێران!
مانگرتن و ناڕەزایەتیەکانی رۆژەکانی 14-15-16ی سەرماوەز شۆرشی ژینا و خەباتی جەماوەریی لە کوردستان و ئێران دژ بە رژیمی دواکەوتووی ئاخوندنی هەنگاوێکی دیکە بردە پێش.
بە قارەمانی و نەبەزیی جەماوەریی ئەو ناڕەزایەتیانە بە شکوە بەرێوەچوو لە کاتێکدا رژیمی ئاخوندی پڕوپاگەندەی دەکرد کە توانیویەتی دۆخەکە کونترۆڵ بکات و کۆتایی بە ناڕەزایەتی خەڵک بێنێ و یا ئەوە ناڕەزایەتیانە لە لایەن ژمارەیەکی کەمی خەڵک بەڕێوە دەچێ. بەڵام مانگرتن و ناڕەزایەتیەکان لەو سێ رۆژەدا جارێکی دیکە هەموو سیناریۆکانی رژیمی ئاخوندی لە راست شۆرشی ژینا کردە بڵقی سەر ئاو و بینیمان کە سەرانی ئەو دەسەڵاتە کاریان ئەوە بوو بابەتەکان دیزەبەدەرخۆنە بکەن و راستیەکان بشەوێنن. لەو چوارچێوەدا قسەکانی ئاخوند رەئیسی لە زانکۆی تاران بەتایبەت بە هێنانەگۆڕێی سەردانەکەی بۆ سنە، لاوازی و سەرلێشێواویانی روون و ئاشکرا کرد.
مانگرتنی ئەو سێ رۆژەی مانگی سەرماوەز،بەو ڕادە بەرین و بە یەکدەنگی و یەکگرتوویی جەماوەر لە کوردستان و ئێراندا، باوەربەخۆبوونی شۆرشگێڕان و بەردەوامی شۆرشەکەی زیاتر چەسپاندو کاریگەری زۆری هەبوو لە سەر ڕای کۆمەڵگەی جیهانی و روخان و لە ناوچوونی دەسەڵاتی ئاخوندانی ئێرانی حەتمیتر کرد.
سەرکەوتوو بێ خەباتی جەماوەریی و شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و شۆرشی ژینا
بروخێ رژیمی ملهوڕی ئاخوندی
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوەندی