لە مەریوان ژمارەیەک لە ناڕازیان دەسگیر کران
خەڵکی شارۆچکەی شایەنی کامیاران ناڕەزایەتی دەربڕی
دژ بە کوشتنی کۆڵبەران چالاکانى بانە مان دەگرن
لە بۆکان پەردە لەسەر رۆمانی "هەراو تووڕەیی" لادرا
کێشەی بێ ئاوی گوندێکی هەراسان کردوە
لە مەریوان ژمارەیەک لە ناڕازیان دەسگیر کران
خەباتمێدیا: بەپێی هەواڵی گەیشتوو ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەر دوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە لایەن هاووڵاتییانی مەریوانی لە هەمبەر هاتوچۆی تانکەرەکانی سووتەمەنی لە جاددەکانی ئەو شارە، لە فەلەکەی بێسارانی، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ناڕازیی مەریوانی لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانەوە دەستبەسەر کران کە هەندێک لە سەرچاوەکان ئیشارە بەوە دەکەن کە زیاتر لە ١٠ کەس لە هاوڵاتیانی ئەو شارە دەسیگیر کراون.
لەو پێوەندییەدا، ٥ کەس لە چالاکانی کەمپەینی "نا بە تانکەرەکانی مەرگ" وەک ئەدمینی ئەو کەمپەینە لە کاناڵی تێلگرام، لە ماڵی خۆیدا لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
ناوی ئەو ٥ کەسە دەستبەسەرکراوە بریتین لەØ› ئارتین حەسەنزادە، بەهارە عارفیشێخ، سەیران خورنکا، ڕۆژین ڕەزایی و عادڵ ڕەشیدی ڕاگەیەندراوەو تا ئێستا لە چارەنووسی ئەو کەسانە هیچ زانیاریەک لە ئارادا نیە.
کۆبوونەوەی هاووڵاتییانی شاری مەریوان لەکاتێکدایە کە فەرمانداری رژێم لەو شاره ڕایگەیاندبوو کە ئیجازەی هیچ جۆرە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بە دانیشتوانی شاری مەریوان نەدراوە.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری مەریوان رژێم لە شاری سنەوە هێزی سەرکوتگەری زیاتری هێناوەتە مەریوان.
جەماوەری شاری مەریوان دوای خۆپیشاندانی ڕۆژی سێشەممە وەک ناڕەزایەتیەک بە مەترسیی تانکەرەکانی سووتەمەنی بۆ سەر گیان و ژیانی هاووڵاتییان، ڕۆژی ڕابردوو بۆ جاری دووهەم هەر لەو پێوەندەدا ناڕەزایەتیان بەڕێوە برد.
خەڵکی شارۆچکەی شایەنی کامیاران ناڕەزایەتی دەربڕی
خەباتمێدیا: بەپێی هەواڵەکان ڕۆژی پێنج شەممە 15ی ڕەزبەری 1395، خەڵکی شارۆچکەی شایەن ی کامیاران، ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتیان بەڕێوە برد.
ئەو ڕێپێوانەی خەڵکی شارۆچکەی ناوبراو بە ناڕەزایەتیی لە هەمبەر فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان لەلایەن دەست و پەیوەندییەکانی رێژیمەوە ئەنجام داوە.
لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا سەدان کەس لە خەڵکی شارۆچکەی شایان و بەتایبەتی ئافرەتان بەشدار بوون و ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.
دژ بە کوشتنی کۆڵبەران چالاکانى بانە مان دەگرن
خەباتمێدیا: بەپێی هەواڵی گەیشتوو ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی شاری بانە سەبارەت کوشتاری کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد لە سنوورەکانی کوردستان بە هێزە سەرکوتگەرەکانی رژێمی ئێران، کەمپەینێکیان پێکهێنا لەژێر ناوی "ئێمە هەموو دەنگی کۆڵبەرانی سەر سنوورەکانین".
چالاکانی ئەو کەمپەینە داوایان لە هاووڵاتییانی شاری بانه کردووە کە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەزبەر دوکان و بازاڕ دابخەن و مان بگرن و بەم شێوەیە کوشتاری کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد لە لایەن رژێمەوە مەحکووم بکەن.
ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ناوچە سنووریەکان بەهۆی بێکاری و هەژاری ناچار بۆ بژیوی ژیان کۆڵبەری دەکەن، بەڵام هێزە سەرکوتگەرەکانی رژێمی داگیرکەری ئێران دەیاندەنە بەر دەستڕێژ و تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بەو هۆیەوە سەقەت بوون.
لە بۆکان پەردە لەسەر رۆمانی "هەراو تووڕەیی" لادرا
خەباتمێدیا: بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجوومەنی ئەدەبیی بۆکان، ڕۆژی ٥شەممه ١٥ی ڕەزبەری 1395 پەردە لەسەر کتێبی “هەرا و تووڕەیی” بەرهەمی ناوازەی نووسەری بەناوبانگی ئامریکایی “ویلیام فاکنێر” لادرا کە لەلایەن محەمەد ڕەمەزانی بۆ کوردی وەرگێردراوە، به بەشداری ڕێژەیەکی بەرچاو لە هۆگرانی ئەدەب و وێژەی کوردی لە هۆڵی سیمورغی شاری بۆکان بەڕێوە چوو.
لەم کۆڕەدا محەممەد رەمەزانی، دوای دەربڕینی سۆز و خۆشەویستی بۆ ئامادەبوان باسێکی کورتی لەسەر پڕۆسەی وەرگێڕانی کتێبی “هەرا و تووڕەیی” پێشکەش کرد. رەمەزانی لە درێژەی وتەکانیدا باسی لە زەرفییەتەکانی زمانی کوردی کرد کە دەکرێ شاکارێکی وەک “هەرا و تووڕەیی” لە خۆیدا بتوێنێتەوە و ئەوە دەیسەلمێنێ زمانی ئێمەش گەر بێتوو لێزانانه مامەڵەی لەگەڵ بکرێ توانای داهێنانی دەقی پێشکەوتوو و جیهانی هەیه.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا ڕوماننووسی بۆکانی “سەید قادر هیدایەتی” به خوێندنەوەی یادداشتێک” بەرەوەپیری کتێبی ناوبراو چوو و لەوێدا ئاماژە بەوە درابوو کە زمانی گوند چەندە دەتوانێ به هانای نووسەرانەوە بێ و کەلێنە تاریکەکانی گێڕانەوەی کوردی پڕ بکاتەوە.
بەشی سێهەمی ئەم کۆڕە تایبەت بووە به پانێلی زانستی لەسەر کتێبی هەرا و تووڕەیی به بەشداری بەڕێزان: ساڵح سووزەنی(شاعیر و ڕەخنەگری ئەدەبی)، عەتا نەهایی(ڕۆماننووس) و دوکتور بەختیار سەجادی (مامۆستای زانکۆ و لێکۆڵەری ئەدەبی).
لە درێژەی بەرنامەکەدا “رەزا شەجیعی” بەرپرسی چاپەمەنی گوتار لە بابەت چۆنیەتی چاپ و بڵاو کردنەوەی کتێبی هەرا و تووڕەیی چەن وتەیەکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد. شەجیعی لە درێژەی وتەکانیدا مزگێنی چاپی چەند بەرهەمی تری لە ناوەندی گوتار ڕاگەیاند.
بەشێکی دیکەی کۆڕەکه بریتی بووە بە ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر کتێبی “هەرا و تووڕەیی” به بەشداری مامۆستایان:فەتاح ئەمیری،حەمەدەمین شامحەمەدی،ناسر وەحیدی و حوسێن شێربەگی.
فرۆشی کتێبەکه و واژۆی لە لایەن مامۆستا محەمەد ڕەمەزانی لەسەر کتێبەکان دوایین بەشی کۆبوونەوە ئەدەەبییەکه بوو کە لە کەشێکی گەرم و دۆستانەدا بەرێ کرا. ئەم کۆڕە سەعات ٦:٣٠ کۆتایی پێ هات.
کێشەی بێ ئاوی گوندێکی هەراسان کردوە
خەباتمێدیا: بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، گوندی "میر عەبدلی" سەر بە شاری پاوە، کە لە ١٨٠ بنەماڵە پێکدێ لەگەڵ کێشەی کەمیی ئاوی خواردنەوە بەرەوڕوون و دانیشتوانەکەی ئاوی خواردنەوە بە پووڵ دەکڕن.
موختاری گوندی میرعەبدلی لە وتوێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی خۆجێیی هەزار ماسولە ڕایگەیاند: کێشەی سەرەکیی ئەو گوندە نەبوونی ئاوی خاوێنە بۆ خواردنەوە و خەڵکی ئەو گوندە ڕۆژانە بۆ دابین کردنی ئاوی خاوێن تووشی کێشە و گرفتێکی زۆر دەبنەوە.
بە وتەی ڕەفعەت کەریمیØ› نەبوونی گەڵاڵەیەکی ڕوونی خزمەتگوزاری و بە نیوەچڵی هێشتنەوەی قیرتاوی ڕێگاو بانی نێوان گوندی "ئارێت" بۆ گوندی "میر عەبدلی"، یەکێکی دیکە لە کێشەکانی خەڵکی ئەو گوندەیە.
هەروەها بەرپرسی شۆرای ئەو گوندە ڕایگەیاندØ› ئەو کاتەی کە ئەو گوندە ٢٠ بنەماڵەی تێدابووە، لە کانیاویک بۆ ئاوی خواردنەوە کەڵکیان وەردەگرت و ئێستاش کە ئەو گوندە ١٨٠ ماڵە ئاوی خواردنەوەیان هەر لەو کانیاوە دابین دەکەن.
مەناف ئەحمەدی لە درێژەدا دەڵێتØ› چەندین جار سەردانی پارێزگامان کردووە، ئەو کێشەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندییدارەکان باس کردووە، بەڵام بێئاکام بووە.
حەشیمەتی دانیشتوانی گوندی میر عەبدلی ٥٤٤ کەسە و ڕووبەری ئەو گوندە ٥٤ کیلۆمێتری چوارگوشەیە و لە ١٦ کیلۆمێتریی پاوە، لە بەخشی باینگان هەڵکەتووە.