جەماوەری تێکۆشەری کوردستان!
خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران!
مامۆستایانی ئایینی و کەسایەتیە نیشتمان پەروەرەکانی کوردستان!
لای هەمووان ئاشکرایە، ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی لە چەند ڕۆژی ڕابردودا دوو لاوی بێ تاوانی بە ناوەکانی موحسین شکاری و محەممەد ڕەزا ڕەهنەوەردی بە بێ بوونی هیچ تاوانێک لە بێدادگاکانیدا، حوکمی ئیعدامی بەسەردا سەپاندن و شەهیدی کردن.
بە پێ زانیاریەکان فەرزاد و فەرهاد تەهازادە دوو لاوی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، حوکمی ئیعدامیان بە سەردا دراوەو، هەروەها مەهدی کەرەمی، مەحەممەد بروغنی لە زیندانی ڕەجایی شار، حوسەین محەممەدی فوتباڵیست و چەند لاوی دیکە لە ئێران و کوردستان، بە بێ بوونی هیچ تاوانێک ،حوکمی ناڕەوای ئیعدامیان بە سەردا سەپێندراوە و ئەگەری بەڕێوەچوونی حوکمی قەتڵ و شەهید کردنیان لە ئان و سات دایە .
ئاشکرایە ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی بە ئامانجی ترساندنی تێکڕای گەلانی ئێران و بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە ناڕەزایەتیەکانی جەماوەر، دەست لە هیچ جینایەتێک ناپارێزێ. دەسەڵاتدارانی ڕژیم بە خەیاڵی خاویان پێ یان وایە دەتوانن بە شکەنجە، زیندانی کردن و شەهید کردنی تێکۆشەران و ئازادیخوازان، کۆتایی بە ڕاپەڕین و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان بێنن.
هاونیشتمانیانی ستەملێکراو!
کەسایەتیە کۆمەڵایەتی و ئایینیەکان!
داواتان لێدەکەم بۆ ڕزگار کردنی گیانی لاوانی شۆڕشگێڕو نیشتمان پەروەر، بە پێکهێنانی کۆبونەوەی جەماوەریی و دەربڕینی ناڕەزایەتی و دەرکردنی ڕاگەێندراو، لە بەرانبەر حوکمی ناڕەوای بە ناو دادگاکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندی ئەرکی ئینسانی و نیشتمانی و نەتەوایەتی و ئایینی خۆتان بە جێ بێنن و هەوڵی بە پەڵە بدەن بۆ ڕزگار کردنی گیانی زیندانیانی بێ تاوان.
بە تایبەت داوا لە مامۆستایانی ئایینی کوردستان و ئوستادانی دانشگاکان و مەعیلم و بەڕێوەبەرانی قوتابخانەو مەدرەسەکان دەکەم، لە هەر بۆنەێک و بە هەر شێوەیەک دەتوانن لە بەرانبەر ستەم و بێدادی و جینایەتی ئاخوندەکان هەڵوێست بگرن.
بە بەردەوام بوون لە ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی لە بەرانبەر دەسەڵاتی ئاخوندی، ڕەوتی ڕوخانی ئەو حکومەتە جینایەتکارە خێراتر دەکا.
ڕزگار کردنی گیانی تێکۆشەران و ئازادی زیندانیانی سیاسی و گەیشتن بە ئازادی و دیموکراسی و کۆتایی هاتن بە دەسەلاتی ئاخوندەکان، بەندە بە بەردەوام بوونی ئەو شۆڕشە ڕەوا و نەپساوەی خەڵکی ئێران و کوردستان.
بڕوخێ ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی
ڕزگاری و ئازادی و سەرفرازی بۆ زیندانیان و دیلکراوانی کوردستان و ئێران لە چاڵە ڕەشەکانی دیکتاتۆری ئاخوندی دا
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
بابەشێخ حوسەینی
۲٤ی سەرماوەزی ۱٤۰۱ کۆچی خۆری