پیرۆز بێ ڕۆژی ئاڵای کوردستان!
هاونیشتمانیانی خۆڕاگر له کوردستان و ئێران!
۲۶ی سەرماوەزی ساڵی ۱۳۲۳ بۆ یەکەم جار ئاڵای پڕشکۆی کوردستان لەسەر شارەداری شاری مەهاباد هەڵدراو، حکومەت و دەسەڵاتی کورد لە کوردستانی ئێران بە سەرۆک کۆماری قازی محەممەد دامەزرا.
هەڵکرانی ئاڵا لە ۲۶ی سەرماوەز وهک ڕۆژی ئاڵای کوردستان دیاری کرا و چەندین ساڵە وەک هێمایەکی نەتەوەیی و نیشتمانی، ڕێز لە ڕۆژی ئاڵای کوردستان دەگیرێ.
جەماوەری ئازادیخواز و بێزار لە ستەم!
ئەمساڵ لەکاتێکدا ڕۆژی ئاڵای کوردستان بەرزڕادەگرین کە هەلومەرجی کوردستان و ئێران زۆر هەستیارەو گەلانی ئێران یەکگرتووانه و بە بەشداری هەموو چین و توێژەکان و بە پێشەنگایەتی ئافرەتانی بوێر زیاتر لە ۳ مانگە شەقام و کۆڵانەکانیان کردۆەتە گۆڕەپانی خەبات دژ بە دەسەڵاتی نامەشروع و داگیرکەری ئاخوندی، دەسەڵاتێک کە زیاتر لە ۴۳ ساڵە بەردەوام مافە بنەڕەتی و سەرەتاییەکانی گەلی کوردو تێکڕای گەلانی ئێران پێشێل دەکات و وڵامی هەر دەنگێکی ئازادیخوازی بە گوللـەو سەرکوت ئەداتەوە. سەرەڕای ئەو هەموو کوشتن و بڕین و تاوانە، ڕژیم نە توانیویەتی کۆتایی بە ناڕازایەتی جەماوەر بێنێ و نە توانیویەتی هەستی ئازادیخوازی بمرێنێ.
لەم هەلومەرجەی ئەمڕۆ دا کە لاوانی چاونەترس بوێرانە داوا لە خەڵک دەکەن پاش ناشتنیان خۆشی دەرببڕن و دایک و باوکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی لەسەر مەزاری منداڵانیان شین بۆ تۆڵە ستاندنەوەی خوێنی ڕۆڵەکانیان دەگێڕن, پێویستە هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کە هیوای خەڵکن، بە هاوکاری زۆرتر و لێبڕاوانە, درێژە بە خەباتی یەکانگیر بۆ ئازادی هەرچی زوتری کوردستان و ئازادی ئێران لە دەستی داگیرکەر بدەن و دڵی زامداری خانەوادەی شەهیدانی ڕێگای ئازادی نەتەوە و نیشتمان بە ئازادی وڵات گەش کەنەوە.
جارێکی دیکە پیرۆز بێت ۲۶ی سەرماوەز, ڕۆژی ئاڵای کوردستان
سەرکەوێ بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و کوردستان و گەلانی ئێران
بڕوخێ ڕژیمی دژە مرۆڤی ئاخوندی
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
۲۶ی سەرماوەزی ۱۴۰۱ی هەتاوی