خەباتمێدیا: لە درێژەی پەرەسەندنی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ڕژیمی ئاخوندی ئێران و ڕووسیە لە شەڕی ئۆکران دا، بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسراییل سەبارەت بە مەترسییەکانی ناردنی چەک و چۆڵ و درۆن و هەروەها پێیدانیی بەرنامە و شێوازی بەرهەم هێنانی درۆنی ڕژیم لە وڵاتی ڕووسیە و هەڕەشەکانی ئەم وڵاتە بۆ سەر سەقامگیریی جیهانی وریاییان داوە.
مایکل کوریلا، سەرۆکی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، چالاکییەکانی ڕژیمی ئاخوندی بە مەترسی بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە و جیهان ناوبرد و وتی: زیاتر لە ٤٠ ساڵە ڕژیمی ئێران پشتیوانیی لە تیرۆر و ڕێکخراوە ترۆریستییەکان و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات. فەرماندەی سێنتکام بە ئاماژەدان بە مەترسی پەرەسەندنی بەرنامە درونییەکانی ڕژیمی ئێران بۆ سەر ناوچەکە وتی: گرووپی کاری ٣٩ی سەنتکام بەدواداچوون بۆ تەکنەلۆژیای نوێ دەکات بۆ بهرپهرچدانهوهی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕژیم.
کوریلا وتی: ڕژیم لە ڕێگەی هێزە چەکدارەکانی و مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوەتە هوی هەڕەشەی ڕۆژانە بۆ سەر ڕێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتی و بەم شێوازە هەوڵ بۆ ئاژاوەگێری لە ناوچەکە دەدات.
هاوکات لەگەڵ نیگەرانییەکان سەبارەت بە هاوکاریە سەربازییەکانی ڕژیمی ئێران و ڕووسیە، لیندا تۆماس گرینفیڵد، سەفیری ئامریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا، بەکارهێنانی چەکی کۆریای باکوور و ڕژیمی ئێرانی لەلایەن ڕووسیە لە شەڕی دڕندانەی دژ بە ئۆکراین بە قێزەون ناوبرد و وتی: ئێمە بەردەوامین لە پەیوەندیکردن بە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەمانەوێت تیمێک بۆ لێکۆڵینەوە بنێردرێتە ئۆکڕاین بۆ ئەوەی بەدوادا چوون لەسەر پێشێل کردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنیەت لەلایەن ڕووسیە و ڕژیمی ئێران بکات.
هاوکات بنیامین نهتانیاهۆ، سەرۆکوەزیری ئیسراییل، لە یەکەم پەیوەندیدا لەگەڵ پوتین دوای سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی ئیسراییل، باسی لە ڕژیمی ئێران و هەڕەشەکانی لە ناوچەکە کرد. نهتانیاهۆ له پەیوەندییەکەی لەگەڵ پوتین پێداگری له سەر ئەوه کردووه که ئیسرائیل مامەڵە لەگەڵ ئێرانی ناوکەیی و دامەزراندنی دەسەڵاتی ئاخوندی له سنووره باکوورییه کانی ناکات.
هەروەها نهتانیاهۆ نیگەرانی خۆی لە بەردەوامیی شەڕی ئۆکران بۆ پوتین دەربڕی.
لە لایەکی دیکەوە، جیک سالیوان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئامریکا و هاوتا ئیسراییلییەکەی، ئەیال هۆلاتا، لە چاوپێکەوتنێکی ئۆنلاین دا پەرەسەندنەکانی ناسەقامگیری لە ناوچەکەو لەوانە دۆخی ئێرانیان تاوتوێ کرد.
لەم دیدارەدا هەردوولایهن پێداگریان لە پێبەندبوونیان بە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ڕژیم ئاخوندی بۆ سەر ناوچەکە و دڵنیابوون لە دەستنەکەوتنی ڕژیم بە چەکی ئەتۆمی کردەوە.
ڕاوێژکارانی ئاسایشی نەتەوەیی ئامریکا و ئیسراییل هەروەها باسیان لە پەرەسەندنی هاوکارییە سەربازییەکانی ڕژیمی ئێران و ڕووسیە و مامهڵهی مۆسکۆ لە دابینکردنی تێکۆلۆژیای سەربازی بە تاران و هەروەها گەمارۆکانی چەند مانگی ڕابردوو لە دژی ڕژیم کرد.
داوید بارنئا، سەرۆکی مۆساد لە رێوڕەسمێکدا لە قودس لە وتارێکدا ڕایگەیاند، ئیسراییل زانیاری لەسەر ئەوە هەیە کە ڕژیمی ئێران بەم زووانە ناردنی چەکی پێشکەوتوو بۆ بەکارهێنان لە شەڕی دژ بە ئۆکراین بۆ ڕووسیە زیاتر بکات.
نیگەرانییە جیهانییەکان سەبارەت بە پەرەسەندنی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ڕژیمی ئێران و ڕووسیە لە شەڕی ئۆکراین بەردەوامە، لە کاتێکدا ولادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین کە سەردانی واشنگتۆنی کردبوو، لە وتارەکەیدا بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا، پەیوەندی ڕژیمی ئێران و ڕووسیای بە یارمەتیدانی تیرۆریستێک بۆ تیرۆریستێکی دیکە ناوبرد و بەم جۆرە وەسفی کردووە و دەڵێت: ڕووسیا هاوپەیمانێکی بۆ سیاسەتی جینۆسایدی خۆی دۆزیەوە، ئەویش ئێرانە.