یه‌ک شه‌مه‌ 

17 پووشپه‌ڕ2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

18ی ڕەزبەر یادی 23 ساڵەی لەسێدارەدانی قارەمانانی سازمانی خەبات شەهید عەتا قادری (شاهۆ) و شەهید کاوە نانەوایی

18ی ڕەزبەر یادی 23 ساڵەی لەسێدارەدانی قارەمانانی سازمانی خەبات شەهید عەتا قادری (شاهۆ) و شەهید کاوە نانەوایی

لە دواییەکانی مانگی گوڵانی ساڵی(1372) دا دەستەیەک لە ڕۆڵە گیانبازەکانی سازمانی خەبات، سنەیان لە هێزەکانی دوژمن کردبووە چەرمی چۆلەکە، لەو شارە پان وبەرینەدا، کونە مشکیان لێ ببوە قەیسەری. لەو رۆژانەدا ئەگەر ڕوو لە شاری قارەمانپەروەر و شۆڕشگێری سنە بکرایە چاوت حەماسەی دەبینی و گوێت هەڵمەت و قارەمانی ڕۆڵە نەبەزەکانی سازمانی خەباتی دەبیست.

لە دواییەکانی مانگی گوڵانی ساڵی(1372) دا دەستەیەک لە ڕۆڵە گیانبازەکانی سازمانی خەبات، سنەیان لە هێزەکانی دوژمن کردبووە چەرمی چۆلەکە، لەو شارە پان وبەرینەدا، کونە مشکیان لێ ببوە قەیسەری. لەو رۆژانەدا ئەگەر ڕوو لە شاری قارەمانپەروەر و شۆڕشگێری سنە بکرایە چاوت حەماسەی دەبینی و گوێت هەڵمەت و صورةقارەمانی ڕۆڵە نەبەزەکانی سازمانی خەباتی دەبیست. سنەی قارەمان ئەو شارەیە کە پایتەختی حکومەتی پان وبەرینی ئەردەڵان بوو و ئێستاش پایتەختی حەماسەو لێبووردوییە، پێتەختی خوێندەواری و تێ گەیشتنە، پایتەختی ئازادیخوازانی کوردستانی کوێستانە. ئەگەر بەو شارە دڵ پڕ و پڕدڵ و دڵدارەدا رابووردیایە. نیگایە وچاو برکێ یە، زەماوەند وشاییە، پیرۆزباییە، لەگەڵ ئەوەشدا کە مانگی گوڵان خەریک بوو لە گەنج و لاوان و کوڕ و کالان و لە بەرچاو کەژاڵان ماڵاوایی بکاو تا بەهاری داهاتووبە خودایان بسپێرێ، دەبیندرا لە پڕ مانگی گوڵان دەژێتەوە، رۆژگاری شادمانی سەرهەڵدەداتەوە بەهاری شۆڕش سەرهەڵدەداتەوە، دەتدی پێشمەرگەکانی خەباتی خوێناوی بە قریشکەی چەکەکانیان بەهاری خەبات بە خەڵک مزگێنی دەدەن. لە خوێنی خۆیان چەپکە گوڵی هەڵاڵە بەو خەڵکە دڵسۆزو قارەمان و قارەمانپەروەرە پێشکەش دەکەن. ئەگەر بەناو کوڵان و خەیابانی ئەو شارەدا گەرابای، ئەگەر سواری ماشێنی خەت یان تاکسی بای، هەر باسی قارەمانی رۆڵەکانی کورد بوو. شادمانی دڵی پیاو و ژن و گەورەو بچوکی ئەو شارەی پڕکردبوو. بەڵی باسی قارەمانیەتی پێشمەرگەی خەبات و شادمانی بە حەماسەی بێ وێنەیان، باس هەر باسی هەڵۆ تیژباڵ و بە چەنگەکانی خەبات بوو کە ئەو شارە گەورەیان لە دوژمنان پڕکردبوو لە مەترسی. ماوەی 8شەو و ڕۆژ لە شاری خەباتگێری سنەدا تەنگیان بەهێزەکانی دوژمن هەڵچنیبوو. وایان دەزانی هەزاران پێشمەرگەی خەبات لەو شارەدان ولە کەمین دان بۆ هێزەکانی رژێم. بەڵام لە راستی دا نەهەزار و نە سەد و نە دەیان کەس، دەستەیەک بوون لە ڕۆڵە یەک بە هەزارەکانی کوردستان و سازمانی خەبات، کە شارێکیان پڕکردبوو لە مەترسی لەسەر هێزەکانی دوژمن، هەروەها پڕیان کردبوو لە شادمانی بۆ خەڵکە خەباتگێر و شۆڕش دۆستەکان.

ڕۆڵە قارەمانەکانی خەباتی خوێناوی لە 26 بانەمەڕی (1372)دا دەگەنە شاری سنە. تا ڕۆژی (3) جۆزەردانی(1372)لە شاری سنەدا دەمێننەوە خەریکی حەسانەوە و شناسایی دەبن یان شەو بێ یان ڕۆژ زەربەت لە هێزەکانی دوژمن دەوەشێنن. ڕۆژانی 29و30 تا رۆژی 2ی جۆزەردانی 72 تیمی قارەمانی خەبات زەربەت لە هێزەکانی دوژمن دەدەن و زیاتر لە 10 جێ بەرنگاری هێزەکانی دوژمن دەبنەوە. روڵە قارەمانەکانی سازمانی خەبات ئەوەندە بێپەروا لەشاری سنەدا بە دوای هێزەکانی رژێم دەبن کە لە هەموو کوچە و خەیابانێک شک دەبڕن. بە شەو بە رۆژی رووناک، بەرلەنیوەرۆ و دوانیوەرۆ بە ئاشکرا دەست لە هێزەکانی دوژمن دەوەشێنن. شاری سنە کە چوار5ساڵ بوو پێی پێشمەرگەی کوردستانی لێ نەکەتبوو تیمی گیانبازی سازمانی خەباتی خوێناوی مژی ماتی ئەو شارەی بە قریشکەی چەکەکانیان رەواند. خەڵکە تامەزرۆکەی شاری سنە کە تینووی دیداری پێشمەرگەی دەست وەشێن بوون سەریان لە دەروازە و پەنجەرەکانیان دەردەهێنا کە چاویان بە دیداری پێشمەرگە روون کەنەوە، بەوە سوکنایان نەدەهات و دەهاتنە دەرەوە کە لەو زەماوەندەدا کە پێشمەرگەی خەبات با شاباشی خوێن و سازی دەنگی کەڵاشینکۆف دەیانگێرا، هاوبەش بن، نەدەترسان لەوە کەبەگوللەی وێل یان بە گوللەی ڕاستەخۆی دوژمنانی کورد بپێکرێن. دەیانگوت کە گیانی ئێ٠Žمە لە گیانی پێشمەرگە ئازیزتر نیە. کە چاویان بە پێشمەرگە چاونەترسەکان دەکەوت عومریان نوێ دەبووە. لە خۆشیان خەریک بوو باڵ بگرن. و بپەڕنە بەر دەم پێشمەرگەکان و دەست لە ئەستۆیان کەن و لاچاویان ماچ کەن و ببنە سوپەری بڵاگێڕەوەیان لە بەرانبەر هێزەکانی دوژمنداو شانیان بکەنە سەرینی لوولەی چەکەکانیان کە رێی دەستیان ببێ ئەرکی موقەدەسیان بە جێ بێنن. بەڵێ پێشمەرگە گیانبازەکانی سازمانی خەبات ژیانیان بۆ خەبات دەویست و خەباتیشیان بۆ زەربەت وەشاندن لە دوژمن دەویست. کە یان زیانی زۆری پێ بگەیەنن یان خۆیان لەو رێگەدا بە پلەی شەهادەت بگەن. لە دوای خەڵات کردنی گیانیان، ئەرکی موبارزە بۆ هەڤاڵانی بەوەفا بەجێ بهێڵن. قارەمانەکانی سازمانی خەباتی خوێناوی دەردێکیان بە هێزەکانی رژێمی خوێنرێژدا، کە ئەو ماوەو چەند ڕۆژی دوای 2ی جۆزەردانی 1372یش هێزە سەرکوتگەرەکان نەیاندەوێرا بە ماشێنی دەوڵەتی و بە بەرگی رەسمی پاسدار و پۆلیس و بەسیجەوە بگەرێن. بە بەرگی شەخسی و بە ماشێنی شەخسی دەگەڕان. حەسەن حەبیبی جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری پێشووی حکومەتی ئێران کە قەرار بوو بێتە سنە ومەرکەزی گاز ئیفتتاح کا، نەیوێراو ناچار گەڕایەوە بۆ تاران. هەر وا لەو رێگانەی کە لە شارەکانی دیکە بەرەو شاری سنە دێن، بە خەڵک دەگوترا کە شاری سنە شێواوە و پێشمەرگە هاتوون. پێشمەرگە هاتوونە ناوشار و لە تەواوی شاردا شەری پێشمەرگەو هێزەکانی دوژمنە. لەو شەڕانەدا کە پێشمەرگەکانی سازمانی خباتی خوێناوی لە گەڵ هێزەکانی دوژمن کردیان دوژمن زیاتر لە 50کەسی کوشتەو برینداری بوو. رژێم کە پێی وابوو ئەوانەی کە ناوی ناوون زیدی شۆڕش(ئینقلاب)تازە ناتوانن ڕوو بکەنە شاری سنە و خەو لەوان هەراسان نابێ. بە فریشتەکانی سازمانی خەباتی خوێناوی ئارامیان لێ هەڵگیراو خەویان لێزڕاو دڵیان کەوتە لەرزین و هاکا بەندی دڵیان بپسێ. تیمێک پێشمەرگەی سازمانی خەباتی خوێناوی سنەیان فەتح کرد دوای چەند ساڵ کە دوژمن بە ئەر خەیانی و بێ مەترسی لە پێشمەرگە خەریکی زەبرو زەنگ و ئەشکەنجە و ئیعدامی نارازیان و ئازادیخوازان بوو سنەیان فەتح کرد و تەلیسمیان شکاند و شاریان لە دوژمنان شلەقاند. خەڵکی ئەو شارە قارەمانەو ئازیخوازەو فیداکارە، ئامادەن کە ڕۆڵە لە خۆبردووەکانی گەل لە ئامێزگرن و بە گیانیان بیانپارێزن. وەک ڕۆڵەی عەزیزی خۆیان وەک جەرگ ودڵ لەناو قەفەزی سنگیان گرن. بەڵام چ دەکەی کە کەس نیە کەسی میللەت بێ و لەسەر ئەو رێگەیە موبارزە بکات کە میللەت دەیەوێ هەر تەنیا خەباتی خوێناوی و ئەویش لەوەتی هەیە نا دروستان پیلانی بۆ دەنێنەوەو تۆڕی درۆی لە سەر دەتەنن و داوی دوژمنانی لە سەر دەنێنەوە. سازمانی خەبات بەو کارە گەورە کە تیمێک شارێکی شلەقاند ئیسباتی کرد کە ریزەکی لە گیانبازەکانی گەل پێکهاتووە و ئیمانیان بەشۆڕش دووبارە بەیەکەوە باداوەو لەپسان نایە. بە کوردستانی راگەیاند کە خەباتی هاوباوەری میللەتی ئازادیخوازی کوردەو ئەوە کە بە پشیوانی میللەتی بە شەرەفی کوردەواری دام ودەزگای رژێم لە کوردستان بخاتە لەرزەو لەرزی مەرگی بهێنێتەوە. قارمانەکانی سازمانی خەبات زەربەتی گیانی وماڵی زۆریان لە دوژمن دا لە شاری سنەداو ورەی هێزەکانی تێک رووخاندو ئەو سەرکەوتنەیان بە خوێنی 3ڕۆڵەی لە گیان بووردوی هەڵگری باوەر بە ئازادی کوردستان مۆرکرد ویادگاری خەباتی خوێناویان لە دڵ و دیدەی خەڵکی بە شەرەفی شاری سنەدا بە جێهێشت. ئەوسێ رۆڵە سەربەرز وشانازی بەخشانە بریتی بوون لە فەرماندەی تیم کاک عەتا قادری فەرماندەی ئازاو چاونەترس و کاک کاوە نانەواو کاک جەمیل سەجادی پێشمەرگەی گیانبازی سازمانی خەبات.
((عەتا قادری)) فەرماندەی تیمی قارەمانی بێ وێنەی سازمانی خەباتی کوردستان
شەهید عەتا قادری کوڕی شوکروڵا ساڵی (1349)ی کۆچی خۆری لە دێی یەمەنانی سەرەوە لە ناوچەی ژاوەروو لە بنەماڵەیەکی وەرزێر لە دایک بوو. خوێندنی سەرەتایی لە ئاواییەکەی خۆیان تەواو کرد دوایی هاتۆتە شاری سنە و سیکلی وەرگرتووە. ساڵی (1363)بە مەبەست موبارزە دژی رژێمی ئاخوندی دەچێتە یەکێک لە ڕێکخراوەکانی کوردستان وە نزیک بە دووساڵ لەو ریزەدا دەمێنێتەوە و پاشان هەستی نەتەوایەتی و دڵسووتان بۆ میللەتی کورد هانی دەدا کە بۆ گەلی کورد و بۆ رزگاری لە دەست ستەمی نەتەوایەتی چەند قات، بچێتە ئەو ریزانەی کە بۆ ئەم ئامانجە خەبات دەکەن و تێدەکۆشن. بۆیە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانی هەڵبژارد. شەهید عەتا لە پاییزی ساڵی (1365)دا هاتە ناو ریزی پێشمەرگەکانی سازمانی خەباتەوە. شەهید عەتا ئینسانێکی زیرەک و ئەهلی کار وتێکۆشان بوو. سازمان دوای ماوەیەک ناردییە دەورەی کادری دەرمانییەوە. پێی نەچوو کە بە کادرێکی سەردەرچوو بە کەڵک لە کل هاتەدەر. ئەمجار لە گەڵ ئەوەشدا کە ئەرکی دەرمانی دەدی یارمەتی بەشی ڕاگەیاندن وبڵاوکردنەوەی دەداو لە بەشی بۆڵتێنیش دا کاری دەکرد کاتێک تیمەکانی عەمەلیاتی نیزامی دەردەکەوتن شەهید عەتا بەناوی کادری دەرمانی لەگەڵ تیم دەڕوویی. بەڵام تەنیا کاری ئەوەندە نەبوو بەڵکو وەک پێشمەرگەیەکی قارەمان و لێهاتوو بە هەڵمەت و دڵسۆز و دەست وەشێن و لێزان لە چالاکییەکاندا بەشداری دەکردو رێزی بەرچاوی بوو لەناو هەڤاڵاندا. بەراستی شەهید عەتا لەئازایی بەولاوە تەهووری بوو واتە شوجاعەتێکی ئینتحاری هەبوو. بەکوردی خۆمان هەرملی پێوە دەنا. دیواری ترس لە بەرانبەری دا هەڵمودووکەل بوو. شەهید عەتا لە چالاکییەکانی پێشمەرگەی سازمانی خەباتی خوێناوی لە ناوچەکانی بانە ومەریوان دا هاوبەش بوو. کە لەچالاکی لە حەسانەوەو تەداروک گرتن، لە بنکەکانی پێشمەرگەدا دانیشێ کە تفەنگ وتاقمی لەخۆ دەدا و پوزەوانەکانی هەڵدەکێشاو بەرەو گۆڕەپانی جەنگ دژی هێزەکانی رژێم دەستی پێ دەکردو سوورایی شادمانی لە لێوی دەگەڕا. هەر بەو حەماسە گەرم وبریاڕە کول نەبووەوە ژیانی پێشمەرگانەی درێژە پێ دا.
شەهید عەتا قادری لە بەهاری ساڵی 1370دا لە بەر هێندێ هۆ لە براکانی هاوسەنگەری لە سازمانی خەباتدا هەڵبڕاو وناچار بە چوونەوە ژێر دەسەڵاتی رژێم بوو. رژێم گرتی ولە زیندانی کرد ودوای ماوەیەک ئازارو ئەشکەنجە لە مەحکەمەیەکی گۆپاڵی دا حوکمی ئیعدامیان بە سەر دا سەپاند. لە بەهاری ساڵی1371دا لە گێرانەوەی لە دادگا بۆ زیندان بە دەستبەندەوە توانی خۆی فڕێ داتە ناو جەماوەرەوە وهەڵێ وخۆی بگەیەنێتە ماڵی برایەکی کوردی پاک لە شاری قارەمانپەروەر وقارەمان پارێزی سنەدا. دەستبەندی بۆ دەکەنەوەو دوای حەسانەوە بەڕێی دەکەنە ناو کۆڕی هەڤاڵان لە بنکەکانی سازمانی خەباتی کوردستان، وە شەهید عەتا لە گەڵ برا هاوسەنگەرەکانی بە یەک شاد بوونەوە. لە دواییەکانی بانەمەڕەی 1372دا بە فەرماندەیی تیمێک بەرەو مەریوان و پاشان سنەو دەرووبەری بەڕێ بوون لە 26ی بانەمەڕەدا خۆ دەگەیەننە شارە قارەمانپارێزە کوردپەروەرەکەی سنە، ماوەی 8رۆژ لەو شارەمانەوە زیاتر لە دە عەمەلیاتیان دژ بە هێزەکانی رژێم ئەنجام دا. وەک لە سەرەتادا گوترا ئەو تیمە شاری سنەیان پڕ کردبوو لە پێشمەرگەی خەبات. (ملک الموت) لە هەموو کوچە وکۆڵانێک لە سەر هێزەکانی رژێم دەگەرا, ئای خودا بنازم بە قودرەتت کە ویستت ئینسانێک یان دەستەیەک خاوەن سام کەی دەیکەی و هێزی لەبڕان نەهاتووی پێ‌ دەبەخشی.
جێگەی داخە کاتێک پێشمەرگەکان لە خیابانی نزیک مەیدانی ئیقباڵ دەکەونە کەمینی هێزی دوژمنەوە هەر لە سەرتادا کاک جەمیل سەججادی بە گوللەی دوژمن دەپێکری کاک عەتا قاردی فەرماندە بۆیاردەیان دەگەرێتەوە سەریان و هەوڵی دەربازبوونی کاک جەمیل و کاک کاوە نانەوا دەدات بەڵام بەداخەوە بۆ خۆشی بە سەختی بریندار دەبێ‌ بە شێوەیەک کە توانای دیفاعی نامێنی. کاتێک بەکرێگیراوانی رژیم دێنە سەری پێ‌ یان وایە گیانی سپاردوە هەر بۆیە دەیبەن بۆ ساردخانە بەڵام کاتێک لە سەردخانە دایدەنێن، بەیانیەکەی کەسیک سەردانی ساردخانە دەکات و هەست بە جوڵانەوەی کاک عەتا دەکات. کاک عەتا دەگوێزنەوە بۆ بیمارستان و تیماری دەکەن بە هیوای ئەوەی بە چاک بوونەوەی بتوانن زانیاری لێ‌ وەرگرن. بەڵام شەهید (شاهۆ) عەتای قارەمان لە دوای چاک بوونەوەی وەک پڵینگی بەند کراو بە سەر جەلادەکانی رژیمدا دادەخوڕی و بە دروشمی درود بۆ سازمانی خەبات و مەرگ و نەمان بۆ رژیم و ئاخوندە ملهوڕەکان لە بەرانبەریاندا دەویستێتەوەو وەک تێکۆشەرانی راستەقینەی سازمانی خەبات سیماو هیممەتی شۆڕشگێرانەی دەردەخاو بە دوژمن نیشان دەدا کە ڕۆڵەکانی سازمانی خەبات هەمیشەو لە حەستەمترین کاتدا بڕیاری شۆڕشگێرانەو نەتەویی و ئازادیخوازیان نیشان دەدن. ئەو زیندانیە سیاسیانەی کە بۆ ماوەیەک لە گەڵ شەهید عەتا لە زیندانەکانی ڕژیم بوون باس لە قارەمانی کەم وێنەو نەبەزیی و چاونەترسی ئەو مرۆڤ ئازاو فەرماندە نمونەیەی پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات دەکەن. ژمارەیەک لەو زیندانیە سیاسیانەی کە لە چاڵەرەشەکانی رژیم و هاوسلولی و شەهید شاهۆ بوون داستانی سەروەری و گەورەیی و هیمەتتی مەردانەو نەبەزی ئەو رۆڵە تێکۆشەرە دەگێڕنەوە.هونەرمەند عەلی زەندی و مامەند رۆژژە کە ماوەیەک هاوزیندانی شەهیدانی قارەمان کاک عەتا و کاک کاوە بوون ئازایەتی و چاونەترسی کەم وێنەیان لێ‌ دەگێڕنەوە.بەڵی شەهیدی فەرماندە کاک عەتا قادری سەرمەشق و نمونەی نەبەزی و چاونەترسی بوو کە ئاکامی ئەو نەبەزی و قارەمانەتیە فیداکردنی گیانی پیرۆزی لەپێناو ئازادی و سەربەرزی شۆرشش و سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بوو.
شەهید عەتای قارەمان لە دوای چەندین مانگ شکەنجەی قورس لە لایەن دادگای بەد ناوی ئینقلاب حوکمی ئیعدامی بە سەردا سەپێندراو لە 18ی ڕەزبەری 1372دا شەهید کرا.
هەزاران درود لە رۆحی بەرزی شەهید عەتا (شاهۆ سنەیی) وتێکرای شەهیدانی سەربەرزی رێگەی ئازادی بە تایبەت شەهیدانی سازمانی خەبات.

شەهید کاک کاوە نانەوایی
کاک کاوە نانەوا کوڕی شەریف لە ساڵی(1353)دا لە بنەماڵەیەکی رەنجدەرو هەژار لە شاری بانە چاوی بە دنیای پڕلە رەنج و پڕلە شانازی هەڵێنا. خوێندنی سەرەتایی لە کوردستانی راپەڕیودا دەست پێ کرد و لە بەر موشکیلاتی خێزان لە 5ی سەرەتایی زیاتر نەیتوانی بخوێنی. شەهید کاوە جوێ لەوەی کە زۆربەی بنەماڵەکەیان لە شۆڕشی کوردستان و سازمانی خەباتدا بوون و پەیوەندی ڕیشەداریان بە شۆڕشی ڕەوای سازمانی خەباتەوە بەتایبەتی بوو، ڕۆڵەیەکی خاوەن شەرەف و دڵسۆزی نیشتمان بوو کە ئیمان بە عەدالەت ودژایەتی لە گەڵ ستەمگەران وداگیرکەران لە ئامانج و مەبەستەکانی بوو. ئەو ڕۆڵە پاک خوڵقاوە چاک بار هاتووە بەر لەهاتنی بۆ ریزی پێشمەرگایەتی شانازی شەهادەتی برای گەورەی شەهید ناسر نانەوا و بەر لەویش شەهادەتی ئامۆزای شەهید عەبدوڵا نانەوا و بە ئیعدامی خاڵۆی شەهید ئەبووبەکری کەریمی کە ئامۆزای باوکی بوو بە دەستی هێز و جەلادەکانی رژێم هەستی شۆڕش لە دەروونی دا ڕیشەدار کردبوو، وە رێگای خەبات وشانازی بە سەرکەوتن یان شەهادەت ئامانجی بوو. کاتێک بە لەش لە هێزی پێشمەرگە دوور بوو بە دڵ لێیان هەڵنەدەبڕا رۆحی وەک پەروانە لە دەوری گڕی چەکەکانیان دەگەرا. خۆی بەپێشمەرگەی سازمانی خەبات دەزانی ودادەنا کە سەر دەکەتن ئاواتی بوو کە لە گەڵیان بووایە کە شەهادەت نەسیبی یەکێکیان دەبوو ئاواتی بوو بە نەسیبی خۆی بووایە. بەو بیرو باوەرو بەو دەروونە پڕ لە شانازییەوە لە بانەمەڕی (1371)دا هاتە ریزی پێشمەرگەی سازمانی خەباتەوە. دوای ڕاهێنان و بارهێنان چووە مەڵبەندی دووی سازمانەوە.شەهید کاوە نانەوا لە چالاکیەکانی ساڵی (1371)دا بەو پەڕی چاو نەترسی وئازاییەوە بەشداری کرد. جێی رەزای هەڤاڵان و فەرماندەران بوو. شیاوی پشت بەستن بوو. شەهید کاوە لە بەهاری ساڵی (1372)دا بە جێگری فەرماندەی تیم لە گەڵ ژمارەیەک لە قارەمانەکانی سازمانی خەبات بەرەو مەریوان وسنە و دەورووبەری بەرێ بوون. ماوەی 8روژ لە شاری سنەی خەباتگێر وکوردپەروەردا مانەوەو بەچالاکی بێ وێنە و یەک لە دوای یەکیان هێزەکانی دوژمنیان تۆقاند و دڵی یەکە یەکەی خەڵکی ئەو شارەیان گەشاندەوە و بەهاری شادیان بۆ خەڵکەکەی گێراوە و بە خوێنی پاکیان و بە خوێنی سوور وئاڵی وەک هەڵاڵەیان خەیابانەکانی سنەیان ڕەنگاند و خوێنی پیسی هێزەکانی رژێمیان لە گەڵ ماشینە وەڕ گەڕاو و پڕ لە کەلاکەکانیان بە جەدوەلی خەیابانەکانی سنەدا کرد. تاساعەت 3ی دوانیوەرۆی ڕۆژی 2/3/1372جەنگی رووبەرووی پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات وهێزێکی بێ ژماری دوژمن لە مەیدانی ئیقباڵ دا رێ کەوت. ڕۆڵە لە گیان بوودووە لە شەرەف نەبووردووەکان دادی قارەمانیان دا. وایان مەیدانی جەنگ گەرم کرد کە مێژووی کوردستان ئەو سەحنەیە لەبیر ناکاو لە سەروی شانازییەکانی شۆڕشی کوردستان بنووسێ. بەداخەوە لە دوای ماوەی چەند مانگ زیندانی لە گەڵ کاک عەتا قادری لە لایەن دادگای جینایەتکاری رژیمەوە حوکمی ئیعدامیان بە سەردا سەپێندراو لە 18ی ڕەزبەردا شەهید کران.
هەزاران درود بۆ رۆحی پاکی شەهید کاوە نانەوایی و تێکرای شەهیدانی رێگەی ئازادی بە تایبەت شەهیدانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران.


7 ساڵ و 8 مانگ و 28 ڕۆژ و 18 کاتژمێر و 33 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

18ی ڕەزبەر یادی 23 ساڵەی لەسێدارەدانی قارەمانانی سازمانی خەبات شەهید عەتا قادری (شاهۆ) و شەهید کاوە نانەوایی

18ی ڕەزبەر یادی 23 ساڵەی لەسێدارەدانی قارەمانانی سازمانی خەبات شەهید عەتا قادری (شاهۆ) و شەهید کاوە نانەوایی

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران