خەباتمێدیا: ڕۆژی سێشەممە ۱۳ی بەفرانبار, ۳ ساڵ لە کوشتنی گەورە تیرۆریست و فەرماندەی پێشووی سپای تیرۆریستی پاسدارن, قاسم سولەیمانی بە دەستی هێزەکانی ئەمریکا لە فرۆکەخانەی بەغداد تێدەپەڕێ. قاسم سولەیمانی بەبۆنەی ئەو جینایەتانەی لە دەرەوەو ناوخۆی وڵات دەیکرد, لەلایەن خەڵکەوه نازناوی سەرداری منداڵکووژی لێی نرابوو و بەپێچەوانەی هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ بە پاڵەوان نیشان دانی. چەندین جار لە ڕاپەڕینەکانی ئەم ماوەیەدا پەیکەر و پۆستەرەکانی لە زۆربەی شار و ناوچەکانی ئێران لەلایەن خەڵکەکەوە ئاگری تێی بەردراوە. ئێستاش بەبۆنەی سێهەمین ساڵوگەری کوژرانی ئەم جینایەتکارە هەڵمەتێک لە زۆربەی شار و ناوچە جیاجیاکانی ئێران دەستی پێی کردووە و خەڵک وێڕای دەربڕین خۆشی خۆیان, دەستیان کردووه بە دروشم نوسین و پیرۆزبایی بۆ کوژرانی ئەم تیرۆریستە و هەروەها ئاگرتێبەردانی پۆستەرە حکومییەکان کە لە ناوشار و کۆڵانەکان هەڵواسراون.
خەڵک له شارەکانی تاران, مەشهەد, سنە, مەهاباد, ئەردەبیل, کرماشان و چەندین شار و ناوچەی دیکەش بە کۆکتێل مۆلۆتۆڤ هەڵیان کوتاوەتە سەر بیلبۆرد و پۆستەر و وێنەکانی ئەو تیرۆریستە و ئاگریان تێی بەرداون و بەم شێوە بێزای خۆیان لە دەسەڵاتی ئاخوندی ئێران و مۆرە بەکرێگیراوەکانی نیشان دا.