خەباتمێدیا: ئەمڕۆ شەممە ۱·ی بەفرانباری ۱۴۰۱ی هەتاوی, محەممەد مەهدی کەرەمی و محەممەد حوسەینی, بەتۆمەتی "مفسد فی الارض" و هەوڵ بۆ ئاژاوەگێڕی دژ بە ئاسایشی وڵات, لەسێدارە دران.
ناوبراوان لە ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی کە بەدەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیمی ئاخوندی شەهید کرابوو بەشدار بوون و بە کوشتنی بەسیجیەک لەو ڕێورەسمەدا تۆمەتبار کرابوون.
ناوبراوان پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە دانپێنانەکانیان زۆرەملێ و لە ژێر شکەنجە بووە و هیچ بایەخێکی یاسایی نییە.
هەروەها لە مافی بوونی پارێزەر بێبەش بوون و تەنانەت له مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ خانەوادەکانیشیان پێش لەسێدارەدانیان نهبووه.
ڕابێرت مالی نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری ئێران دژ بە لەسێدارەدانی محەمەد مەهدی کەرەمی و محەمەد حوسێنی، لە تویتێکدا نووسی:
«ئێمە بە لەسێدارەدانی دوو لاوی دیکەی ئێرانی لە لایەن ڕێژیمەوە دوای دادگاییکردنی ساختە، تووشی شۆک بووین. دەبێت ئەم لەسێدارەدانانە بوەستێنرێت. ئێمە و ئەوانی دیکە لە سەرانسەری جیهان بەردەوام دەبین لە لێپرسینەوە لە سەرکردەکانی ڕێژیمی ئێران.»