جەواد ڕوحی، کیمیا جەوادی و مێهدی محەممەدی فەر، سێ هاووڵاتی کە لە کاتی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی دژبە ڕژیمی ئاخوندی لە بەندیخانەی شاری نۆشار بەند کرابوون، حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندرا.
ئاژانسی هەواڵنێریی دەسەڵاتی دادوەری ڕژیم ڕۆژی سێشەممە ٢٠ ی ڕێبەندان ڕایگەیاند کە جەواد ڕوحی یەکێک لەو کەسانەی کە لە نەوشار گیراو و بەند کراوە، بە تۆمەتی موحاڕەبە و موفسەدی و فیل ئەرز حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێنراوە.
پێشتریش ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند کە سەرەڕای لەسێدارەدانی چوار کەس لە ناڕازییەکانی ڕاپەڕینی سەرتاسەری دژی ڕژیمی ئێران، لانیکەم ١٠ ٩ کەسی دیکە لە ناڕازیان مەترسی دەرکردن یان جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامیان لەسەرە.
ئەم ڕێکخراوە ناحکومییە کە بنکەیەکی لە وڵاتی نۆروێژە، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی سەرماوەز، لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە ڕاپەڕینی سەرتاسەری دژ بە ڕژیمی ئێران ڕایگەیاند، کە ئەم ئامارە هەم ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە هەواڵەکانیان لە لایەن میدیای فەرمی ڕژیم بڵاو کراوەتەوە و هەم ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە بەپێی ڕاپۆرتی هاوڵاتیان، مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
بە بەراورد لەگەڵ لیستی پێشووی ناڕازیانە کە مەترسی لە سێدارەدانیان لەسەرە کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ٦ی ڕێبەندان بڵاوی کردەوە، ناوی ٩ کەس کە بە دانانی بارمتە ئازاد کراون، کەسێک کە چیتر لە ژێر دەستی هێزە سەرکوتکەرانەکاندا نەماوە، و دوو قوربانی ناڕەزایەتییەکان کە لە ١٧ی سەرماوەز لەسێدارەدرابوون لەو لیستەدا دوورخرانەوە.
بەڵام ٢١ کەسی دیکە کە مەترسی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە بۆ لیستی ئێستا زیادکراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران جەختی کردووەتەوە کە ڕژیمی ئێران بە ئەنقەست هەوڵ دەدات بە لێدوانی دژبەیەک سەبارەت بە دۆسیە و حوکمی ناڕازییان و بە تایبەت حوکمی لەسێدارەدان سەرلێشێواوی دروست بکات.
ئەم ڕێکخراوە ڕایگەیاند: دەستڕاگەیشتنی سنوورداری تۆمەتباری ئەمنی بە پارێزەری هەڵبژێردراو (بەپێی تێبینی مادەی ٤٨ی یاسای ئیجرائاتی تاوان) لە هەموو قۆناغەکانی لێپرسینەوە و دادگاییکردن و تانەدان، ئەم ناڕوونییانە زیاتر دەکات. زۆرێک لە تۆمەتباران دەرفەتیان نییە بە ئازادی کۆببنەوە و دۆخی خۆیان بۆ خێزانەکانیان ڕوون بکەنەوە،
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هەروەها لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە ژمارەی کوژراوانی ڕاپەڕینی سەرتاسەری ئێران بڵاوی کردووەتەوە کە لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانی ئێستاوە لانیکەم ٤٨١ هاووڵاتی کوژراون کە ٦٤ منداڵ و ٣٥ ژنیشیان تێدایە.
ئەم ڕێکخراوە خوازیاری سەرنجی کۆمەڵگای مەدەنیی ئێران و کۆمەڵگەی جیهانی بە چڕکردنەوەی سەرکوتەکان لە ڕێگەی دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە، دەستدرێژی جەستەیی و سێکسی لە کاتی دەستبەسەرکردن و لێپرسینەوە و دەرکردنی حوکمی بەکۆمەڵ بوو.