هێزی پێنجەمی ئەمریکا دەستی گرت بە سەر بارێکی چەکی کڵاشینکۆف کە لە ئێرانەوە بە قاچاخ بۆ یەمەن دەچوو
وەزیری ڕاگەیاندنی یەمەن، موعەمەر ئەلڕەیانی، ڕایگەیاند ئێران، قاچاخی چەک بۆ حوسییەکان زیاد دەکات. ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بەفرانبار لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، ئاماژەی بەوەدا کە دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی چەک کە بە قاچاخ بۆ حوسییەکان نێردراوە، ئەوە سێهەمین جارە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا،. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، رژیمی ئێران گرووپی حوسییەکان وەک ئامرازێک بۆ "ناسەقامگیری ئاسایشی یەمەن و ناوچەکە بکاردەهێنێت.
هێزی پێنجەمی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کەشتییەکە دوو هەزار و 116 چەکی کڵاشینکۆفی تێدابووە کە لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە لە خەلیجی عومان لەکاتی پەڕینەوە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان لە ئێرانەوە بەرەو یەمەن دەستی بەسەرداگیرا.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە ناردن یان فرۆشتنی چەک بۆ حوسییەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پێشێلکردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
هەروەها تیمۆسی هۆکینز، وتەبێژی هێزی پێنجەمی دەریایی ئەمریکا کە بنکەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ڕایگەیاند کە چەکی کڵاشینکۆف لە کەشتییەکەدا دۆزراوەتەوە.
ئەم چەکە دەستبەسەرداگیراوانە هاوشێوەی ئەو چەکە هێرشبەرانەی دیکەن کە لە ئێرانەوە بۆ یەمەن نێردراون و پێشتر لەلایەن هێزی دەریاییەوە دەستی بەسەردا گیرابوون.