خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی سازمانی خەبات!
بە خۆشیەوە ئەمرۆ پێنج شەممە 29 ی بەفرانباری 1401 کۆچی خۆری، پاڕڵمانی ئوروپا بە پەسەند کردنی بڕیاڕنامەیەک سپای پاسدارانی خستە نێو ڕیزی ڕێکخراوە ترۆریسیەکانەوە.
وەک هەموو لایەک ئاگادارن کە لە دوای سەرهەڵدانی شۆرشی ژینا لە کوردستان و ئێران، پشتیوانیە جیهانیەکان لە گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران، رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبووندایە. کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەتایبەت رۆژئاوا، لەلایەک بەردەوامە لە پشتیوانی لە شۆرشی ژینا لە کوردستان و ئێران و لەلایەکی دیکە بەردەوامە لە سەپاندنی فشاری سیاسی و دیپلۆماتیک بۆ سەر رژیمی جینایەتکاری ئاخوندی.
لە دوای شەپۆلی نوێی ئێعدامەکان و بەتایبەت لەسێدارەدانی تێکۆشەران و راپەریوان، ووڵاتانی رۆژئاوایی بە شێوەی کاریگەرتر، کار بۆ سەپاندنی ئابڵوقە و فشاری سیاسی بۆ سەر رژیمی ئاخوندی دەکەن و لە نوێترین هەنگاودا یەکیەتی ئوروپا سوپای پاسدارانی رژیمی ئاخوندی خستە لیستی ترۆرەوە.
بەو پێیەی سوپای پاسداران لە بنەڕەتدا ناوەندێکی چەکداریی و سەرکوتکەرو ترۆریستیە، دەوری سەرەکی هەیە لە سەرهەڵدان و پەرەسەندنی رەوتە ترۆریستیەکان وە کردەوەی ترۆریستی لە ناوچەکە و جیهان، وە هەروەها دەوری سەرەکی هەیە لە کوشتن و سەرکوت و شکەنجەی خەڵکی ئێران و ناڕازیان و پارێزگاری لە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی لە ئێران. لە لایەکی دیکەوە سوپای پاسداران سەرجەم ناوەندەکانی ئابووری و بەرهەمهێنانی ئێرانی قۆرغ کردووەو بووەتە هۆی هەژاری، برسیەتی و ژیانی کولەمەرگی بۆ خەڵکی ئێران.ئەو هێزە سەرکوتگەرە تەنانەت بۆتە هۆی سەرەکی برینی برق و گازی خەڵکی ئێران لە وەرزی زستاندا.بەو کورتە پێناسەیەی سپای پاسداران، جێگەی خۆیەتی و زۆر پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەتایبەت ووڵاتان و ناوەندەکانی رۆژئاوا بە تاقمێکی ترۆریستی دەناسن و لە لیستی گروپە ترۆریستیەکاندا جێگیریان کردوە.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵی تێکۆشەرانی کورد و ئێرانی، دیپلۆمات و پارلەمانتارە ئوروپاییەکان بۆ هەوڵەکانیان بە مەبەستی زیادکردنی فشارەکان بۆ سەر رژیمی ئاخوندی و بەتایبەت بە ترۆریست ناساندنی سوپای پاسداران، داوا لە خەڵکی کوردستان دەکا بە هۆی ئەو سەرکەوتنە گەورەیەو بریاری بە ترۆریست ناساندنی سوپای پاسداران لە پارڵەمانی ئوروپا، بە دەربڕینی خۆشی و شادی و یەکگرتنی بەردەوام، پەرە بە ناڕەزایەتی و شۆرشی ژینا بدەن و دڵگەرمتر بە سەرکەوتن و روخانی یەکجاری رژیمی ئاخوندی تێبکۆشن.
سەرکەوتن بۆ شۆرشی ژینا، ژن ژیان ئازادی
بروخێ رژیمی ئاخوندی ئێران
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوەندی
29 ی بەفرانباری 1401 کۆچی خۆری
19 ی یانیواری 2023