رۆژی هەینی رێکەوتی ٣٠ ی بەفرانباری ١٤٠ ١ی هەتاوی، لە بنکەی ناوەندی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، بە بەشداری بەڕێز سکرتێری گشتی سازمانی خەبات و چەند کەس لە ئەندامانی سەرکردایەتی، کادر و پێشمەرگەو لایەنگەران و دۆستانی سازمانی خەبات، رێوڕەسمی پرسەی شەهید مستەفا ئەحمەدنژاد، ناسراو بە دیار خەبات، بەڕێوەچوو.
سەرەتای بەرنامەکان بە خوێندنەوەی شیعری شەهید لە لایەن کاک وریا بابەکری و خوێندنی قورئان و فاتحە بو رۆحی پاکی شەهید دیار دەستی پێکرد.
بۆ رێز گرتن لە یادی شەهیدانی سوورخەڵاتی کورد و کوردستان و شەهیدانی شۆڕشی سەراسەری لە ئێران و بە تایبەت شەهیدانی سازمانی خەبات و شۆڕشی ژینا و شەهید دیار ئەحمەدنژاد، بەشداربووان بە دەقەیەک بێدەنگی بەپێوە راوستان.
پاشان کاک بابەشێخ حوسەینی، سکرتێری گشتی سازمانی خەبات لە ووتاریکداو لە وتەکانی باسی لە دلێری و چاونەترسی و بوێری شەهید دیارکردو ووتی: شەهید دیار وەک نەریتێکی ڕێبوارانی ڕاستەقینەی سازمانی خەبات، تا دوا هەناسەی خۆی تەرخانی رێبازەکەی کرد و هەتا گیان لە لەشیدا بوو شەڕی لەگەل بەکرێگیراوانی رژیمی ئاخوندی کرد و بوێرانەو سەربەرزانە پەیوەست بە کاروانی شەهیدانی سوورخەڵاتی کورد و کوردستان و سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بوو. شەهید دیار تەنیا نموونەیەک لەو شەهیدانەی سازمانی خەبات بوو کە گیانی پاکیان پێشکەش بەم رێبازە کرد و دلێرانە هەتا کۆتا چرکەی ژیانیان کۆڵیان نەدا و سەلماندیان کە ژیان خۆیان کردە فیدا بۆ گەیشتن بە ئازادی وڵات و نیشتمان و کەمترین چت لەلایان گیانیان بوو کە بەخشیان بۆ ئازادیی ووڵات و بۆ ڕێبازی سازمانی خەبات. بەڕێز کاک بابەشێخ لە درێژەدا وتی: شەهید دیار بۆ بەشداری لە خەباتی ژن، ژیان، ئازادی، رێگای ناوخۆی ووڵاتی گرتە پێش و دەیزانی هەنگاو لە رێگایەک دەنێ کە رەنگە هیچ رێگایەکی گەڕانەوەی نەبێ. بەڵام هەڵیبژارد کە شان بە شانی خەڵکی کوردستان دژ بە دەسەڵاتی نەگریسی ئاخوندی ئەرکی خۆی بە نیشتمانی داگیرکراو و گەلی ستەملێکراو ئەدا بکات.
بویە ئەو رێگایە کە هەڵیبژاد رێگایەکی پاک و بێگەردەو ئێستا لەسەر شانی ئێمەیە کە درێژەدەری ئەو ڕێگایە بین.
کاک بابەشێخ هاتە سەر باسە سیاسیەکان و ووتی: کەسانێک هەن کە ئاڵترناتیڤی درۆ و ساختە لە دەرەوەی ووڵات پێک دێنن و هەوڵ دەدەن شوڕش بە لاڕێدا ببەن، کەسانێک کە خۆیان بە کوڕی شا هەڵواسیوە و هەوڵ ئەدەن لە کۆڕی ئەو خەیانەتکارە کە دواکەوتووی رێگاکەی باوکیەتی، کەسێکی باش و دڵسوز لە چاوی خەڵک دروست بکەن. بەڵام نازانن کە خەڵک زۆر بە باشی و چاو کراوەیی و ووشیاری هیچ جیاوازییەک لە نێوان کۆڕی شاو و کۆڕی خامنەیی ناکەن و بە سەرکۆتکەری خەڵکی بێتاوانی کوردستان و ئێرانیان زانیون و دەزانن. سازمانی خەبات زۆر بە روونی دژایەتی خۆی لە هەر هەوڵێک بۆ هێنانە پێشی کوڕی شا ڕاگەیاندوەو پێ وایە ئالتێرناتیڤی راستەقینە بۆ جێگرەوەی دەسەڵاتی ئاخوندیی، شورای میللی موقاومەتی ئێرانەو ئەو شۆڕایەدەتوانێ جێگرەوەیەکی کاتی و شیاو بێ بو ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە.
لە بەشی کۆتایی ووتارەکەیدا ووتی:رژیمی ئێران بە خەیاڵی خاوی خوی پێی وایە بە زیندانی کردن، شکەنجە،شەهید کردن، ئێعدام و سەرکوت، دەتوانێ پێش بە بەرخۆدان، راپەڕین وشۆڕش و ڕووخانی بگرێ، بەڵام نەک نەیتوانیوە پێش بەو خەڵکە بگرێت، بەڵکوو سەرکوت و هەڕەشەو جینایەتکاریەکانی بوونە هۆی هاندان و توڕەیی زۆرتری خەڵک بۆ خەبات دژ بەو دەسەڵاتە داگیرکەرە. دەبینین شۆڕشی ژینا زیاتر لە ١٢٠ رۆژە درێژەی هەیەو ئەو شۆڕشە سەلماندی کە رژیمی ئاخوندی ناتوانێت پێش بە هەستی ئازادیخوازی خەڵک بگرێت و رۆژ لەدوای رۆژ نزیکتر بە رووخان دەبێتەوە.
پاش وتەکانی بەڕێز سکرتێری گشتی، سروودیک لە لایەن کۆڕی موسیقای سازمانی خەبات پێشکەش بە بەشداربووان کرا.
لە بڕگەی دیکەی لە بەرنامەکان پارچە پەخشانێک لە لایەن خاتوو ڕێناس فەلەکی پێشکەش بە شەهید دیار کرا.
لە دڕێژەدا پەیامی کومیسیونی سیاسی نیزامی بە بۆنەی شەهید بوونی شەهید دیار لە لایەن بەڕێز کاک شوڕش حاجی خۆێندرایەوەو
بەشی کۆتایی بەرنامەکان بڵاو کردنی پەیامی ویدیویی لە ووتە بەنرخەکانی شەهید دیار بوو کە لەسەر رێگای راستەقینەو خۆنەویستانەی سازمانی خەبات پێش شەهید بوونی ووتبونی. لە کۆتایی دا ئامادەبووان پرسەو سەرەخۆشییان لە بنەماڵەی شەهید دیار کرد و بەمجۆرە کۆتایی بە رێورەسمی پرسەی شەهید دیار ئەحمەدنژاد هات.