دامەزراوەی ئاڵمانی کۆمەگ بە برسیەکانی جیهان لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکا کە لە بەربەرەکانێی برسیەتیدا پێشکەوتنی باش هەبووە بەڵام بەسەر ئەوەشدا لە زۆرێک لە وەڵاتان هەلومەرجەکە هەر مەترسیدارە. شەڕ بە یەکێک لە سەرەکی ترین هۆکانی برسیەتی و کەمخۆراکی دادەنرێ.
رێکخراوی هاوکاری بۆ برسیەکانی جیهان دەڵێ وێرای هەنگاوی بەرچاو لە خەبات لەگەڵ برسیەتی دا، هێشتا 795 ملوێن کەس لە جیهاندا برسین. ئەتڵەسی 2016 کە رێژەی برسیەتی لە ئاستی جیهان نیشان دەدا، دەری دەخا کە شەڕ لە یەمەن، سودانی باشوور و سوریە بەگشتی بوونە هۆی پەرەسەندنی برسیەتی و کەم خۆراکی.
بەپێی ئەو ئەتڵەسە رێژەی حەشیمەتی برسیەکانی جیهان لەچاو ساڵی 2000 نزیک بە 29 لەسەد دابەزیوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە حەشیمەتی جیهان زیادی کردوە. دوو ساڵ لەوە پێش 842 ملوێن کەس بەدەست برسیەتیەوە ئازاریان دەکێشا.
بێربێل دیکمەن، سەرۆکی ئەو رێکخراوە دەڵێ: ئەوەی دەبێتە هۆی نائومێدی ئەوەیە کە بەشێکی زۆر لەو پێشکەوتنانەی لە بەربەرەکانێی برسیەتی بەدەست هاتوون بەو دۆخەی شەڕ بۆ جیهانی ساز کردوە، ئێمە دەباتەوە بۆ دواوە و خەڵکێکی بە دۆخێکی باشتر گەیشتبوون دیسان دەکەونە داوی برسیەتی.
نابەرابەری لە سنووری جوغرافیای وەڵاتێکدا!
لەو ئەتڵەسەدا وەڵاتان دابەش بوون بە سەر چەند دەستەدا، رەنگی قاوەیی بەگشتی وەڵاتانی ئافریقایی لە خۆ دەگرێ کە لەوێ برسیەتی و قاتو قڕیە. بەڵام هەر لەو قاڕەدا وەڵات گەلێکی وەک میسر برسیەتی تیایدا بەشێوەی مامناوەندە لە هەمان کاتدا هەر بە پێی راپۆرتی ئەو رێکخراوە هەلومەرجی میسر لەو بارە لە چاو ساڵی 2005 خراپتر بووە.
"ناونج" کە لە ئەتڵەسەکەدا نیشان دەدرێ، نیشانەی ئەوەیە کە لە هەندێ وەڵات ژمارەیەک تێر و گروپێکی گەورە برسین و زوڵمیان لێ دەکرێ.
هەندێ وەڵاتیش لە ئەتڵەسەکەدا نیشان نەدراوە لەبەر ئەوەی شەڕ لێدراوەو بەو هۆیەوە نەیانتوانیەوە زانیاری تەواو لە دۆخی خەڵک وەدەست بێنن. بەو حاڵەش لە روانداو میانمار پێشکەوتنی بەرچاو بەدیی دەکرێ.
تا ساڵی 2030 قات و قڕی برسیەتی کۆتایی نایە
65 ملوێن کەس لە جیهاندا ئاوارەن. لەو رێژەیە تەنیا بەشێکی کەمی گەیشتوونە ئوروپا و باقیەکەی روویان لە وەڵاتانی جیران کردوە. بۆ نمونە جینایاتی بۆکوحرام لە نیجیریە بۆتە هۆی ئاوارە بوونی سەدان هەزار کەس کە پەنایان بۆ نیجر بردوە کە خۆی هەژارترین وەڵاتی جیهانە.
دیکمەن دەڵێ: ژومارەی ئەو وەڵاتانەی کە تیایاندا برسیەتی هەمیشەییەو بەدەست قات و قڕیەوە دەناڵێنن کەمترە لە رابردوو بەڵام لۆژیکی نیە وابیر بکەینەوە کە بەرنامەی رێکخراوی نەتەوەکان بۆ کۆتایی هێنان بە برسیەتی تا 2030 یانی 14 ساڵی دیکە کردەییە.