لە سەقز حوکمی زیندان بەسەر هاوڵاتیەکدا سەپا
بریندار بوونی کۆڵبەرێکی دیکە بە تەقەی هێزەکانی رژێم
چالاکێکی مەدەنی شاری سەقز دوای دەستگیر بوونی بێ سەروشوێن دەکرێ
لە شاری شنۆ ژنێک خۆی هەڵواسی
لە سنە کرێکارێک گیانی دا
لە سەقز حوکمی زیندان بەسەر هاوڵاتیەکدا سەپا
بەپێی هەواڵەکان لەماوەی رابردوودا دادگای رژێم لە شاری سەقز، سزای ١ ساڵ زیندانی بەسەر ئاوات شەریفی 24 ساڵ کوڕی جەعفەر دانیشتووی ئەو شارەی سەپاندووە.
ناوبراو رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٧ی پووشپەڕی 1395 لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی رژێم لە شاری سەقز دەستگیر کراوە.
ئەو هاووڵاتییە کوردە بەبێ ئەوەی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی جێ بەجێ بکرێ 4 مانگە لە زیندانی ئەو شارە راگیراوە.
ئاواتی شەریفی بەتۆمەتی “پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزێسیۆنی رژێم” ئەو حوکمەی بەسەردا سەپاوە.
بریندار بوونی کۆڵبەرێکی دیکە بە تەقەی هێزەکانی رژێم
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ٢١ی ڕەزبەر، هێزە سەرکوتگەرەکانی رژێمی ئێران، لە شوێنێک بە ناوی "پردی سۆران" کاروانی کۆڵبەرانیان دایە بەر دەستڕیژ و یەکێک لە کۆڵبەرەکان بەسەختی بریندار بوو.
ئەو کۆڵبەرە کوردە کە ناوی ئەبووبەکری فەیزە و تەمەنی 50 ساڵە خەڵکی شاری پیرانشارە، کە ئێستا بۆ چارەسەر گەیەندراوەتە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان.
بەپێی سەرچاوەکان هێزەکانی رژێم لە نێو خاکی هەرێمی کوردستاندا تەقەیان لەو کۆڵبەرانە کردوە .
لەلایەکی دیکە چەند ڕۆژ لەوەپێش، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی رژێم لە گوندی "چۆمان"ی شاری بانە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی مێهدی ڕەحیم زادە کوڕی ئەحمەد، گیانی دا.
ساڵانە زیاتر لە سەدان کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان بە هۆی تەقەی هێزەکانی رژێمی ئێرانەوە دەکوژرێن.
چالاکێکی مەدەنی شاری سەقز دوای دەستگیر بوونی بێ سەروشوێن دەکرێ
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، یەکێک لەچالاکانی مەدەنیی شاری سەقز بەناوی “ئاسۆ رەمەزانزادە” کە رێکەوتی ١ی خەرمانان لەلایەن هیزە سەرکوتگەرەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرابوو، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی هیچ ئاکامێکی نەبووە.
ئاسۆ رەمەزانزادە لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٦ی کۆچی خۆریەو پاش دەستگیرکردنی بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و هەتا ئێستاش هۆی دەستگیرکردنەکەی روون نیە.
یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئاسۆ به ههواڵنێری ههنگاوی رایگەیاندووە کە بەدواداچوونەکانی ئەو خێزانە کوردە بۆ ئاگاداربوون لەچارەنووس و شوێنی راگیرانی رۆڵەکەیان بێئاکام ماوەتەوە.
وهڵامی ئیدارەی سەرکوتگەری ئیتلاعات بە خێزانی ئەو گیراوە ئەوە بووە کە کوڕەکەتانمان رەوانەی ئیتلاعاتی سنە کردووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەی چەندین جار سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەیان کردووە، هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتۆتەوە.
لە شاری شنۆ ژنێک خۆی هەڵواسی
بەپێی هەوالەکان رۆژی دووشەممە 19ی رەزبەری 1395، نەجیبە حەسەنپوور خەڵکی گوندی “پوشاوێ ” ی ناوچەی شنۆ، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
وەک دەگوترێ هۆی خۆکوژی ناوبراو بۆ بوونی کێشەو ناکۆکی خێزانی و ناکۆکی لەگەڵ مێردەکەی دەگەرێتەوە.
ئامارەکان بەرزبوونەوەی رێژەی خۆکوژی لە رۆژهەڵاتی کوردستان نیشان دەدەن کە هۆی پەرەسەندنی ئەو دیاردەیە لە کوردستان بۆ کێشە و موشکیلاتی کۆمەڵایەتی و ئابووری دەگەرێتەوە. هەر بەپێی ئامارەکان لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا 3 ژن خۆیان کوشتوە.
لە سنە کرێکارێک گیانی دا
بەپێی بڵاوکراوەی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ دامەزرانی رێکخراوە کرێکاریەکان، رۆژی یەکشەممە 18ی ڕەزبەر کرێکارێکی لاو بەناوی غالب مەلایی کە کاری بیر هەڵقەندنی کردوە، لە کاتی کارکردندا بەهۆی داروخانی بیرەکەوە گیانی داوە.
ئەو رووداوە لە دێی تۆدارمەلای ناوچەی کەڵاتەرزانی سنە رووداوە، لە کاتێکدا کە بێڵی میکانیکی بیرێکی بە قوڵایی 7 میتر کەندوە، ناوبراو بۆ بەراوردی بیرەکە دەچێتە ناوی، کە لەو کاتەدا بیرەکە دادەرووخێ و دەکەوێتە ژێر بیرە داروخاوەکە.