چنوور سەقزی
پێش هەر بۆچوون و هەر لێکدانەویەک، نابێ ئەو ڕاستیە لە بیر بکەین کە شۆڕشی گەلانی ئێران دژی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ساڵی ١٣٥٧ی کۆچی خۆری یەکێک بوو لە شۆرش٠ە ڕەواکان لە مێژوویی ووڵاتان و بە تایبەتی لە مێژووی ناوچەکەو ئێران دا.
بە تاڵان بردنی بەریی ڕەنجی گەلانی ئێران لە لایەن خومەینی و دەست و پێوەندەکانیەوە،هەروەها جینایەت و دڕندەییەکانی ئەو دەسەڵاتە لە ماوە ٤٤ ساڵ دەسەڵاتدارییدا،بەو واتایە نیە کە شۆڕشی دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتی پێویست نەبوو. هەموان ئەو ڕاستیانە دەزانن کە لە ماوەی دەسەڵاتی پاشایەتی چەندە تاوان بەرانبەر ئازادیخوازان لە سەراسەری ئێران و بە تایبەتی تاوان لە بەرانبەر گەلی کورد کراوە. کە دیارترین تاوانی دەسەڵاتی شا، هێرشی هەمەلایەنە بوو بۆ سەر کوردستان و شەهید کردنی پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆک کۆماری کوردستان، ئەبولقاسم سەدری قازی و حەمە حوسەین خانی قازی لە ڕۆژی ١٠ ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی کۆچی خۆری و زیندانی کردنی دەیان تێکۆشەری ئازادیخواز.
هەموو ساڵێک لە ٢٢ی ڕێبەندان (بهمن) و بە بۆنەی ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران دژ بە ڕژیمی پاشایەتی، کە ئاخوندە دیکتاتۆرە دەسەڵاتدارەکان هەوڵ دەدەن بە شۆڕشی سەرکەوتنی خۆیان پێناسەی بکەن،بە شێلگیری و لە ڕێگەی بەکار هێنانی هێزی سەرکوتگەرو هەڕەشە لە خەڵک و بە تایبەت هێنانی مووچە خۆران و کارمەندەکانی دامەزراوە حکومەتیەکان، ئاپۆرای خەڵک بۆ شانۆگەری بە ناو پشتیوانی لە دەسەڵات بە بەربڵاو نیشان بدەن. هەر لە بۆنەوە لە ٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵدا، هێزە سەرکوتگەرەکان و تێکڕای ناوەندەکانی دەسەڵات زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو کەوتنە هەوڵ بۆ کۆکردنەوەی خەڵک لە بۆنەی ٢٢ی ڕێبەندان، هەر بۆیە بە ناردنی نامەو ئاگادارکردنەوەی کەس و کاری قوتابیان و خوێندکاران کە ئەگەر بەشداری ڕێپێوانی ٢٢ی (بهمن) نەکەن ئەوە کێشە بۆ خۆیان و منداڵەکانیان دروست دەکەن. هەروەها کارمەندو کادری ناوەندە حکومەتیەکان یان ئاگادار کردۆتەوە کە دەبێ بەشداری ئەو ڕێوڕەسمە بکەن. لەگەڵ ئەو فشارو زۆر هێنانەدا ژمارەیەک بەکرێگیراوی نیشتمان فرۆش یش بەشداریان کردوە لە بۆنەی ٢٢ی ڕێبەندان، بۆ وێنە لە شاری بانە کەسێکی خۆفرۆش کە بەسیج و جاشە بە ناوی بێهزاد کە کوێرەو خۆی بە هونەرمەند و گۆرانیبێژ نیشان دەداو زیاتر لە بۆنەکانی دەسەڵات خۆی دەردەخا، جارێکی دیکە خۆش خزمەتی بە ڕژیمی دڕندەی ئاخوندی کرد کە بە خۆشیەوە لە لایەن جەماوەری شۆڕشگێر ئاگادار کراوەتەوە دەست لە خزمەت بەو ڕژیمە دڕندەیە هەڵگرێ.
ئاشکرایە دەسەڵاتدارانی ئێران لە تێکڕای شارەکانی کوردستان و لە شارەکانی دیکەی ئێران لە ڕێگەی زۆر و هەڕەشە کەوتنە هەوڵ بۆ کۆکردنەوەی خەڵک لە مەراسمی ٢٢ی ڕێبەندان بۆ ئەوەی بە خەیاڵی خاویان شۆڕشی ژینا و شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی، و شۆرش٠ی پێنج مانگەی گەلانی ئێران بخەنە ژێر پرسیار بەو شێوە نیشانی بدەن کە لە ناو جەماوەردا لایەنگریان هەیە. بەڵام بە خۆشیەوە جەماوەری قارەمانی کوردستان و خەڵکی ئێران جارێکی دیکە بە نەچوون بۆ کۆبونەوەی ڕژیم و بەردەوام بوون لە شۆرش٠ی ژینا، دروشمی نە شاە مان دەوێ نە ئاخوند سوور بوونیان لە شۆڕشی ئازادیخوازی بۆ گەیشتن بە دیموکڕاسی دووپات کردەوە.
بە دلنیاییەوە شۆڕشی گەلانی ئێران کە لە ساڵی ١٣٥٧ی کۆچی خۆری و بە ڕووخانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ڕژیمی پاشایەتی دەستی پێکرد تا ڕوخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندەکان و دامەزرانی حکومەتی دیموکڕاتیک لە ئێران و گەیشتنی گەلی کورد بە مافی نیشتمانی و نەتەوەیی درێژەی دەبێ.