شۆرش حاجی
لەم رۆژانەدا رژیمی دیکتاتوری ئاخوندی یادی٤٤ ساڵەی تەمەنی رەشی دەسەلاتەکەی کردەوە و هەوڵێکی زۆری دا لەرێگەی جۆراوجۆر ئەو یادە بەشکۆ و گەورە نیشان بدات و لە رێگەی بەکارهێنانەوەی فیلمە کۆنەکان بەشداری خەڵک نیشانی جیهان بدات. بەڵام ئەوەی راستییە دەسەلاتی ئاخوندی لەمێژووی تەمەنی خۆیدا هێندەی ئێستا نوقمی قەیرانی چارەسەرنەکراو و نەمانی مەشروعیەت و تەریک کەوتوو نەبووە.
لەئاستی دەرەوە بەکردەوە وەکوو وەلاتێکی تروریست پەروەر و دیکتاتوری لێی ئەرواندرێ و هەموو رۆژێک بەجۆرێک ئەو راستیەی پیشان ئەدرێ و لەدوایین نمونەش بانگهێشت نەکردنی بۆ کۆبوونەوەی ئاسایشی مونیخ بوو کە زلەێکی دیکە لە روومەتی دەسەلاتی ئاخوندی درا. رژیم بە گشتی سیمایکی قێزەون و رەشی لەخۆی وێناکردەوە کە ئەو بیزراویە روژ لەدووی رۆژ لەپەرەسەندن دایە و وەلاتانی دەرەوە بە بوێرییەکی زیاترەوە لەرێگەی تەحریم و فشارە ئابووری و سیاسیەکانەوە هەوڵی خستنە پەروایزی زۆرتری ئەو نیزامە ئەدەن و سەرباقی ئەوەی کە کێشەکانی دەستراگەیشتنی رژیم بە چەکی ناوکەیی و هەوڵە شاراوەکانی و هەروەها کێشەی پشتیوانی لە تروریسمی نێودەولەتی و ئاژاوە و بشێوی درووست کردن لە ناوچەکە و جیهان وەک کێشەی سەرەکی رۆژئاوا لەگەڵ رژیم وەک خۆی ماوە و چارەسەر نەبووە، لە ئێستا دا کێشەی پێشیل کردنی مافەکانی مرۆڤیش کە هەمیشە خەمی چالاکوانانی دژبەری رژیم بووە بە لیستی کارە بایەخ پێدراوەکانی وەلاتانی رۆژئاوایی زیاد بووە و تەحریمی بەرپرسان و ناوەندە سەرکوتکەرەکان و پێدانی تریبوونی جۆراوجۆر بە دژبەرانی نیزام بۆ گەیاندنی دەنگی شۆرشی خەڵکی ئێران لەدەرکەوتەکانی ئەو سیاسەتەن کە لەئێستا دا رۆژئاوا گرتوویەتە بەر.
لەلاییکی دیکەوە لەئاستی ناوخۆ شۆرشی ژن ژیان ئازادی هەروا بەردەوام وەک مۆتەکەی دەسەلاتی جینایەتکاری ئاخوندی رێگەی خوی بەرەو پێشەوە ئەپێوێ و نیازی کۆتایی هاتنیشی نییە. شۆرشێک کە بەکوشتنی ناجوامێرانەی کچەکوردێک دەستی پێکرد و پاش خاوەندارەیەتی لێ کردنی لەلایەن خەڵکی قارەمانی کوردستان بوو بە چەخماخەی سەرهەڵدانێکی گەورە کە سەرانسەری ئێرانی گرتەوە و هەتا هەنووکە هیچ رووداوێک ئاوا پایەکانی کوشکی ستەمی ئاخوندانی وەلەرزە نەهیناوە. رژیم لەرێگەی فشار و سەرکوت و ئیعدام و چەواشەکاری و هاندان و نەرمی نواندنی تاکتیکی هەوڵی هێوەر کردنەوە خەڵکی راپەریو ئەدا و دەیهەوێ خەڵک لەو شۆرشە پیرۆزە سارد بکاتەوە، بەلام ئەوەی راستی بێ وشیارییەکی وەها قوڵ خۆی خستۆتە ناو هەناوی کۆمەڵگا کە هیچ هێزێک ناتوانی پێش بە هزری شۆرش و راپەرین دژی ئاخوندان بگرێت و خەڵک لەرووخانی ئەو دەسەلاتە پەشیمان بکاتەوە. خەڵکی ئێران زۆر بە باشی لەو راستییە گەیشتوون کە هەر رۆژ مانەوەی زۆرتری ئاخوندان کاولکاری و نەهامەتی و کوشتنی رۆڵەکانیان و بەفێڕودانی زیاتری سەرمایەکانی وەلاتی لێ ئەکەویتەوە و تادێ زیانەکان قەرەبوونەکراوەتر ئەبن، بۆیە نەمانی ئەو دەسەلاتە بۆتە باوەرێکی قوڵی گشتی و بێ ترس و دوودڵی خەڵک لەپێناوی دا هەۆڵ ئەدا و کاروانی خەباتەکە بەرەوپیشەوە ئەچێ.
ئەوەی ماوەتەوە بوترێ ئەو راستیەیە کە دۆخی ناوخۆ و دەروە لەدژی قازانجەکانی رژیم و بەسوودی کۆمەڵانی خەڵکە و درەنگ یا زوو شاهیدی ئاڵوگۆری قوڵ و بنچینەیی لە ساختاری حکوومەت و دەسەلاتداریەتی لە وەلاتی ئێران ئەبین و ئەو رۆژە گەڵیک نزیکە کە گەلی کورد بەرهەمی خەباتی چەندین ساڵەی بچنێتەوە و بەمافە رەواکانی بگات.