بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری رژێم، رێژەی بێکاری لە بەهاری رابردوو لەچاو سیچ مانگی یەکەمی ساڵانی پێشتر، نزیک بە 1/5 لەسەد بەرز بووەتەوە. رێژەی بێکاری لە نێو لاوان زۆر زیاتر پەرەی سەندوە و نزیک بە یەک لەسەر چواری لاوان بێکارن.
بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری رژێم، رێژەی بێکاری
لە بەهاری رابردوو لەچاو سیچ مانگی یەکەمی ساڵانی پێشتر، نزیک بە 1/5 لەسەد بەرز بووەتەوە. رێژەی بێکاری لە نێو لاوان زۆر زیاتر پەرەی سەندوە و نزیک بە یەک لەسەر چواری لاوان بێکارن.
عەلی رەبێعی وەزیری کاروباری کۆمەلایەتی رژێم ڕەزبەری 2 ساڵ لەوە پێش سەبارەت رەوتی بەرزبوونەوەی بێکاری وریایی داو تەئکیدی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەگەر گەشەی ئابووری لە ساڵدا بە 7 لەسەد نەگا، توانای کونترۆڵ کردنی بێکاریمان نابێ.
سەرچاوەکان گەشەی ئابووری ساڵی رابردوو لانی زۆری یەک لەسەد راگەیندراوە، ئەو دۆخە و نوێترین راپۆرتی ناوەندی ئاماری رژێم و راپۆرتی سەندوقی نێونەتەوەیی دراو بێ توانایی حکومەتی رۆحانی لە کونترۆڵ کردنی بێکاری نیشان دەدەن.
رۆژی پێنج شەممە 22ی ڕەزبەر تەلەفزیۆنی رژێم راپۆرتی ناوەندی ئاماری رژێمی بڵاوکردەوە کە رێژەی بێکاری لە سێ مانگی سەرەتای ئەوساڵ 12.2 لەسەد بووەو سەبارەت بە بەهاری ساڵی پێشتر 1.4 لەسەد بەرزبوونەوەی هەبووە.
بێکاری یەک لەسەر چواری لاوان
بە بەدواداچوونێک بۆ رێژەی کارو پیشە لە بەشە جیاجیاکانی ئابووریش ئەوە ئاشکرا دەکا کە چالاکی بەشی وەبەرهێنان جێی ئومێد و دڵخۆشی نیە کە بتوانێ متۆری لەکار کەوتووی ئابووری وەگەر بخاتەوە.
بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری رژێم لە بەهاری ئەوساڵدا کەمتر لە نیوەی کرێکارانی بەشی خزمەتگوزاری، 31.4 لەسەد لە بەشی پیشەسازی و نزیک بە 19 لەسەد لە کەرتی کشتو کاڵدا چالاک بوون.
لە سێ مانگەی یەکەمی ئەو ساڵدا یەک لەسەر چواری لاوانی ئێران لەتەمەنی 15 بۆ 29 ساڵ بێکار بوون وە ئەو رێژەیە لەچاو 3 مانگی یەکەمی ساڵی پێشتر 2.5 لەسەد هەڵکشانی هەبووە.
بە پێی ئەو راپۆرتە لە هەموو کەرت و بەشەکاندا رێژەی بێکاری ژنان زیاتر لە پیاوان و لە ناوچە شارەکان زیاتر لە دێهات و گوندەکان بووە.
بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری لە دەسەڵاتداری رۆحانی دا
هەر چەند رۆحانی ئومێدی هەبوو کە لە دوای رێکەوتنی ناوکەیی و جێبەجیچ کردنی بەرجام دۆخی ئابووری زوو گەشە بستێنێ و هەلی کار برەخسێنێ. بەڵام وادیارە لە دوای تێپەڕینی نزیک بە 9 مانگ بەسەر جێبەجێ کردنی ئەو رێکەوتنە، ئابووری رژێم هێشتا گیرۆدەی ئەنجامی ئابڵوقەکانە و ئەو گەشەسەندنەی بەرپرسانی رژێم چاوەڕێ یان دەکرد بەراوردە نەبووە.
سەندوقی نێودەوڵەتی دراو لە راپۆرتێکدا کە حەوتووی رابردوو بڵاوکرایەوە رایگەیاند کە ئێران لەباری پەرەسەندنی بێکاری لەچاو ساڵی رابردووی زایینی 3 پلەی دیکە دابەزیوە.
لێکدانەوەکانی ئەو ناوەندە نێونەتەوەییە دەرخەری ئەوەیە کە ئێران لەکاتی دەست بەکار بوونی حکومەتی رۆحانی سەبارەت بە رێژەی بێکاری لە پلەی 29ی وەڵاتانی جیهاندا بووە، بەڵام لەدوای 3 ساڵو نێوی رابردوو دابەزیوە بۆ پلەی 22.
هەرچەندە ئەوە ئاشکرایە کە ناوەندەکانی رژێم هیچ ئامار و داتایەکی دروست سەبارەت بە بێکاری و باقی خەسارەکانی دیکە بڵاو ناکەنەوە. بەڵام ئەگەر هەر ئەو راپۆرتەی ناوەندی ئاماری رژێم بکەینە بنەما بۆمان روون دەردەکەوێ کە لە ماوەی 3 ساڵی رابردوودا ئاخوند رۆحانی بە پێچەوانەی بەڵێنەکانی نەک هیچ هەنگاوێکی کاریگەری نەناوە بەڵکوو هەلومەرجی خەڵکی ئێران رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپتر دەچێ.