خەباتمێدیا: ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی شکەنجەدان و کوشتنی ئیبراهیم ڕیگی بە پێشێلکردنی مافی ژیان ناوبرد. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، شکەنجەدان و کوشتنی هاووڵاتیەکی بەلوچ بە ناوی ئیبراهیم ڕیگی لە لایەن هێزەکانی حکومەتی ئاخوندی ئێرانەوە بە "پێشێلکارییەکی مافی ژیان ناوبرد".
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، بەرپرسانی ڕژیمی ئاخوندی هەوڵیان دا فشار بخەنە سەر بنەماڵەی ئیبراهیم ڕیگی بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن کە ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٢٤ ساڵە بە بێ ئەنجامدانی پشکنینی جەستەیی بە خاک بسپێرن.
ئەم ڕاپۆرتە پێداگری لەوە دەکاتەوە کە دەسەڵاتدارانی ڕژیم بە پێدانی زانیاری دژ بە یەک و ناڕاست سەبارەت بە چۆنیەتی مردنی ئیبراهیم ڕیگی و بانگەشەی ئەوەی کە بە سەکتەی دڵ گیانی لەدەست داوە، هەوڵ دەدەن خۆیان بە بێتاوان لەقاو بدەن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند کە هەڵسەنگاندنێکی سەرەتایی پزیشکی دادوەری لە شوێنی تاوانەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە "لێدان" هۆکاری مردنی ئیبراهیم ڕیگی بووە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لەسەر پێداگری بنەماڵەی ئیبراهیم ڕیگی، ڕژیم ڕازی بووه کە ڕۆژی هەینی ٥ی ڕەشەممە پشکنینی تەرمەکە ئەنجام بدەن.
ئیبراهیم ڕیگی ڕۆژی چوارشەممە، سێهەمی مانگی ڕەشەممە ، لەلایەن هێزەکانی لیباس شەخسی گیراوە و دوای سەعاتێک لە بنکەی پۆلیس گیانی داوە.
سەرچاوە ئاگادارەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایانگەیاندووە کە ئەم هاووڵاتییە بەلوچە لە کاتی گرتنی دا لە شەقام لێیدراوە. هەروەها ڕاپۆرتی سەرەتایی پزیشکی دادوەری پشتڕاستی دەکاتەوە کە دواتر لە کاتی پرۆسەی گرتنی لێی دراوە.
ئەو زانیارییانەی که بە دەستی لێبوردنی نێونەتەوەیی کەوتوون، ئاماژە بەوە دەکەن کە دەسەڵاتی قەزایی ڕژیمی ئێران دوای یەک سەعات لە گرتنی ئیبراهیم ڕیگی چوونەتە بنکەی پۆلیس و دوای هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان پشتڕاستیان کردەوە کە بە هۆی لێدان گیانیداوە.
لە کۆتایی ئەم بەیاننامەیەدا، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای دادگاییکردن و سزادانی ئەو کەسانە دەکات کە بەرپرسیارن لە شکەنجەدان و کوشتنی ئیبراهیم ڕیگی.