رۆژی پێنج شەممە 22ی ڕەزبەر بەرامبەر
بە 13ی ئۆکتۆبەر کۆڕی گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئانتۆنیۆ گوترێ سەرۆک وەزیری پێشووی پورتەقالی وەک سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵبژارد. ئەنجومەنی ئاسایش پێشتر ئەو کۆمیسێرەی پێشووی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی بۆ پۆستی سکرتێری گشتی ناساند و کۆڕی گشتی لە هەڵبژاردنێکداو بە دەنگی 193 ئەندامەکە ناوبراوی بۆ ئەو پۆستە دیاری کرد.
گوترێ رێکەوتی 1ی ژانویەی 2017 جێگەی بان کی مون دەگرێتەوە و بۆ دەورەیەکی 5 ساڵە ئەو پۆستەی لە ئەستۆ دەبێ. ئەرکی یەکەمی ناوبراو پێش هەموو شتێک کار بۆ چارەسەری شەڕی ناوخۆیی سوریە و یەمەن و سودانی باشور بکات.
پیتەر تامسۆن سەرۆکی کۆڕی گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: دڵنیام کە بەرێز گوترێ بەو لەخۆبردوییەی کە هەیتی خزمەت دەکاو لەو ماوەدا کە ئەرکەکەی رادەپەڕێنێ دەبێتە دەنگی ویژدانی ئێمەو مرۆڤایەتی.
چاودێران گوترێ بە کەسایەتیەکی مرۆڤدۆست و زانا پێناسە دەکەن. ناوبراو ئەو ساڵ بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی وەک پاڵێوراوی سەرەک کۆماری لەلایەن حیزبی سوسیالیستی رەد کردەوە.
گوترێ لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا گوتی: سەرۆکی وەڵات وەک داوەر وایە. لە کاتێکدا من حەز دەکەم لە مەیداندا بم و بە تۆپ یاری بکەم، کردەوەم هەبێ و دەست بۆ کار ببەم.
چاودێران دەڵێن ناوبراو لە کاتێکدا کە خوێندکاریش بوو هەوڵی سرینەوەی ناعەداڵەتیەکانی کۆمەڵگەی دەدا.
شایانی باسە ناوبراو پێشتر سەرۆک وەزیری وەڵاتی پورتەقال بووەو بۆ چەندین ساڵیش وەک کۆمیسێری ریچکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران کاری کردوە.