هاو نیشتمانیانی ڕاپەڕیو، کۆمەڵانی ئازادیخوازی کوردستان!
ئافرەتانی شۆڕشگێڕ و مافخواز، خوشکانی تێکۆشەر لە کوردستان و ئێران!
ڕۆژی ٨ی مارس، ڕۆژی نێونەتەویی ئافرەتانتان لێ پیرۆز بێ.
ئەم ساڵ لە کات و هەل و مەرجێک دا یادی ئەم ڕۆژە مێژووییە بەرز ڕادەگرین، کە لە سەرتاسەری ئێران بەگشتی و، لە کوردستان بەتایبەتی، شۆڕشی ،،ژینا،، شوڕشی ژن، ژیان، ئازادی بە پێشڕەوی و فیداکاری ئافرەتان بە گوڕ وتینێکی زیاتر، بۆ ڕزگاری و گەیشتن بە لوتکەی یەکسانی و بەرابەری و بەدەست هێنانی ماف و ئازادیە مرۆییەکان، لە ئارادایە. شۆڕشێک کە لە ئاکامی شەهید کردنی کیژە لاوی کوردی بێتاوان ژینا،ی کوردان بە دەستی پڕ لە تاوانی هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕژیمی ئاخوندی لە تارانی پێتەختی دەسەڵاتی جینایەت و خوێنڕێژی، بۆ بەرپەرچدانەوەی تاوان و جینایەتەکانی نیزامی ویلایەتی فەقیە و بەربەرەکانێ لە دژی بێعەداڵەتی و دەستدرێژیەکانی ئەو دەسەڵاتە، بە شێوەێکی گشتگیر و یەکگرتوو سەری هەڵداوە. زیاتر لە پێنج مانگە بەوپەڕی گەرم و گوڕی نەک هەر لە ئێران و کوردستاندا دیار و بەرچاوە، بگرە لە سەرتاسەری جیهان دا بۆتە جێگای سەرەنج و تێڕامانی دەوڵەت و ناۆەندە نێونەتەوەییەکان و بەشێوەی بەرچاو لە لایەن وڵاتان و ناوەندە گرینگە جیهانیەکانەوە پشتیوانی لێدەکرێ و وەک ڕێنیسانسێکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەنرخێندرێ.
بێگومان لە کۆمەڵگای کوردەواری دا دەور و کاریگەری ئافرەتان لە بەڕێوەبردنی خێزان و کۆمەڵگا دا بەرز و بەچاو بوە و ئافرەتان لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و پێگەیاندن دا شان بەشانی پیاوان لە مەیدان دا بوون. لە شۆڕش و خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمان لە پێناو بەدەست هێنانی ماف و ئازادیە نەتەوایەتی و نیشتمانیەکاندا، بەشدار و دیار و جێگای سەرەنج بوون. ئەرکی ژنان لەم خەبات و شۆڕشەدا ئەگەر لە پیاوان زیاتر نابووبێ کەمترنەبووە. لە مەودای شۆڕشی ئەم قۆناغەی نەتەوەکەماندا ئافرەتان بێ وچان و زۆر چالاکانە بەوپەڕی لێهاتوویی و لەخۆبووردووییەوە لە سەنگەرە جواراوجۆرەکانی ئەم شۆڕشە ڕەوایەدا خاوەن دەور و دیار بوون. هەر ئەم بەشداری و لێهاتووییەی ئافرەتان وای کردوە کە بەخۆشیەوە، بەشێکی بەرچاویان لە ڕیزی بەڕێزی ئەندامان وپێشمەگە و کادری سازمانی خەبات و لایەنەسیاسیەکاندا خاوەن ئەرک و بڕیارن و لەوەش زیاتر لە ڕیزی سەرکردایەتی و بەڕێوەبەری لایەنەکاندا بە ڕێژەێکی بەرچاو خاوەن دەور و بڕیار و ئەرکن و لەم بوارەش دا زۆر سەرکەوتوانە ئەرک و ڕاسپاردە و پێسپێردراوەکانیان بەڕێوەدەبەن.
سازمانی خەبات،ی کوردستانی ئێران، سازمانێکی خاوەن مێژووی پڕ لە فیداکاری و سەروەری و یەکێک لە لایەنە سەرەکیەکانی کوردستان، بەوپەڕی قەناعەت و باوەڕەوە لە پێناو پاراستنی ماف و ئازادیەکانی ئافرەتان، کاری کردوە و مەجالی بۆ پێشکەوتن و خۆنیشاندانی ئافرەتان لە مەیدانەکانی خەبات و خزمەت کردندا، ڕەخساندوە و بە دامەزراندنی ڕێکخراوی ئافرەتان، بواری بۆ ئافرەتان ڕەخساندوە تا لە پێناوی خۆناساند و ئاشنابوون بە ئەرک و مافەکانیان لە لاێک و خزمەتی بزاڤی ڕەوای نەتەوایەتیمان لەلاێکی ترەوە، هێز و تواناکانیان بخەنەکار و شان بەشانی پیاوان لە ئەرک و بەڕێوەبەری دا خاوەن دەسەڵات و مەجالی خۆ پێگەیاندن بن.
ئافرەتانی خۆڕاگر، خوشکانی بەڕێز!
خەبات و شۆڕشی ،،ژینا،، بە درووشمی: ژن،ژیان، ئازادی، وێڕای بەشداری بەرچاو و ئاڵاهەڵگری ئەم شۆڕشە لەلایەن ئافرەتانەوە، ئەوی سەلماند کە ژنان داینەمۆی خەباتی ڕزگاری لە دەست دێوەزمەی هەژاری و دواکوتویین و سەرچاەی یەکدەنگی و یەکگرتوویی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەن، هەربویە ئەم ڕێبەری و قافڵەسالاریە، هەر وەک چۆن پێویستی بە فیداکاری و هاوکاری و یەکدەنگی هەیە، سەد هێندەش پێویستی بە خۆ پێگەیاندن و پێشکوتن و خۆ پەروەردەکردن هەیە. هەر بۆیە پێویستە ڕێکخراوەکانی ئافرەتان زیاتر هاو دەنگ و هاوکار و بەکار بن و بە ڕێکخستنی گشتی و بەرفراونتر، لە ناوەندی گشتگیرتر و خاوەن پڕۆژە و پلاتفۆڕمی پێشکەوتوانە و بە ڕۆژکردنی بابەتە پێوەندیدارەکان، لە هەوڵ دابن.
سازمانی خەبات،ی کوردستانی ئێران وێڕای ڕێزدانان بۆ هەوڵ و تێکۆشانی ئافرەتان و بەرز نرخاندنی دەور و کاریگەری ئافرەتان لە ڕاپەڕاندنی شۆڕش و پێشخستنی خەباتی ڕەوامان دا، پیرۆزبایی گەرمی خۆی بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی نێونەتەوەیی ئافرەتان، پێشکەش بە سەرجەم ئافرەتانی جیهان و ئیران و کوردستان دەکات.
پیۆز بێ ٨ی مارس
سەرکەوێ شۆڕشی ژینا
بڕوخی ڕژیمی خوێنڕێژ و دژە ئازادی ئاخوندی .
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران کومیتەی ناوەندی
·ی مارسی ۲۰۲۳ی زایینی