ئەندام و هڵسوڕێنەران و لایەنگرانی ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران! ئێستا کە ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ئافرەتان بەرز ڕادەگرین، ٦ مانگ بەسەر شۆرشی ژینا (ژن ژیان ئازادی) تێپەڕ دەبێ کە لە دوای شەهید کرانی ژینا ئەمینی، ژنان و کچانی کوردستان ئێران هاتنە مەیدان دژ بە سیستەمی دواکەوتووی ئاخوندی. ژینا ڕەمزی بەگژداچونەوەی تاریکپەرستی و نادادیەو هەوێنی داوخوازیەکی جیاواز لە جۆری ناڕەزایەتی و لە کۆی ناڕەزەیاتیە یەک لە دوایەکەکان لە ئێران دایە.ژینا بوە ڕەمزی بەگژدا چونەوەی ڕژیمێکی دژە ژن و ئازادی و دەنگی گەلان ژنانی ناڕازی لەو ڕژیمە، گەیاندە هەموو جیهان. دەسەڵاتی ئاخوندی ترس و بیمی لە خەڵکی ناڕازی و بە تایبەتیش ژنان زۆرەو هەر ڕۆژە بە بیانویەک و بەجۆری خۆی ڕووبەڕوی خەڵک دەبێتەوە. دروشمی (ژن ژیان ئازادی) بە گوێی جیهانیاندا دراو بۆتە وێردی سەر زمانی بەشێک لە چالاکانی مافەکانی مرۆڤ و سیاسەکانی. بە درێژای مێژوو ئافرەتانلە پێناو سەندنی مافەکانیان لەسەرتاسەری جیهان تێکۆشاون و قوربانیان داوە. ژنانی کورد قوربانی دانیان تەنیا لە پێناو ئازادی و مافی کەسی خۆیاندا نەبوە بەڵکو لە پێناو مافە نەتەوایەتیەکاندا بەردەوام تێکۆشاون و لە سەنگەری شۆڕش دا بە ئیرادەیەکی پۆڵاین تێکۆشاون.ئێستا کە نزیک بە ۶ مانگ لەو شۆرشە تێپەر دەبێ دەتوانین لە هەموو کات باشتر ئیرادە و توانا و هێزی پۆلایینی ئافرەتانی کورد و ئازادیخواز بیبینین و ئەو ڕاستیە بسەلمێنین کە هیچ کۆمەڵگەیەک بەبێ بەشداری و پێشەنگایەتی ئافرەتان پێش ناکەوێ و ئێران و کوردستان دەیان ساڵە لەژێر پۆستاڵی هێزی شا و ئاخوندی تاریکپەرەستدایە، بە دەست دەیان دیاردە و حاڵەتی کۆمەڵایەتی گیرۆدەبووە کە ئافرەتان و کۆی پێکهاتەی کۆمەڵگەی تووشی زیان کردوە.بۆیە پێمان وایە ڕێی دروست و ڕاست ئەوەیە ئافرەتان بەردەوام بن لە خەبات و شۆرشی ژینا تا گەیشتن بە ئامانجەکانی درێژە پێ بدەین بۆ ئەوەی لە ئێران و کوردستان لە پاش دەسەڵاتی ئاخوندانی دژە ژن، هەموو جۆرەکانی هەڵاواردن و جیاکاری بسڕینەوەو ئافرەتانی کوردیش لە کەرتە ئیداری، سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا دەوری شایانی خۆیان بگێڕن تاوەکو کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و ئازاد دابمەزرێت. پیرۆز بێ ٨ی مارس ڕۆژی نێونەتەوەیی ئافرتان و بەردەوام بێت خەباتی ژینا، ژن ژیان ئازادی و بروخێ رژیمی دواکەوتووی ئاخوندی. رێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران ٢٠ ٢٣/٣/٧