عەلی بەهرامی
لە دوای شۆرشی ژینا لە کوردستان و ئێران، دۆخێکی تایبەتی دروست بوو و لە دوای شەش مانگ لە دەستپێکی ئەو شۆرشە راستی و دروستی دۆخی رژیم لەلایەک و خەت و رێباز و هێڵە سیاسیەکانی سازمان و حیزبەکانی دژبەری ئەو دەسەڵاتە لەلایەکی دیکە، بۆ هەمووان باشتر روون بووەتەوە.
شۆرشی ژینا بە شێوەیەکی یەکانگیر و بەرفراوان کە لە کوردستان سەری هەڵدا، هەر زوو هەموو سنوورەکانی تێپەراند و زۆربەی ناوچەکانی ئێران گرتەوە. ئەو شۆرشە هەر لە رۆژەکانی سەرەتادا توانی بەرنامە و سیاسەتە دژمنکاریەکانی دەسەڵاتی ئاخوندان لە بەرامبەر نەتەوە، مەزهەب و پێکهاتەکانی ئێران بکاتە بڵقی سەر ئاو و یەکگرتوویی و هاودەنگی و هاوئاهەنگی جەماوەر بووە بەردی بناغەی خەبات و شۆرشی نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران دژ بە ئیستبدادی ئاخوندی. لەلایەکی دیکە شۆڕشی ژینا کۆمەڵگەی جیهانی خستە بەردەم دۆخێک کە نەتوانن چاو لە ویست و داواکانی جەماوەری ئێران ببەستن و لە بەرانبەر دەسەڵاتی شوومی ئاخونداندا بێ هەڵوێست بن. ئەم جارە بەپێچەوانەی رابردوو، رای گشتی جیهانی و دەسەڵاتەکان هاوسۆزیان لەگەڵ شۆرشی گەلانی ئێران و شۆڕشی ژینا و کەس و کاری قوربانیەکانی دەربڕی و فشاری سیاسی و گەمارۆی زیاتریان خستە سەر ناوەند و ئورگانە سەرکوتگەرەکانی رژیمی ئێران.
بە بارێکیتردا شۆرشی ژینا، کاریگەری زۆری کردە سەر سازمان و حیزبە دژبەرەکانی رژیمی ئاخوندی و بەرەو رادیکاڵتر بوونی بردن و نیەت و بەرنامەی داهاتووی ئەو لایەنانەی بۆ رای گشتی ئێران روونتر کردەوە. بە درێژەکێشانی شۆرشی ژینا، دژبەرانی رژیمی ئاخوندی لەدەرەوە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون. بەرەیەک بە پێشوونەیەکی دێرین لە خەباتی شۆرشگێڕانە و رێکخراو و بە دیسپلین کە روانگەیەکی کراوەو روونی لە راست نەتەوەکانی ئێران و روخانی رژیم و ئازادیەکان هەیە و خەباتی شێلگیری لەو پێناوەدا کردووە کە ئەویش سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، شۆرای ملی مقاومەتی ئێران، سازمانی موجاهیدینی خەڵکی ئێرانە. بەرەکەی دیکەیش پێکهاتووە لە کوڕی شا و کۆمەڵێک ناو و روخساری تازە هەڵتۆقیو کە بەشێکی زۆری تلویزیون و ناوەندە راگەیەنە فارسیەکانیان لە خزمەتدان بۆ ئەوەی گەورەتر لە قەبارەی خۆیان نیشان بدرێن. بەشێک لە پێکهێنەرانی ئەم بەرەیە هەتا لە ئێراندا بوون لە ئورگانەکانی دەسەڵاتدا خزمەتیان کردوەو کە چوونەتە وەڵاتانی رۆژئاواییش لە پێوەندیدا بوون لەگەڵ نایاک و ئەو دامەزراوانەی لە خزمەت مەساڵح و بەرژەوەندیەکانی رژیمی ئاخوندیدا چالاکن.
بەو پێشەکیە مەبەستمە تیشک بخەمە سەر تێکۆشان و رابردووی خاوێن و پر لە فیداکاری سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران وەکوو بەشێک لە بزوتنەوەی نەتەوەیی کوردستان و بزوتنەوەی ئازادیخوازی لە ئێران. سازمانی خەبات کە لە 44 ساڵی رابردوودا بە مقاومەت و خۆراگری و وەلانانی دەیان بەربەست و تەنگ و چەڵەمە، سەربەرزانە و سەربەستانە تا ئێرە کارو تێکۆشانی خۆی بە دوور لە هەر جۆرە هەڵەیەکی سیاسی درێژە پێداوە. سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بە رەتکردنەوەی دەسەڵاتی شاهی و ئاخوندی هەر زوو مەرزبەندیەکی سیاسی دروستی بۆ کار و تیکۆشانی خۆی کێشاو خۆی بواردوە لە هەر جۆرە وتووێژ یان کارێک کە لە قازانجی رژیمدا بێ. ئەگەر چی بە ناوی جیاجیا هەوڵی زۆر دەدرا سازمانی خەبات لەم رێگەدا پاشگەز یان بە لارێدا ببرێ، بەڵام بیر تیژی و واقعبینی و خۆراگری رێبەریی سازمان بەتایبەت مامۆستا سەید جەلالی حوسێنی وای کرد سازمانی خەبات نەک بەو بایانە نەلەرزێ بەڵکوو لەبەرامبەر هەموو ئەو بوختان و کێشە و تەنگ و چەڵەمانەی بۆی سازدەکرا، خۆراگری بکات و وەلایان بنێ. هەر کەسێکی بە ویژدان ئەگەر سەیرێکی جۆری سیاسەتی مامۆستا شێخ جەلال و سازمانی خەبات لە پێوەند بە پرسە نەتەوەییەکان و بەربەرەکانێی رژیمی ئاخوندی بکات، بەو راستیە دەگا کە مەکتەب و سەنگەری سازمانی خەبات لەسەر بنەمای راستگۆیی و خزمەتی دروست بە نەتەوە و دژمنایەتیەکی جیددی لەگەڵ رژیمی داگیرکەری ئاخوندان دامەزراوە و هەتا ئێستایش بە هەموو هێز و توانایەوە درێژەی پێدەدا.
سازمانی خەبات تێکۆشانی خۆی لەسەر بنەما و ئەساسی شەفافیەت لە سیاسەتدا بەرێوەبردووە و بە شێوەیەک نەبووە کە هەر رۆژە لە هەوایەک و بە پێچەوانەی ویستی کۆمەڵگەی کوردەواریی سیاسەتی یەک بان و دوو هەوا کار بکا. بەتایبەت لە دوای ئەوەی خومەینی و هاوبیرەکانی سەلماندیان باوەڕیان بە ئازادی و دیموکراسی نیەو چارەسەری ئاشتیانەی پرسی نەتەوەکانی ئێران و بە تایبەت گەلی کوردیان نیە، مامۆستا شێخ جەلالی نەمر بریاری خەبات و بەربەرەکانێی شۆرشگێڕانەی لە بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە دواکەوتووەدا داو تاکە رێگە بۆ گەیشتن بە ئاسۆی روونی لە نەمانی دەسەڵاتی ئاخوندان و هەر جۆرە فکرێکی تەنگ نەزەر و فاشیستدا دەبینی و لێبڕاوانە تێکۆشانی بۆ کرد.
لە پێوەند بە دۆستایەتی و هاوئاهەنگی و یەکیەتی نێو ماڵی کورد، سازمانی خەبات لە سەرەتای دامەزرانیەوە ویستی پێوەندی و هاوئاهەنگی لە سەر بنەمای رێزی بەرامبەر، خزمەت بە بزوتنەوەی نەتەوەیی کوردستان و پاراستنی نەتەوە و نیشتمان لە بەرامبەر داگیرکەران هەبووە. لە کاتێکیشدا کە لە کوردستاندا هەوڵی نانەوەی کێشە، خۆ فەڕزکردن و شەڕی ناوخۆ دەدرا، سازمانی خەبات جوێ لە دیفاع کردن، خۆی لەو کێشە و بگرەو بەردانە پاراست و پارێزگاری لە نیشتمان لە بەرامبەر هێزی پاسدار و بەکرێگیراوی رژیمی کردبووە ئەولەویەتی خۆی. لە قۆناغەکانی دواتری شۆرشی کوردستاندا سازمانی خەبات بەردەوام ئامادەبووە بۆ چوونە نێو هەر بەرە و پلاتفۆرمێکی کوردستانیەوە، بەو شەرتەی دووری بکرێ لە بیری خۆ فەرزکردن، ڕاڕایی لە سیاسەت، جددیەت لە دژایەتی و بەربەرەکانێی دەسەڵاتی ئاخوندی. لەو چوارچێوەدا لەچەندین قۆناغی جیاجیادا بەشداری لە هەوڵەکان بۆ دامەزرانی بەرەی کوردستانی، کاری هاوبەشی لایەنەکان و دامەزرانی ناوەندی هاوکاری حیزب و سازمانەکانی کوردستانی ئێران کردوە.
لە ماوەی40 ساڵی رابردوودا سازمانی خەبات بەردەوام بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئێمە بە تەنیا لە کوردستان ناتوانین رژیمی ئاخوندی بروخێنین و بۆ گەیشتن بە قۆناغی روخان و لەناوچوونی ئەو دەسەڵاتەیش، پێویستە بزوتنەوەی کوردستان تەبایی و یەکیەتی نێو ماڵی خۆی بپارێزێ، هاوکات پێویستە لەگەڵ هێز و لایەنە شۆرشگێڕە ئێرانیەکان کە لە بەرامبەر ئاخونداندا بە جیددیەتەوە خەبات دەکەن و باوەڕیان بە چارەسەری پرسی نەتەوەکانی ئێران هەیە، دۆستایەتی و نزیکیمان هەبێ و پێکەوە دەسەڵاتی ئاخوندان بروخێنین و ئەو دۆستایەتی و هاوکاریانە ببێتە هەوێنی لێک حاڵیبوون و ئاسایش و ئۆقرەیی زیاتر لە کوردستان و ئێراندا جێگیر ببێ.
لە دوای چوار دەیە لە گرتنەبەری ئەو سیاسەتە لەلایەن سازمانی خەباتەوە و تێپەراندنی دەیان کۆسب و تەگەرە و دانی نرخی زۆری سیاسی لەو پێناوەدا، ئێستا شۆرشی ژینا (ژن ژیان ئازادی) بە شێوەیەکی بەرین و فرەرەهەند کاریگەری لە سەر پێگە و هێزی دەسەڵات لە ناوخۆ و دەرەوە داناوە و تا دێ زیاتر دڵنیایی لە روخانی رژیم و سەرکەوتنی شۆرشی ئازادیخوازی لە کوردستان و ئێران دروست دەبێ.
لەم کاتە هەستیارەدا کۆمەڵێک کەسی پێشوونە خراپ و ناوزڕاو کە لە راست پرسی کورد و بزوتنەوەی کوردستان ڕاو نەزەری زۆر دژمنکارانەیان هەبووە و لە ماوەی 44 ساڵی رابردوودا لە بەرامبەر رژیمی ئاخوندیدا هیچ بەهایەکیان نەداوە و بگرە بەشێکی بەچاویان خزمەتی زۆریان بە ناوەند و ئورگانەکانی رژیم کردووە، دەمیان هێناوەتە پێش و بە ریز کردنی کۆمەڵێک قسەی زریقە و بریقەدار لە هەوڵی سپی کردنەوەی روخساریان و لەبار بردنی شۆرش و دزینی دەسکەوتەکانین. بە دیاری کراوی رەزا پەهلەوی کوری شای هەڵاتووی ئێران کە ساڵانێکی زۆرە بە پووڵی دزراوی خەڵکی هەژاری ئەو وەڵاتە/ لە وەلاتانی رۆژئاوایی خەریکی کەیف و سەفای خۆیەتی و خاوەن بیر و فکرێکی تەسک و فاشیستیە، بە هاوکاری وەڵاتان و مۆرە خاریج نشینەکانی ئاخوندان هەوای دەسەڵات لە سەری داوەتەوەو دەیهەوێ بە قسەی چەور و نەرم کڵاو لەسەر خەڵک بنێ و خۆی بە جێگرەوەی دەسەڵاتی ئاخوندی پێناسە دەکا. لێرەدایە بۆ ئەوەی فاشیستان و دژمنانی کورد و ئازادی جارێکی دیکە لە ئێراندا بە دەسەڵات نەگەن پێویستە کوڕی شا و هەر جۆرە فکرێکی فاشیستی رەت بکەینەوەو رێگە نەدەین هیچ کەس و لایەنێک خەبات و تێکۆشانی کورد و نەتەوەکانی ئێران و ئازادیخوازان بە فیرۆ بدەن و لە سەر هەموومانە پارێزگاری لە بەها نەتەوەیی و ئازادیخوازیەکانمان بکەین.
لەو چوارچێوەیەشدا سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بەدوور لە هەر خۆبواردن و خۆلادانێک و هەر جۆرە پێچ و پەنایەک دژایەتی فکری فاشیستی و دووبارەبوونەوەی دیکتاتۆریەت لە ئێران دەکات و پێی وایە دەسەڵات و سیستەمی دەوڵەت لە ئێرانی داهاتوودا دەبێ بۆ ئێرانیەکان و بەپێی بریاری ئەوان بێ، نەک کەسانێکی دەست و پێ سپی و هیچ لەباردا نەبوو بە پشتیوانی وەڵاتان و لە رێگەی میدیاکانەوە، قارەمانیان لێ ساز بکرێ و بەردرێنە گیانی خەڵکەوە.
کۆتا قسە ئەوەیە کە بەو ئەزموونانەی لە دوو دەسەڵاتی دیکتاتۆری شا و ئاخوند لە ئێران وەدەست هاتووە، باشتر وایە بۆ زوتر بە ئامانج گەیشتن و بە فیرۆ نەدانی هێز و پوتانسێلەکان بە یەکگرتوویی و تەبایی رێگەی روخانی رژیم و رەت کردنەوەی هەر جۆرە فکرێکی فاشیستی بکەینە بەردی بناغەی کار و تێکۆشانمان و بێ لارێ کردن و دابەش بوون، هەتا سەرکەوتن درێژەی پێ بدەین.