لە دوای کۆتایی هاتنی وتووێژەکانی لۆزانی سوئیس، جان کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند کە لەو وتووێژەدا چەندین بیرۆکەی نوێ باس کران بەڵام وتووێژەکان بەبێ رێکەوتن لەسەر راوەستاندنی توندوتیژیەکانی سوریە کۆتایی هات.
ناوبراو هەروەها بە هەواڵدەریەکانی گوت گە کۆبوونەوەی لۆزان لەگەڵ دیپلۆماتەکانی روسیە، عەرەبستان و ئێران، "روون و بەکەڵک" بوو وە هەندێ بیرۆکە سەبارەت ئاشتی لە سوریە باس کران کە ئەگەری هەیە ئالوگۆر لەو بابەتەدا دروست بکات.
بەپێی راپۆرتی ئاسوشیتدپرێس وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها تەئکیدی لەسەر مەترسیدار بونی دۆخی حەلەب و پێویستی رێگەچارەیەک کە لە رێکاری سەربازی زیاتر وەڵامدەر بێ کردەوە، بەڵام ئیشارەی بە هەنگاوی بەپەلە لەو بارە نەکرد.
ناوبراو لە هەمان کاتدا وتوویەتی کە پێوەندی نێوان وەزیرانی دەرەوە لە رۆژانی داهاتووشدا بەردەوام دەبێ.
لە وتووێژی لۆزان 9 وەڵات لەوانە رژێمی ئێران و نوێنەری وەڵاتی عەرەبستان بەشدار بوون.
رژێمی ئێران پێشتر رایگەیاندبوو کە بەشداری ئەو دانیشتنە ناکا، بەڵام بەپێی وتەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رژێم، لە دوای گۆرانکاری لە پێکهاتەی بەشدار بووان، ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری نیشان داوە.
هەواڵدەری فەرانسە لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکا کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دوای کۆبوونەوەی لۆزان بەرەو لەندەن بەرێکەوتووە بۆ ئەوەی هاتا ئوروپاییەکانی لەو وەردەکاری کۆبوونەوەکان و بۆچوونە نوێکان ئاگادار بکاتەوە.
|