پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

پەیامی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات بە بۆنەی نەورۆز و ساڵی نوێ‌ ۱٤۰۲ی کۆچی خۆری

پەیامی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات بە بۆنەی نەورۆز و ساڵی نوێ‌ ۱٤۰۲ی کۆچی خۆری

هاونیشتمانیانی ڕاپەڕیو و خۆڕاگری کوردستان!
خەڵکی ستەم لێکراوی ئێران!
کەس و کاری شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی!
زیندانیانی سیاسی قارەمان!
پێشمەرگە تێکۆشەرەکان و شۆڕشگێرانی ئازادیخوزای ئێران!
بە بۆنەی هاتنی جێژنی نەورۆزو ساڵی نوێ ۱٤۰۲ی کۆچی خۆری و ساڵی ۲·۲۳ی کوردیی، گەرمترین پیرۆزبایی تان پێشکەش دەکەم.
لە کاتێکدا کە دەبوو لە نەورۆزو لە نوێ‌ بوونەوەی ساڵ و هاتنی وەرزی ڕازاوەی بەهاردا، گەلانی ئێران شادیی بکەن و دلخۆش بن، بەڵام بە داخەوە بە هۆی ستەمگەریی و جینایەت و تاوانکاریی ئاخوندە دەسەڵاتدارەکان، لە جیات خۆشی و جەژن و شایی، شین و ماتەم باڵی بە سەر وڵاتی ئێراندا کێشاوە.
ئاخوندە ستەمگەرەکان 44 ساڵە بە پەیڕەو کردنی سیاسەتی سەرکوت و چەوساندنەوەی خەڵک و بە زیندانی و ئیعدام کردن و شەهید کردنی تێکۆشەرانی ئازادیخواز و بە پەرە پێدانی ترۆر و تۆقاندن، درێژە بە حوکمی ناڕەوایان دەدەن.
ئەو دەسەڵاتە بە پەیڕەو کردنی قانونی دواکەوتوانە، بۆتە هۆی دواکەوتویی لە ئێراندا و بەو پەیڕەو کردنی ئەو قانونانە، بە کردەوە کاری بۆ دابەش کردنی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کردوە. بە پێی قانون و یاساکانی ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی، جەماوەری ئێران دابەش کراوە بە سەر (خودی و غەیرە خودی) واتە ئەوەی سەر بە دەسەڵاتە و لە جینایەت و تاوانەکانیاندا هاوبەشە، سەر بە خۆیان و لە خۆیانە و، لە بەرانبەریشدا زۆرینەی جەماوەر کە دەسەڵاتیان ناوێ‌ و داوای ئازادیی و دیموکڕاسی دەکەن، دژمن بە خۆیان دەزانن. هەر بە پێی قانونی دیکتاتۆرانەی ئاخوندەکان، شێوەی لیباس پۆشین و بوونی بیروباوەڕی پێچەوانەی باوەڕی دواکەوتوانەی ئەوان، ڕێگەی پێی نادرێ‌ و هەرکەس پێچەوانەی ویستی ئەوان هەنگاو هەڵگرێ‌، دەکەوێتە بەر پەلامار و سەرکوت و دەخرێتە بەندیخانە.
ئافرەتان لە ئێراندا لە ژێر قورسترین شکەنجە و ئازاردان، و دەسەڵاتی ئاخوندی بە ڕەچاوکردنی ڕێوشۆێن و داڕشتنی (قانونی) دژ بە ژنان و کارپێکردن بەو ڕێو شۆێنانە، بۆتە هۆی ئەوە کە هەم ناوەندەکانی دەسەڵات دەستکراوە بن لە هەرکردەوەێکی جینایەتکارانە دژ بە ئافرەتان و هەر وەها وای کردوە کەسانی بیرتەسک و پیاوانی دواکەوتو بەرانبەر بە ئافرەتان تاوان ئەنجام بدەن.
بڕیاڕو ڕیوشوێنی دواکەوتوانەی حکومەتی ئاخوندی دژ بە ئافرەتان و بە تایبەت بڕیاڕی زۆرەملێ‌ بۆ پۆشینی جل و بەرگ، بووە هۆی ئەوە هێزە سەرکوتگەرەکان لە تاران، هێرش بکەنە سەر ژینا ئەمینی کچی کورد لە ۲۲ ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو دا بە بیانوی ئەوە کە چەند تاڵی پرچی دەرکەوتبوو، کوشتیان و شەهیدیان کرد. شەهید کردنی خاتوو ژینا ئەمینی بووە هۆی سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی جەماوەریی لە تێکڕای شارو ناوچەکانی ئێران و کوردستان. شەهیدکرانی ژینا ئەمینی بووە هۆی یەکیتی و تەبایی کەم وێنە لە نێوان نەتەوەکانی ئێران داو، بووە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشی تێکڕایی و جەماوەری، شۆڕشی ژینا، شۆڕشی ژن،ژیان،ئازادیی و شۆڕشی ڕوخاندن و لە ناوبردنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندەکان.
لە کاتێکدا نەورۆزو ساڵی نوێ‌ جێژن دەگرین، لە ئێران و بە تایبەتی لە شارو ناوچەکانی کوردستان و بلوچستان شۆڕش درێژەی هەیە. ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینە جەماوەریە، سەرەڕای ئەنجام دانی جینایەت و سەرکوت و ئیعدامی تێکۆشەرانی ئازادیخواز بەردەوامە و هەر لە چەند ڕۆژی ڕابردوو و کۆتایی ساڵی ۱٤۰۱ دا، محی ددین ئیبراهیمی خەڵکی شاری شنۆ، لە کوردستان و شێرزدائەحمەدی نژاد خەڵکی شاری بۆکانی لە کوردستان، لە زیندانی ورمێ‌ شەهید کرد و هاوکات لە گەڵ شەهیدکردنی ئەو تێکۆشەرانە چوار کوردی دیکەشی ئیعدام کردوە.
پەرە پێدانی جینایەتی دەسەڵاتی ئاخوندی و سەرکوتگەریەکانی بۆ ئەوەیە کە کۆتایی بە ڕاپەڕین و سەرهەڵدانی جەماوەریی لە ئێراندا بێنێ‌، بەڵام بە خۆشیەوە خەڵکی ڕاپەریو و دژ بە ستەم و بێدادیی، بڕیاڕیان ئەوەیە تا کۆتایی هاتن بە دیکتاتۆری و هاتنە دیی ئازادیی، دەست لە ڕاپەڕین هەڵناگرن و نەورۆزی ژینا و نەورۆزی شۆرش و ڕاپەڕین لە هەموو ڕۆژو مانگەکانی سالی داهاتوو دا دروشمی نەسرەوتن تا سەرکەوتن دەکەنە وێردی سەر زمانیان و وەک هەمیشە لە مەیدانی خەبات بۆ هێنانە دیی ئازادیی دەمێننەوە.
هاونیشتمانیانی خۆڕاگر!
ئاشکرایە دەسەڵاتدارانی ئێران هاوکات لە گەڵ سەرکوت و چەوسانەوەی جەماوەر، هەوڵیانە بە پەیرەو کردنی سیاسەتی برسی کردن و دزینی سەرمایەی گەلانی ئێران و هەروەها پەرەپێدانی گەندەڵی و تاوان و ناعەداڵەتی کۆمەڵایەتی و ئیعتیاد و بازرگانی مەوادیی هۆشبەر و پەرە پێدانی ترۆر و پێکهێنانی گروپی مافیایی لە ئێران و دەرەوەی ئێران، قورسایی کێشەکان بۆ سەر جەماوەر زیاتر بکەن و بە خەیاڵیان کە بتوانن بەو کەڵک وەرگرتن لەو کردەوە قێزەونانەش، کۆتایی بە شۆرشی مافخوازی و ئازادیخوزایی و هێزی جەماوەری ڕاپەڕیو بێنن.

دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆر لە لایەکی دیکەوە بە ئاژاوەگێڕی لە ووڵاتانی دیکە و بەشداری کردن لە جەنگی ڕوسیە لە بەرانبەر ئۆکراین و هاوکاری گروپ و تاقمە ترۆریستیەکانی وەک حیزبوڵای لوبنان و حوسیەکانی یەمەن و بەکرێگیراوانیان لە عێراق و گروپی ترۆریستی لە چەندین ووڵاتی دیکەش، کەڵک لەو گروپ و تاقمە ترۆریستیانە وەردەگرن بۆ سەرکوتی جەماوەری ڕاپەڕیوی ئێران و هەروەها بۆ زۆر هێنان بۆ ووڵاتانی ناوچەکەو بە تایبەتی ووڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل.
بێگومان ڕژیمی ئاخوندی مانەوەی خۆی لە ئاژاوەو جەنگ و خوڵقاندنی تەنگژەی سیاسیدا دەبینێ‌ و هەر وەک لە ٤٤ ساڵی ڕابردوودا بە دروست کردنی قەیران و ئاژاوە لە ئێران و لە ناوچەکەدا هەوڵیداوە ڕای گشتی خەڵکی ئێران بە لاڕیدا بەرێی و کۆمەڵگەی جیهانی لە بڕیاڕی یەک لایی کەرەوە لە بەرانبەرخۆێدا، تووش دوبەرەکی و دڕدۆنگی بکات.
هەر وەک لە چەند ڕۆژی ڕابردودا بە ناوبژیوانی حکومەتی چین لە نێوان حکومەتی عەربستان و ڕژیمی ئاخوندی ڕێکەوتنیان بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیە سیاسیەکانیان کرد، کە ئەو هەنگاوەی دەسەڵاتی ئاخوندی یەکێکە لە فێلبازیەکانی بۆ کەلێن خستنە نێوان ووڵاتان. گومانی تێدا نیە ئەو ڕێکەوتنە بە بەردەوامی دەستێوەردان و ئاژاوەگێڕیەکانی ڕژیمی ئاخوندی و پشتیوانی کردنی لە تاقمە ترۆریستیەکان و هاندانیان بۆ هێرش کردنە سەر عەربستانی سعودی، ئاکامی ئەوتۆی نابێ‌ و دەسەڵاتی ئاخوندی کەڵکی نابەجێ‌ لەو ڕێکەوتنە وەدەگرێ‌. لە لایەکی دیکەوە ڕژیمی ئێران لە دروست کردنی بۆمبی ئەتۆم زیاتر نزیک بۆتەوە کە هاوکات بە پەرە پێدان و دروست کردنی مووشەکی جۆراوجۆرو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بۆتە هەڕەشەی گەورە لە سەر هێمنایەتی ناوچەی خۆرهەلاتی ناوەڕاست و جیهان بە تێکڕا. لە بەر ئەو ڕاستیە حاشاهەلنەگرانە لە سەر سیاسەتی دزێو و ئاژاوەگێڕیەکانی دەسەڵاتی ئاخوندی، بە قازانجی ئاسایشی جیهانی و ئاسایش و هێمنایەتی ووڵاتانی خۆرهەلاتی ناوەڕاستە، پشتێوانی لە شۆڕشی ئازادیخوزای و ڕوخانخوازی لە ئێراندا بکەن. بە تایبەت ئەگەر دەسەڵاتی ئێران ببیتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی هەڕەشەی بێ‌ ئەملاوئەولا دەبێ‌ بۆ سەر وولاتانی جیهان.
گەلانی ستەملێکراوی ئێران!
خەباتی چواردەیەی ئێوەو شۆرشی شەش مانگەی ژینا لە ئێستادا دژ بە ڕژیمی ئاخوندی و لە ڕابردوشدا دژ بە دەسەڵاتی شاهەنشایی، دەریخست کە جەماوەر دەسەڵات و سیستمی دیکتاتۆریی شاهەنشایی و ئاخوندیان ناوێ‌. خەڵکی ئێران دەسەڵاتی دیموکڕاتیکی دەوێ‌، دەسەڵاتێک جەماوەر هەڵیبژێرێ‌ و دیاری بکات. دەسەڵاتێک کە دوور بێ‌ لە دەخالەتی مەزهەب و دەخالەتی هەر باوەڕێکی دیاری کراو، دەسەڵاتێک کە ماف و ئازادیەکانی تێکڕایی نەتەوەو، مەزهەب و باوەرەکان لە ئێران لە بەرچاو بگرێ‌ و ئافرەتان وەک بەشێکی سەرەکی کۆمەڵگە دەوریان لە ئیدارە و بەڕێوبەریدا هەبێ‌.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران کە هێزێکی سەرەکی و خاوەن مێژووی تێکۆشانی بێ‌ پەڵەیە، داکۆکیکاری سەرەکی ئازادیی و بەرابەریی و یەکسانیە، داکۆکی بۆ وەدیهاتنی مافی ئافرەتان لە کوردستان و ئێراندا دەکا. هەر لەو چوارچێوەدا دژایەتی هەر بیرو بۆچونێکی تاکڕەوانەو گروپی فاشیستی و مەزهەبی دەکات بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لە ئیراندا. سازمانی خەبات هێزێکی خەڵکی و شۆرشگێڕە و لە گەڵ هێزە شۆڕشگێرەکانی کوردستانی ئێران نزیکایەتی و هاوکاری دەکا بۆ گەیشتنی گەلی کورد بە ماف و ئازادیەکان، هەر بەم بۆنەوە داوا لە ڕێبەریی هێزو لایەنەکانی کوردستانی ئێران دەکەم، پێکەوە لە چوارچێوەی پلاتفۆرمێکی سیاسیدا لە پێناو ئامانجە ڕەواکانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران هەوڵ و تێکۆشانمان یەک بخەین.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بە کاری هاوبەش لە گەڵ هێزە شۆرش٠گێرە سەرانسەریەکانی ئێران کە باوەڕیان بە دابین کردنی مافەکانی گەلی کورد و گەلانی ئێرانە و باوەڕیان بە حکومەتی سکۆلارو دیموکڕاتیک لە ئێراندا هەیە. هاوپەیمانی و دۆستایەتی سازمانی خەبات و سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران و شۆرای میللی مقاومەتی ئێران لە پێناو دابین کردنی مافی خودموختاری بۆ کوردستانی ئێران و دامەزراندنی حکومەتی دیموکراتیک و نیشتمانی لە ئێران لە سەر بنەمای یەکیتی و تەبابی هێزی شۆڕشگێڕو ئینقلابی و بەرپرس و خاوەن ئیرادەی سیاسی سەربەخۆیە، کە مێژووەکەیان و خەباتیان بۆ خزمەت بە گەلانی ئێران و دابین کردنی ئازادیی تەرخان کردوە.
خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان!
دڵنیاتان دەکەمەوە کە سازمانی خەبات بەردەوام دەبێ‌ لە تێکۆشانی پاک و کەم هەڵەی لە پێناو ئازادیی کوردستانی ئازیز، لە ئیلام،کرماشان، سنەو ورمێ‌ و تێکڕای ناوچەکانی دیکەی کوردستان. داواکارم جێژنی نەورۆز بکەنە هۆیەک بۆ ڕاپەڕین و خەباتی ئازادخوازیی شیلگیرانەتر لەبەرانبەر دەسەڵاتی ستەم و بێدادی ئاخوندی.

جارێکی دیکە بە ناوی خۆم و هاوباوەڕانم لە ڕیزەکانی سازمانی خەبات، سەرەخۆشی بە کەس و کاری شەهیدانی شۆرشی شەش مانگە لە ئێران و کوردستان پێشکەش دەکەم و هەروەها پیرۆزبایی نەورۆز و ساڵی نوێتان پێشکەش دەکەم.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
بابەشێخ حوسەینی
۲۹ ی رەشەمەی ۱٤۰۱ی کۆچی خۆری
۲۰ مارسی ۲۰۲۳ی زایینی


1 ساڵ و 8 مانگ و 1 ڕۆژ و 12 کاتژمێر و 23 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

پەیامی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات بە بۆنەی نەورۆز و ساڵی نوێ‌ ۱٤۰۲ی کۆچی خۆری

پەیامی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات بە بۆنەی نەورۆز و ساڵی نوێ‌ ۱٤۰۲ی کۆچی خۆری

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران