خەباتمێدیا: بەوتەی دامەزراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران، دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، بەتۆمەتی سیخوڕی کردن, سزای لەسێدارەدانی سەپاندۆتە سەر لانیکەم پێنج هاووڵاتیی خەڵکی ئەم شارە و سزای دە ساڵ بەندکرانی سەپاندۆتە سەر پێنج هاووڵاتیی دیکە.
بە پێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان, لقی سێهەمی دادگای ئینقلابی ورمێ حەوتووی ڕابردوو بە تۆمەتی "بەشداری لە هاوکاریی هەواڵگری و سیخوڕی بە سوودی ئیسرائیل سزای لەسیدارەدانی سەپاندۆتە سەر نەسیم نەمازی, وەفا هەنارە, ئارام عومەر بەردیانی, ڕەحمان پرحاز و مەنسوور ڕەسووڵی.
ئەم دادگایە بە سەرۆکایەتی ڕەزا نەجەفزادە، لە کۆتایی مانگی بەفرانباری ساڵی ١٤٠ ١دا، بە تۆمەتی هاوشێوە, سزای دە ساڵ بەندکرانی سەپاندۆتە سەر کامەران هەنارە، فەخرەدین دودکانلوی میلان، ئەشکان عوسمان نژاد گەندوک، حەسەن عومەرپوور و ئەمیرموشتاق گەنگچین.