عەلی خامنەیی، ڕێبەری دیکتاتۆری ڕژیمی ئاخوندی ئێران، لە وتارێکدا لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی هێزە سێقۆڵییەکان، وتی حیجابی زۆری سنوردار کردنی شەریعەت و سیاسەتە و سنووردارکردنی دەوڵەتی نییە و وێڕای دەربڕینی هیوا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی حیجاب، ئەولەویەتی بەپەلەی ئێستای ئەو وڵاتەی باشترکردنی دۆخی ئابووریی و فراوانکردنی پەیوەندییە دەرەکییەکان ناو برد
ڕێبەری دیکتاتۆری ڕژیمی ئاخوندی لە ڕوونکردنەوەی وتەکانیدا هەروەها پابەند نەبوونی ژنانی ئێرانی بە حیجابی زۆری بە "حەرامی شەرعی و یاسایی" و بە پیلانی دژمن ناوبرد.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم سەر بە سپای پاسداران لە ڕووماڵی وتارەکەی خامنەیی و لە زاری ناوبراو, ئابووریی بە "بابەتی یەکەمی وڵات" وەسف کرد و نووسیبووی کە پێویستە دەسەڵاتداران بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان لە "پەیوەندییە دەرەکییەکان" کەڵک وەربگرن. خامنەیی پێداگری لەوە کردەوە کە دامەزراندنی پەیوەندییەکانی دەرەوە "تەنیا پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا و چوار وڵاتی ئەوروپایی" نییە، بەڵکو بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ جیهانی دەرەوە، زۆرتر لە ۲۰۰ وڵات هەن کە دەتوانرێت لەگەڵیان پەیوەندی بێت.
ئەم قسانەی خامنەیی لە کاتێکدایە کە دوابەدوای پەرەسەندنی پەراوێز خستی ڕژیمی ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا، هاوکاریی دوو قۆڵی تاران و مۆسکۆ لە بواری سەربازی و تەکنیکی و هاوئاهەنگی ئەم دوو وڵاتە نیگەرانییەکی زۆری بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل دروست کردووە.
ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆتەقێنی دروستکراوی حکومەتی ئێران بۆ ڕووسیە و بەکارهێنانی لە شەڕی دژ بە ژێرخانی شارەکانی ئۆکراین و لە بەرانبەردا پشتیوانی ڕووسیە لە پێشبردنی بەرنامەی ئەتۆمی ڕژیمی ئێران، لەو خاڵانە بوون کە بەرپرسانی ڕۆژئاوا نیگەرانییەکی زۆریان لێ دەربڕیوە.